ئۆجالان: ڕێککەوتنی دیموکراتیی و سیاسەتی ئازاد، ڕاستترین ڕێچارەیە

پارێزەرانی بیرۆی حقوقی سەدە پاش سەردانیان بۆ ئیمرالی و دیداریان لەگەڵ ئۆجالان لە بارەی سەردانەکە و ناوەڕۆکی دیداریەکە زانیاریان داوە و لە سەر زاری ئۆجالانەوە ڕایانگەیاندووە: "هێڵی سێهەم و ڕێککەوتنی دیموکراتیی و سیاسەتی ئازاد، ڕاستترین ڕێچارەیە".

لە ڕێککەوتی ۱۸ی حوزەیرانی ئەم ساڵدا، پارێزەرانی بیرۆی حقوقی سەدە سەردانی دورگەی ئیمرالیان کرد بوو و چاویان بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کەوتبوو. کەمێک پێش ئێستا پارێزەران سەبارەت بە سەردانەکە و ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنەکە بەڕاگەیەندراوێک زانیاریان بۆ ڕا یگشتی داوە و تەواوی پەیامی ئۆجالانیان بڵاو کردەوە.

تەواوی ڕاگەیەندراوی پارێزەران و پەیامەکەی ئۆجالان:

"لە ڕێککەوتی ۱۸ی حوزەیرانی ۲۰۱۹دا، لە گرتووخانەی ئیمرالی لەگەڵ بریگرتەکەمان بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دیدار و چاوپێکەوتنمان ئەنجامدا. بەڕێز ئۆجالان لەم دیدارەشدا وەک دیدار و چاوپێکەوتنەکانی ڕابردوو، زۆر مژار و بابەتی هەڵسەنگاند و لە بارەیانەوە دید و بۆچوونی خۆی دەربڕی. پەیوەست بەوەش بە چڕی ڕاوەستەی کرد لە سەر مژارەکانی وەک: (مانگرتن لە خواردن، پەیوەندیەکانی نێوان کورد و تورک، کلتور، کەسایەتی و مێژووی کورد، دۆخ و گەنگەشە لە سوریا و باکوری سوریا، هەل و دەرفەتی ڕێبازەکانی سیاسەتی دیموکراتیی-ڕێککەوتن ”پەیمان“ی دیموکراتیی، سیاسەتی ڕۆژانە و گەنگەشە و ڕووداوەکانی تورکیا) و بەفراوانی هەڵسەنگاندنی بۆ کردن".

"بەڕێز ئۆجالان هاوکات دەربارەی دۆخی ڕۆژانە و گەنگەشەکان و بە گوێرەی دەرفەت و ئیمکانێک کە هەیە دەقێکی نوسیوەتەوە و خوازیار بوو ئەو دەقە و ناوەڕۆکی دیدارەکەمان، سەرەتا بگەیەندرێتە هەدەپە و قسەوباسی لە سەر بکرێت، چونکە پەیامەکە بەر لە هەر کەس و لایەک هەدەپەی بە موخاتەب گرتووە. لە سەر ئەو بنەمایەش ئێمە (پارێزەرانی بیرۆی حقوقی سەدە) یەپام و ناوەڕۆکی دیدار و چاوپێکەوتنەمان گەیاندە هەدەپە و پێکەوە گفتوگۆمان لە سەر کرد و پێکەوە بڕیارمان دا، تا لە ۲۱ی حوزەیران واتە ئەمڕۆ هەینی هەمان پەیام و ناوەڕۆکی دیدرامان لە ئیمرالی بۆ ڕای گشتییش بڵاو بکەینەوە. پەیوەست بەمەش بەتایبەتی جەخت دەکەینەوە؛ پەیام و ناوڕۆکی دیدارەکە بێجگە لەگەڵ موخاتەبانێکە کە ئاڕاستەیان کراوە، نەگەیندراوەتە هیچ کەس و لایەکی دیکە و گفتوگۆی لە بارەوە نەکراوە".

"کاتێک ئێمە سەرقاڵی پلانسازی و ئامادەکاری بووین بۆ دیدارەکەمان، لە میدیاکانەوە زانیمان کە کەسێک بەناوی عەلی کەمال ئۆزجان بانگەشەی کردووە؛ ئێوارەی ڕۆژی ٥ شەممە هەوڵی داوە پەیوەندی بە پارێزەرانی بیرۆی حقوقی سەدەوە بکات و وتویەتی، گوایا چووەتە ئیمرالی و دیداری ئەنجام داوە. زانیاری لە بەردەستی ئێمەدا نەبوو تا بیسەلمێنێت کەسێک کە پارێزەر نەبێت سەردانی ئیمرالی بکات. لە ڕێککەوتی ۲ ئایار بە دواوە، لە هەموو دیدارەکاندا ئێمە پەیامی بریگرتەکەمان سەرەتا گەیاندوەتە موخەتاەبەکان و پاشان بۆ ڕای گشتیی بڵاومان کردووەتەوە. باشیش ئاگارادری پێگە و بارستایی بریگرتەکەمانین لە نێو کۆمەڵگە و سیاستدا. بۆیە لە لێدوانەکانماندا هەوڵدەدەین بە وریای و بەرپرسیارانە زانیاری و پەیامەکان بگەیەنین. لەو کاتەشەوە هەر کەس و لایەنێک ویستبێتێ سەبارەت بە بریگرتەکەمان لێمان نزیک بێتەوە و بکەوێتە پەیوەندییەوە، ئێمەش بەناچاری بەوریایی و بەرپرسیاریەتییەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەین و لێی نزیک ببینەوە، بەتایبەتی لە بارەی ئەنجامدانی دیدارێکی کە ئۆزجان بانگەی بۆ دەکات و شێوازی بڵاوکردنەوەی بۆ ڕای گشتیی و دەستەواژەگەلێک کە بەکاری هێناون تەنها پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە و تا لەگەڵ بریگرتەکەمان دیدار ئەنجام نەدەین، ناتوانیین ئەرێی بکەین و وەڵامی بدەینەوە".

