"لە ئومێدەکەى هەدەپە دەترسن"

بەسیمە کۆنجا پەرلەمانتارى هەدەپە لە کۆبوونەوەى هەڵبژاردندا رایگەیاند "لە رێگەى ئازادیدا ئومێد خوڵقاوە. ئەوەى ئەمڕۆ لێى دەترسن ئەو ئومێدەیە".

لە چوارچێوەى کارەکانى هەڵبژاردندا لە شارەکانى دیلەمۆنت، لینزبۆرگ و باسل لە سویسرا، لە شارەکانى، تولوز، ئاڤیگنۆن و مۆنتپلێر لە فەرەنسا و لە شارەکانى بارۆنچویگ، کۆبلیز، لودویگسبۆرگ و سیلی لە ئەڵمانیا کۆبوونەوەى گەل رێکخرا.

دیلەمۆنت

فاتمە شک باروت هاوسەرۆک شارەوانیى ناوچەى سوورى ئامەد بەشداری کۆبوونەوەى گەل بوو لە شاری دیلەمۆنتی سویسرا و سەرنجى خستەسەر، ئەو شارانەى کوردان کە لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە خاپوور کراون. باروت باسى سووری ٧ هەزار ساڵەى کرد، کە چۆن لەلایەن رژێمەکەى ئاکەپە – مەهەپەوە خاپوور کراوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا پەیامى سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراى هەدەپە بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار خوێندرایەوە.

لینزبۆرگ

دەمیر چەلیک هاووتەبێژى هەدەکە لە ئەوروپا بەشداری کۆبوونەوەى گەل لە شارى لینزبۆرگی سویسیرا بوو و رایگەیاند، دەنگدان لە سویسرا بۆ ماوەى ٥ رۆژ بەردەوام دەبێت. چەلیک داواى لە هەموو دەنگدەران کرد، کە بە خێرایى بچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان و دەنگ بە هەدەپە و دەمیرتاش بدەن.

باسل

لە شاری باسلی سویسرا و بە بەشداریى نوێنەرانى هەدەپە و هاوسەرۆکانى ناوەندى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد کۆبوونەوەى گەل بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا ئەو فرتوفێڵ و ساختەکارییانە، کە فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە لە هەڵبژاردندا ئەنجامی دەدەن خرانەڕوو و باسیان لەسەر کرا. داوا لە دەنگدەرانى ئەوروپا کرا خاوەندارى لە سندوقەکانى دەنگدان بکەن.

تولوز

لە شارى تولوزی فەرەنسا و بە پێشەنگایەتى ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد (نەجەدەکە - NCDK) سەردانى چەندین ماڵ کرا. بەرنامەى هەڵبژاردنى هەدەپە بەسەر ماڵەکاندا بڵاوکرایەوە و داواى پشتیوانیکردن کرا بۆ هەدەپە و دەمیرتاش.

ئاڤیگنۆن

لە شارى ئاڤیگنۆنی فەرەنسا و بە بەشداریى بەسیمە کۆنجا پەرلەمانتارى هەدەپەى کۆبوونەوەیەک لە کۆمەڵەى عەلەوییەکان رێکخرا. کۆنجا باسى لە گرنگیى مێژوویى هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران کرد و وتى "دەنگەکانى ئەوروپا زۆر گرنگن. گرنگیشە دەنگێک بۆ هەدەپە و دەنگێک بۆ دەمیرتاش بێت".

مۆنتپلێر

لە شارى مۆنتپلێری و بە پێشەنگایەتى ژنان، کۆبوونەوەیەک رێکخرا و بەسیمە کۆنجا پەرلەمانتارى هەدەپە بەشدارى کۆبوونەوەکە بوو. لە کۆبوونەوەکەدا باسى ئەوەکرا، کە دەنگدان لە ئەوروپا لە رۆژانى ٧ بۆ ١٩ى حوزەیران بەردەوام دەبێت و داوا لە دەنگدەران کرا دەنگەکانیان بە هەدەپە و دەمیرتاش بدەن.

بارۆنچویگ

لە شاری بارۆنچویگی ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەک رێکخرا و لەبارەى هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیرانەوە ئاگاهیى پێویست خرایەڕوو. لە کۆبوونەوەکەدا دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنى کارەکانى هەڵبژاردنى هەدەپە و دەمیرتاش لەو شارە دامەزرێنرا.

کۆبلیز

لەبارەى هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیرانەوە لە شاری کۆبلیزى ئەڵمانیا کۆبوونەوەى گەل رێکخرا. عوسمان ئەرگین ئەندامی ئەنجوومەنى هەدەپە بەشداری کۆبوونەوەکە بوو و سەرنجى خستە سەر گرنگیى تێپەڕاندنى بەربەستى سەدا ١٠ لەلایەن هەدەپەوە.

لودویگسبۆرگ

ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستان (نەجەدەکە - NCDK) لە شارى لودویگسبۆرگی ئەڵمانیا، کە نزیکەى سەدا ٤٤ى دانیشتوانەکەى کۆچبەر و پەنابەرن کۆبوونەوەیەکى رێکخست. لە کۆبوونەوەکەدا دەستەى هەڵبژاردن دامەزرا و ئەو دەستەیە لە ١٤ ناوچە کاروبارەکانى هەڵبژاردنى هەدەپە و دەمیرتاش بەڕێوەدەبەن.

سیلی

لە شارى سیلی ئەڵمانیا کۆنگرەى ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستان (نەجەدەکە - NCDK) بەڕێوەچوو. لەبارەى هەڵبژاردنەوە کۆبوونەوەیەک بۆ پێدانى زانیاری رێکخرا.  نزیکەى ٤٠٠ کەس بەشدارى کۆبوونەوەکە بوون.

حەسیب کاپڵان، عەلی ئاتالان و تاهیر کۆچەر لە کۆبوونەوەکەدا قسەیان کرد و رایانگەیاند، هەڵبژاردنی ٢٤ى حوزەیران بۆ کورد دەرفەتێکى گەورەیە، بەڵام دەبێت بە باشی سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت.

لە کۆتایى کۆنگرەکەدا کەژێ گەگچی و ئەحمەد یەلتی بۆ هاسەرۆکانی ئەنجوومەنى سیلی هەڵبژێردران.

ر.م