لە ئەرمینیا هێرشەکانى دەوڵەتى تورک ئیدانە کران

کوردان لە گوندی دەرکێ لە هەرێمى ئەلەگەزێ لە ئەرمینیا هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و هاوکاریى پەدەکە بۆ داگیرکەرانیان، ئیدانە کرد.

لەلایەن یەکێتیى ژنانى ئازاد لە ئەرمینیا راگەیاندراوێک لە ماڵی گوندی دەرکێ لەوبارەیەوە خوێندرایەوە. چیچەک رزگار ئەندامى یەکێتیى ژنانی ئازاد لە ئەرمینیا وتەیەکى پێشکەشکرد و بانگی لە گەلی کورد بە تایبەتى گەلی باشووری کوردستان کرد، کە لە دژی هەوڵە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک بوەستنەوە.

چیچەک رزگار سەرنجی خستەسەر هاوکارییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) بۆ دەوڵەتى داگیرکەری تورک و وتى "پەدەکە ماوەى ١٠٠ ساڵە دەستکەوتەکانى کورد رادەست دەکات. لە هێڵی هاوکاریکردنى دوژمناندایە. هەر وەک ساڵانى ١٩٩٢ و ١٩٩٧ پشتیوانى لە دەوڵەتى تورکی داگیرکەر دەکات. دوێنێ خانەقین و کەرکوکیان رادەست کرد. ئەمڕۆش ئەو هەرێمانەیان رادەست و پێشکەشی دەوڵەتى تورک دەکات، کە هەزاران ساڵە کورد لە بەرامبەر هێرش و داگیرکەریدا دەپارێزن. ئەوە قبوڵ ناکرێت. لەو ئۆپەراسیۆنە داگیرکەرییەدا هاووڵاتییانى مەدەنى دەکرێنە ئامانج و شەهید دەکرێن. لەلایەکى دیکەوە پەدەکە بۆ ئەوەى پشتیوانى زیاتر لە دەوڵەتى تورکی داگیرکەری فاشیست بکات هاووڵاتییانی گوندەکانى هەرێمەکانى خواکورک – برادۆست ناچار بە چۆڵکردن و جێهێشتنى گوندەکانیان دەکات".

چیچەک رزگار وتیشی، گەورەترین رێگر لە بەردەم هەوڵەکانى رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ دروستکردنى یەکێتیى نەتەوەیى، پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە)یە. پەدەکە چیى لە دەست بێت ئەنجامی دەدات بۆ ئەوەى رێگری لە دروستکردنى یەکێتیى نەتەوەیى کورد بکات.

چیچەک رزگار ئەندامەى یەکێتیى ژنانى ئازاد لە ئەرمینیا لە بەردەوامیى وتەکانیدا رایگەیاند "پەدەکە پشتیوانى لە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەی خوێنمژی کوردان دەکات، بە سیاسەتە بەرتەسک و بەرچاو تەنگەکەی، بە هاوکاریکردنى دوژمنانى کورد لە چوارچێوەى بەرژەوەندیپەرستیى خۆیدا، هەموو دەستکەوتەکانى کوردی رووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە و بەو سیاسەتەى زیانێکى زۆر گەورە بە گەلی کورد دەگەیەنێت".

چیچەک رزگار راشیگەیاند، بە ناوی کوردانی ئەرمینیاوە هێرشەکانى دەوڵەتى تورکی فاشیست و پەدەکەی هاوکاری ئیدانە دەکەین و ئەوەشی راگەیاند "بۆ ئەوەی شەڕی 'براکوژی' روو نەدات بانگ لە پێشمەرگە دێرینەکان و گەلەکەمان لە باشوور دەکەین، کە لە دژی ئەو گەمە چەپەڵانەى ئێستا هۆشیار بن و لە دژی هاوکاریى پەدەکە – ئاکەپە بەرخودان و بەرەنگاری بکەن".

لە کۆتایى وتەکانیدا ئەوەشی وت، بێدەنگی بەرامبەر بە هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک لە باشووری کوردستان بە مانای هاوکاریکردنی ئەو داگیرکەری و ئەو کۆمەڵکوژییانەیە، کە دەوڵەتى تورک و هاوکارەکانى لە باشووری کوردستان ئەنجامی دەدەن.

ر.م