لە ئەڵمانیا کۆنفرانسێک بۆ گفتوگۆ لەبارەى قەدەغەى سەر پەکەکە رێکدەخرێت

قەدەغەکاریى دەوڵەتى ئەڵمانیا بۆ سەر پەکەکە لە مانگی داهاتوودا دەبێتە ٢٥ ساڵ. لەسەر ئەو قەدەغەکارییە لە رۆژی ٢٠ی تشرینى یەکەمدا کۆنفرانسێک بە بەشداریى ژمارەیەکى زۆر یاساناس و پارێزەرانی مافەکانى مرۆڤ رێکدەخرێت.

قەدەغەی سەر پەکەکە لە رۆژی ٢٦ی تشرینى دووەمی ١٩٩٣ / ٥ی سەرماوەز و لەسەر بڕیارى حکومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا دەستیپێکرد. قەدەغەى سەر پەکەکە لە مانگی داهاتوودا دەچێتە ٢٥هەمین ساڵییەوە. لەو ٢٥ ساڵەدا سەدان کورد لە ئەڵمانیا دەستگیر و زیندانیکران، سزای دارایى دران و هەوڵێکى زۆر درا بۆ گۆشەگیرکردن و پەراوێزخستنى تێکۆشانى ئازادیى گەلی کورد. ژمارەیەکى زۆر لە کەسایەتى و پەرلەمانتار و داکۆکیکاری مافەکانى مرۆڤ جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەو قەدەغەکارییە زیانی دەبێت بۆ دیموکراسیى ئەڵمانیا.

لە هەفتەى داهاتوودا کۆنفرانسێک لەبارەی قەدەغەکاریى سەر پەکەکە رێکخدەخرێت و تیایدا باس لە زیانەکانى ئەو قەدەغەکارییە بۆ سەر گەلی کورد و دیموکراسیى ئەڵمانیا دەکرێت.

کۆنفرانسەکە لە بینای کارڵ لیبکنەیت هاوس لە ژێر ناوی "٢٥ ساڵ قەدەغەى سەر پەکەکە – ٢٥ ساڵ دیموکراسی لە خزمەتى سیاسەتى دەرەوەى ئەڵمانیادا" بەڕێوەدەچێت. کۆنفرانسەکە سەرلەبەیانیى رۆژی ٢٠ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ دەستپێدەکات و تا ئێوارە بەردەوام دەبێت.

کۆنفرانسەکە لەلایەن کۆمەڵەى ئازادی کە بۆ ئازادیى سیاسەتمەدارە زیندانیکراوەکانى کورد لە ئەڵمانیا کار دەکات، کۆمەڵەى نێونەتەوەیى بۆ مافەکانى مرۆڤ و دیموکراسی (ماف داد - MAF-DAD)، کۆمەڵەى یاساناسان بۆ دیموکراسی و مافەکانى مرۆڤ (EJDM/ELDH) و بەڕێوەبەرایەتیى فیدراڵی رۆت هێلەفە (Rote Hilfe) رێکدەخرێت.

پسپۆڕان باسی زیانەکانى قەدەغەکارییەکە دەکەن

لە کۆنفرانسەکەدا ئەو کەسانەى کە لە بەرامبەر ئەو قەدەغەکارییە تێکۆشاون و کەسانی پسپۆڕی یاساناس لە دەوری یەک کۆدەبنەوە. کۆنفرانسەکە بە وتەى هەر یەک لە ئیدت لۆنئیڤا پارێزەری ئەو سیاسەتمەدارە کوردانە، کە لە ساڵی ١٩٨٨دا لە دوسلدۆرفی ئەڵمانیا دادگایى کران، محەمەد دەمیر سیاسەتمەداری کورد و مۆنیکا ڤییەر خەباتکاری کۆمەڵەى ئازادى دەستپێدەکات و دوابەدواى ئەوانیش چەندین کەسی پسپۆڕ و شارەزا بابەت پێشکەش دەکەن.

لە کۆنفرانسەکەدا لێکدانەوە بۆ قەدەغەى سەر پەکەکە لە چوارچێوەى مافە یاساییەکان لە یەکێتیى ئەوروپا و وڵاتانى تردا دەکرێت.  پسپۆڕان سەرنج دەخەنە سەر سیاسەت لەبارەى تێکۆشانی ئازادیى گەلی کورد لە ئاستى نێودەوڵەتیدا.

ناوی ئەو کەسانەى لە کۆنفرانسەکەدا بابەت پێشکەش دەکەن بریتین لە: پارێزەر جان فریمۆن، کە لە بەلجیکا بەشداریى دانیشتنى دادگا بۆ بەرگریکردن لە پەکەکە بوو و لە ئەنجامدا دادگای باڵاى بەلجیکا بڕیاردا کە 'پەکەکە رێکخستنێکى تیرۆریسى نییە"، پارێزەر تامارا بوروما بەشداربووی دانیشتنى دادگای یەکێتیى ئەوروپا بۆ بەرگریکردن لە پەکەکە بە ناوی 'بۆ ئەوەى پەکەکە لە لیستى رێکخستنە تیرۆریستییەکانى یەکێتیى ئەوروپادا دەربهێنرێت'، لوکاس تۆینە پارێزەری سیاسەتمەدارە کوردەکان کە لە ئەڵمانیا زیندانیکراون، دکتۆر  پییەر شتۆلە سەرۆکی کۆمەڵەى پارێزەرانى کۆماریپارێز، یورگن هاپە سەرنووسەری پێشووی بەرنامەى (دەبلیو دی ئاڕ - WDR) لە تەلەفزیۆنى رۆژئاواى ئەڵمانیا (WDF)، جانسو ئۆزدەمیر پەرلەمانتاری ئەیالەتى هامبورگ، هاینەر بوش بەڕێوەبەری کۆمیتەى دیموکراسی و مافە بنەڕەتییەکان.

ر.م