لە ئەوروپا داگیرکاریی تورکیا لە عەفرین ئیدانەکرا

کوردستانیان و دۆستەکانیان بە بۆنەى "رۆژى بەرەنگاربوونەوەى داگیرکەریى تورکیا" لە چەندین وڵات و شارى ئەوروپا رژانە سەر شەقامەکان.

کوردستانیان و دۆستەکانیان بە بۆنەى "رۆژى بەرەنگاربوونەوەى داگیرکەریى تورکیا" لە چەندین وڵات و شارى ئەوروپا رژانە سەر شەقامەکان.

دانیمارک

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە دانیمارک ٢ خۆپیشاندانیان لە دژى داگیرکەریى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر عەفرین ئەنجامدا. خۆپیشاندانى یەکەم لەلایەن پلاتفۆرمی سەیڤ عەفرین (عەفرین بپارێزین) رێکخرا. خۆپیشاندانى دووەمیش بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین و ئیدانەکردنى داگیرکەریى تورکیا لەلایەن، رێکخراوى "دەستپێشخەریى سەردەمی ئاشتی" رێکخرابوو، کە هەموو ساڵێک رێپێوانى ئاشتى بەڕێوە دەبات.

میونخ

هاوکات لە شاری میونخی ئەڵمانیا بە بۆنەى رۆژی ٢٦ى ئایار / ٥ی جۆزەردان، کە وەک رۆژى بەرەنگاریى داگیرکەریى تورکیا لە عەفرین دیاریکراوە، خۆپیشاندانێک لەلایەن پلاتفۆرمی پشتیوانى لە عەفرین بەڕێوەچوو.

ئەسینا

بزووتنەوەى ژنانى کورد لە ئەوروپا (TJK-E) لە شاری ئەسیناى پایتەختى یونان خۆپیشاندانێکیان رێکخست. نوێنەرایەتیى گەنجان لە ئەوروپا، پەیەدە، رێکخراوە سۆسیالیستییەکانى یونان تیایدا بەشداربوون. سەدان کەس ئاڵاکانى پەیەدە، یەپەگە، یەپەژە و تەژەکەیان بەرزکردبووە. هەروەها دروشمەکانى "بژی کورد و کوردستان"، "بکوژ ئەردۆغان"، "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان دەوتەوە و داگیرکەریى تورکیایان لە عەفرین ئیدانەکرد.

ئینسبۆرگ

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شارى ئینسبۆرگی نەمسا رژانە سەر شەقامەکان ون بۆ ماوەى ٢ کاتژمێر خۆپیشاندان و چالاکییان لە دژى داگیرکەریى تورکیا لە عەفرین ئەنجامدا و چەندین راگەیاندراویان لەبارەى داگیرکەریى تورکیا لە عەفرین و تاوانەکانى دەوڵەتى تورکیا بڵاوکردەوە.

گراتس

هاوکات لە شارى گراتسی نەمسا، خۆپیشاندانێکى دیکە لە دژى داگیرکەریى تورکیا لە عەفرین ئەنجامدرا. کوردستانیان و دۆستەکانیان لەو شارەدا پشتیوانیی خۆیان بۆ عەفرین و بەرخۆدانى عەفرین دووپات کردەوە و لەبارەى کۆمەڵکوژى و زوڵم و داگیرکەریى تورکیا چەندین راگەیاندراویان بە ناو خەڵکدا بڵاوکردەوە.

لیگە

لە شارى لیگەى بەلجیکاش چالاکییەکى تر لە دژى داگیرکەریى دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین بەڕێوەچوو. لە چالاکییەکەدا راگەیاندراو لەبارەی هێرشى پاکتاوکارانەی دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانى بڵاوکرایەوە. کوردستانیان و دۆستەکانیان لەگەڵ دووپاتکردنەوەى پشتیوانیان بۆ عەفرین و بەرخۆدانى عەفرین، داگیرکەریى دەوڵەتى تورکیان ئیدانەکرد.

ر.م