لە ئەڵمانیا کوشتی و لە باشووری کوردستان دەستگیر کرا

کەسێک لە ئەڵمانیا کچێکی تەمەن ١٤ ساڵانی کوشت و بەرەو باشووری کوردستان هەڵهات. لەوێ دەستگیرکرا و دانی بە تاوانەکەیدا نا.

کەسێک بە ناوی عەلی بەشار كه‌ لە مانگی تشرینی دووه‌می ٢٠١٥ له‌ كاتی شه‌پۆلی پەنابەران ڕووی له‌ ئه‌ڵمانیا كرد، تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە ڕۆژی ٢٢ یان ٢٣ ی ئایاری ئه‌مساڵ، کچێکی تەمەن ١٤ ساڵانی بەناوی سوزانا فێلدمان، لەناوەندی ڤیبادین-ی ئەڵمانیا کوشتووه‌.

بەشار تەمەنی ٢٠ ساڵانه‌ و مافی پێدانی په‌نابه‌ره‌تی له‌ ئه‌ڵمانیا ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌، دواتریش لە خێزانەکەی خۆی جیابووه‌ته‌وه‌. لەو کاتەی کە بڕیاری ڕەتکردنەوەی مافی په‌نابه‌ره‌تی پێدرابوو، کچێکی ئه‌ڵمانیش دیار نەمابوو و تەرمەکەشی نەدۆزرابوویەوە. له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی کە بەشار ئەڵمانیای بەجێهێشتبوو، ڕێگەی لەبەردەم بۆچوونه‌كان ده‌رباره‌ی کاریگەریی پۆلیسی ئەڵمانیا کردەوە.

پۆلیسی دهۆک ڕایگه‌یاند، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێیان ڕاگەیاندوون بنەماڵەیەک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ گومانلێکراوێكیان له‌نێودایه‌ کە گومانی کوشتی كه‌سێكی لێ ده‌كرێت. ڕاگه‌یه‌ندرا کە ئەو کەسە ڕۆژی هەینی لە هۆتێلێکدا لە زاخۆ دەستگیرکراوە.

بەرپرسی پۆلیسی دهۆک تارق ئەحمەد به‌ ئاژانسی هەواڵیی فەرەنسی ڕاگه‌یاند، عه‌لی به‌شار كه‌ دەستگیرکراوە، لەکاتی لێکۆڵێنەوەدا دانی بەوەدا ناوە کە كچه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ی کوشتووە. گوتیشی: ناوبراو باسی لەوە کردووە کە لەسەر بابەتێک لەگەڵ سوزانا فێلدمان ڕێکنەکەوتوون و پێی گوتووە کە پۆلیسی بۆ بانگ دەکات، بۆیە ئەویش کوشتوویەتی.

به‌رپرسێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوو ڕایگەیاند، عه‌لی بەشار له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا به‌مه‌به‌ستی دادگه‌ییكردن ڕه‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌كرێته‌وه‌.

s.m