لە ئەلمانیا سکاڵایەک لە دژی فەیسبووک کرایەوە، کە درێژەپێدەری کارەکانى ئەردۆغانە

ئەکادیمیسیەن کەرەم شامبێرگەر بەهۆی بڵاوکردنەوەی راگەیاندراوێک لە ٢٥هەمین ساڵی قەدەغەکردنی پەکەکە هەژماری (ئەکاونتی) فەیسبووکەکەی داخرابوو. لەبەر ئەوە سکاڵای لەدژی فەیسبووک کردەوە و یەکەم دانیشتنی دۆسیەکە لە میونشن بەڕێوەچوو.

ماڵپەڕی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی هاوکارییەکانی لەگەڵ رژێمی ئەردۆغان، سیمبۆل و شرۆڤەکانی تێکۆشانی ئازادی کورد سانسۆر دەکات. هەژماری ئەو کەسانە دادەخات کە ئەو بابەتانە بڵاودەکەنەوە. بەو هۆیەوە لەدژی فەیسبووک لە ئەڵمانیا سکاڵا تۆمار کرا.

چالاکوان کەرەم شامبێرگەر کەسێکی ئەکادیمیسیەن لە بەشی راگەیاندنی زانکۆی میونشن و مانگی تشرینی یەکەم / سەرماوەزی ساڵی رابردوو بەهۆی تێپەربوونی ٢٥ ساڵ بەسەر قەدەغەکردنی پەکەکە راگەیاندراوی کۆمەڵەی ئازادیی لەسەر هەژماری فەیسبووکەکەی بڵاو کردبوەوە، بەڵام بەو هۆیەوە فەیسبووک سانسۆری کردبوو. پۆستەکەی شامبێرگەر سڕایەوە و هەژماری فەیسبووکەکەشی بۆ ماوەیەکی درێژ داخرا.

دانیشتنی یەکەمی کردنەوەی دۆسیە لە دژی "فەیسبووک ئیرلاند لمیتد - Facebook Ireland Limited" لە دادگای کارگێڕیی میونشن بەڕێوەچوو.

ئەکادیمیسیەن و چالاکوان شامبێرگەر رایگەیاند، فەیسبووک ئەو ئازادییەی بیروڕا، کە لە ئەلمانیا بە یاسا دەستەبەر کراوە پێشێل کردووە. فەیسبووکیش لە رێگەی پارێزەرێکەوە لە دانیشتنی یەکەمدا هەوڵی پاراستنی خۆی دا.

پارێزەری فەیسبووک بانگەشەی ئەوەی کرد، پەکەکە رێکخستنێکی "تیرۆر"ە و پارێزنامەیەکی ٣٠ لاپەڕەیی پێشکەشکرد، ئارگۆمێنتەکانی فەیسبووک ئەو بەڵگە و قسانەن، کە چەندین ساڵە دەولەتی تورک لە دژی تێکۆشانی ئازادیی کورد بەکاریان دەهێنێت. پارێزەری فەیسبووک بانگەشەی ئەوەی کرد، کە بڵاوکراوەکەی شامبێرگەر بە واتای پاڵپشتیکردنە لە پەکەکە.

کەرەم شامبێرگەر رایگەیاند، داواکاریی بۆ کۆتایهێنانی قەدەغەی سەر پەکەکە لە ئەڵمانیا داواکارییەکی رەوایە. پێدەچێت بڕیاردان لەو دۆسیەیە لە دانیشتنی دووەم کە دەکەوێتە رۆژی ٢٤ی حوزەیران /٣ ی پوشپەڕ ئاشکرا بکرێت.

کەرەم شامبێرگەر لەسەر دۆسیەکەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و وتی: شتێکی خۆشە کە مرۆڤ فەیسبووک لەسەر کورسی تۆمەتباربوون ببینێت.

 شامبێرگەر وتیشی "فەیسبووک کۆمپانیایەکی گەورەیە، بۆیە لەوانەیە سزا نەدرێت، بەڵام لە بابەتی سانسۆری فەیسبووکدا ئەگەر سکاڵا و گلەیی زۆر ببن و بەردەوام بێت، سەرنجی رای گشتی دەچێتە سەر بابەتەکە".

ر.م