لێدوانى سەرۆکى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى تورکیا لەبارەى هەڵبژاردنى ئیستانبولەوە

سەعدی گیوڤەن سەرۆکى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى تورکیا (یەسەکە - YSK) لەبارەى ئەنجامی دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى ئیستانبولەوە و لەبارەى پرۆسەى تانە لێدان لە ئەنجامەکان، کۆنفڕانسێکى رۆژنامەنووسیى بەڕێوەبرد.

سەعدی گیوڤەن سەرۆکى کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکانى تورکیا لەبارەى دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى ئیستانبول، کە دوێنێ ٢٣ی حوزەیرانى ٢٠١٩ / ٢ی پووشپەڕ بەڕێوچوو کۆنفڕانسێکى رۆژنامەنووسیى بەڕێوەبرد.

گیوڤەن رایگەیاند "٨ ملیۆن و ٩٢٥ هەزار و ٦٣ دەنگی دەنگدەران پەسەند کراوە و ١٧٨ هەزار و ٥٩٩ دەنگی پوچەڵ کراوەتەوە. رێژەى بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانى ئیستانبول دا ٨٤.٥% بووە".

راشیگەیاند "ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو ٤ ملیۆن و ٧٤١ هەزار و ٨٦٨ دەنگی بەدەستهێناوە و ئەوەش دەکاتە رێژەى ٥٤.٢١% دەنگەکانى ئیستانبول و لە بەرامبەردا بینالی یڵدرم ٣ ملیۆن و ٩٣٥ هەزار و ٤٥٣ دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە رێژەى ٤٤.٩٩%ی دەنگەکان".

گیوڤەن لەبارەى تانەدان لە هەڵبژاردنەکە و ئەنجامەکەى وتى "رۆژی سێشەممە تاوەکو کاتژمێر ١٥:٠٠ دەتوانن تانەکانیان لە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنى ناوچەکەیان تۆمار بکەن. تانەش لە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنی شارەکەش رۆژی هەینى لە کاتژمێر ١٧:٠٠ دا وەردەگیرێت.لە دواى ئەوانەش تانەکان لە کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان وەردەگیرێن".

ر.م