رێکخستنى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە ئیستەنبول بۆ سەرنجڕاکێشانە سەر گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و پشتگیریکردن لە لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و زیندانییە مانگرتووەکانى تر لە گۆڕەپانى ئازادی لە باکرکۆی ئیستەنبول کۆبوونەوەیەکى جەماوەری رێکدەخات.
کۆبوونەوە جەماوەرییەکە لە ژێر دروشمی "ئێمە بۆ رەنج، ئاشتی و دادپەروەری پێکەوە کۆبووینەتەوە" بەڕێوەدەچێت و پەیامی "تاریکیى گۆشەگیری ناهێڵێن!، مەشخەڵانى ئازادی هەڵدەکەین! بە بەرخودانی شۆڕش گەل سەردەکەوێت!" دەخرێتەڕوو.
پۆلیس شەقامی ئینجیرلای بۆ گۆڕەپانى کۆبوونەوە جەماوەرییەکە داخستووە و خاڵی پشکنینى تیادا داناوە. لەسەر هەرشەقام و کۆڵانێکدا ئۆتۆمبێلێکى زرێپۆشی جۆری تۆما و چەند ئۆتۆمبێلى تری زرێپۆش راوەستاون و پۆلیسیش بە ئەسپ بە شەقام و کۆڵانەکاندا دەگەڕێن.
ئەو هاووڵاتییانەى کە روویان لە باکرکۆی کردووە دەبێت لە ٣ خاڵی خاڵی پشکنینى پۆلیسەکانەوە تێپەڕن. هاووڵاتییان لەدوای تێپەڕینى خاڵەکانى پشکنین و بە گەیشتنیان بۆ گۆڕەپانەکە دەستیان بە وتنەوەى دروشم کردووە.
هاوکات گەل بە ئۆتۆمبێل بەرەوە بارەگاى هەدەپە لە ناوچەى باکرکۆی دەڕۆن و بەشێوەى جەماوەری روویان لە گۆڕەپانى کۆبوونەوە جەماوەرییەکە کردووە. لە گۆڕەپانەکەدا پلاتفۆرمێکى گەورە ئامادە کراوە و پۆستەرێک کە لەسەری نووسراوە "لەیلا گیوڤەن مافدارە، دەبێت کۆتایى بە گۆشەگیری بهێنرێت" بەرزکراوەتەوە.
ر.م