لە ئەوروپا و کانادا چالاکییەکان بۆ پشتیوانی لە بەرخودانى لەیلا گیوڤەن بەردەوامن

لە ئەوروپا و کانادا چالاکییەکان بۆ خاوەنداریکردن لە چالاکیى مانگرتنى لەیلا گیوڤەن بەردەوامیى هەیە. لە زنجیرە چالاکییەکانى ئەوروپا و کانادا راگەیاندرا "داواکەى  لەیلا گیوڤەن داواى گەلی کوردە".

لە بەردەوامیى چالاکییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکییەکانی مانگرتن بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن لە ٩ شاری ئەوروپا و کانادا زنجیرەیەک چالاکى رێکخران.

 

بەرلین

لە شاری بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەکی جەماوەری رێکخرا. زوبەیدە بیلگەت هاووتەبێژی کۆنگرەى دیموکراتیکى گەلان (هەدەکە - HDK) لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند "لەیلا گیوڤەن خۆی ناکوژێت، بەڵام لەلایەن فاشیزمەکانەوە دەکوژرێت. گیوڤەن داواى چی دەکات؟ داواى ژیانێکى مرۆییانە و کۆتایهاتن بە گۆشەگیریى سەر رێبەری گەلی کورد".

کۆبوونەوەکە بە وتنەوەى دروشمەکانى "لەیلا گیوڤەن شکۆمانە"، "ژن، ژیان، ئازادی"، "بژی بەرخودانى زیندانەکان" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایى پێهات.

کۆلن

لە شاری کۆلنی ئەڵمانیا بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن و داواکانى و مانگرتووەکانى تر لە زیندانەکانى تورکیا و باکووری کوردستان چالاکییەک ئەنجامدرا. لە چالاکییەکەدا لەگەڵ وێنەکانى لەیلا گیوڤەن چەند پۆستەرێک لەبارەى مانگرتنى بێسنوورەوە بەرزکرانەوە. چالاکوانەکان بۆ هاووڵاتییانى دەورووبەری چالاکییەک باسیان لە ئامانجی چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەن کرد و راگەیاندراویان بەسەر هاووڵاتییاندا بڵاوکردەوە.

 

هامبورگ

لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا دەستەیەک لە ژنان بۆ ئەوەى سەرنج ڕابکێشنە سەر دۆخی مەترسیدار و هەڕەشەکانى سەر ژیانى گیوڤەن چالاکییەکیان ئەنجامدا. ژنان لە چالاکییەکەیاندا لە ناوەڕاستى شارەکەدا چوونە ناو قەفەسێک و بەو شێوەیە گۆشەگیری و دابڕاندنیان بە هاووڵاتییان نیشاندا. هەروەها لەبارەى ئامانجی چالاکییەکەیانەوە راگەیاندراویان بڵاوکردەوە. لە چالاکییەکەدا دروشمی "داواى لەیلا گیوڤەن داواى هەموومانە" وترایەوە.

 

جنێڤ

لە شاری جنێڤی سویسرا رێپێوانێک رێکخرا. کوردستانیان لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ کۆبوونەوە و پۆستەر و وینەکانى ئۆجالان، ئالاکانى پەکەکەیان بەرز کردەوە و بە وتنەوەى دروشم بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆجالان و گیوڤەن دەستیان بە رێپێوان کرد. چالاکییەکە و رێپێوانەکە لە بەردەم وێستگەى سەرەکیى ترەنى شاری جنێڤ بە ئەنجامدانى میتینگێک کۆتایى پێهات.

 

بێرن

ئەندامانى بزووتنەوەى گەنجانى شۆڕشگێڕ لە باهنهۆفپلاتزی شاری بێرنى پایتەختى سویسرا چالاکییەکیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا راگەیاندراو بە زمانى ئەڵمانیى لەبارەى باری تەندروستیى مانگرتوانەوە خوێندرایەوە.  

 

زوریخ

ئەندامانى بزووتنەوەى گەنجانى شۆڕشگێڕ لە بەردەم وێستگەى سەرەکیى ترەنی شاری زوریخ کۆبوونەوە و پۆستەرێک کە لەسەری نووسرابوو "کات کاتی راپەڕینە لە دژی گۆشەگیری" یە هەڵکرد. گەنجان بۆ ئەوەى سەرنج رابکێشنە سەر گۆشەگیری و چالاکییەکانى مانگرتن، راگەیاندراویان بە زمانى ئەڵمانى بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکرد.

 

ئاراو

گەنجان لە شاری ئاراوی وڵاتى سویسرا لە بەردەم وێستگەى ناوەندیى ترەنى ئەو شارە کۆبوونەوە و گۆشەگیرییان ئیدانە کرد. گەنجان رایانگەیاند، تاوەکو داواکانى لەیلا گیوڤەن جێبەجێ نەکرێن بە بێ راوەستان بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان.

تۆرنتۆ

لە شاری تۆرنتۆی کانادا چالاکیى مانگرتنى بێسنووری کوردستانى یوسف ئیبا لە ٩هەمین رۆژدایە. لە تۆرنتۆ کۆبوونەوەیەکى گەل رێکخرا و داوا کرا چالاکییەکان زیاتر بکرێن.

 

بۆردو

چالاکوانانى بزووتنەوەى گەنجانى شۆڕشگێڕ لە شاری بۆردوی فەرەنسا چالاکییەکى ناڕەزایەتى مەدەنییان ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا راگەیاندراو لەبارەى چالاکییەکانى مانگرتنەوە بەسەر هاووڵاتییاندا بڵاوکرانەوە. گەنجان لە چالاکییەکەیاندا رایانگەیاند، تاوەکو ئازادیى ئۆجالان بەردەوامى بە چالاکییەکانیان دەدەن و باجەکەشی هەرچییەک بێت دەیدەن. لە کۆتایى چالاکییەکەدا سرودی "چەرخی شۆڕش" وترایەوە.

ر.م