"دەقێک کە بەڕێز ئۆجالان لە میانی دیدارەکەماندا نوسیویەتی لە بەشێکی لێدوانەکەماندا بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین. بەڕێز ئۆجالان وتی: "لە ناوەڕۆکی دەقەکەدا دید و بۆچوون و پێشنیارەکانی خۆی خستووەتە ڕوو. جەختی کردووە بۆ چارەسەری پەیامی بەرفراوانی هەبن و ئەوەش ئەو ناو ناوە (هیوا). جارێکی دیکە سەرنجی خستەسەر زەمینەی دژایەتیکردن کە لە دیدارەکانی پێشوودا باسی لێوە کردبوو و وتی؛ دەبێت هێڵی سێهەمین بپارێزرێت. بەڕێز ئۆجالان جەختی کردووە؛ دەبێت هیچ دوودڵیەک لە بارەی (ڕێککەوتن ”پەیمانی“ی دیموکراتیی)ـەوە نەبێت. دەبێت هەدەپە هێڵی سێهەمین بۆ خۆی بە بنەما بگرێت و ئەوەش بپارێزت. وتیشی؛ ئەو ڕەوشی دوودڵیی و دووفاقییە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە هەیە. لە هەلومەرجێکی وەهادا ئافڕاندن و بەڕێۋەبردنی ڕێککەوتنی دیموکراسیی و هەدەپە کە وەک پارتێک لە سەر بنەمای هێڵی سێهەمین دامەزاوە، کارێکی مەترسیدار و بوێرانەیە و وەک کاتالیزۆرێکی سیاسەتی چارەسەرییە، کە دانوستانی دیموکراتی بخوڵقێنت و بانگهێشتێکە بۆ دیموکراتیبوونی سەرجەم ڕێکخستنە سیاسییەکان.

"بەڕێز ئۆجالان وتیشی: "کەشی ڕێککەوتنی دیموکراتیی کە لە نێو هەدەپەدا چەکەرەی کردووە وجێگیربووە، نا بێت ببێتە ئامرازێک بۆ گفتوگۆی ڕۆژانەی هەڵبژاردن. بەڵکو مەبەست لێی ڕێککەوتنی کۆمەڵگەیە و وەلاوەنانی ئەو دووفاقی و دوودڵییە کە پەیوەست بەوە هەیە. هەدەپە دەبێت ڕێبازی خۆی بپارێزێت و خۆی لە گوتە و شەڕ و سیاسەتی سوکایەتی-پێکەر و دیماگۆگی بەدوور بگرێت. بەڕێز ئۆجالان جەختی کردووە؛ وێڕای هەموو ئەمانەش هەدەپە خۆی داڕێژەی شێوازی خەبات و بڕیاردانە. بەڕێزیان وتیشی؛ هەدەپە پارتێکی خاوەن ڕێککەوتنی دیموکراتیی و دانوستانی دیمکراتیکە. بۆ پێکهێنانی ئەوەش دەبێت بە ڕێککەوتنەکانی خۆی بەهێزتر بکات. لە بچوکترین ڕێکخستنی نێو کۆمەڵگەوە، لە گوندەوە تا باڵاترین ئاست، ڕۆژانە کێشەگەلێکی زۆر هەن، هەموو ئەو کێشانەش پەیوەستن بە بواری سیاسەتەوە و دەبێت سیاسەت ڕێچارەیەکی دیموکراتییان بۆ بئافڕێنێ".

بەڕێز ئۆجالان دەستنیشانی کرد؛ لە سەر سێ بنەمای(ڕێککەوتن ”پەیمان“ی دیموکراتیی، سیاسەتی ئازاد، حقوقی گەردوونی) دەبێت سیاسەتی دیموکراتیی بخوڵقێنرێت. ئەو بۆ حقوقی گەردوونیش ڕێککەوتن (پەیمان)ی دەستوری بنەڕەتی دیموکراتیی پێشنیار کرد و وتی؛ لە ناو حقوقی گەردوونیدا دەتوانرێت دەستوری بنەڕەتی دیموکراتیی بئافڕێنرێت. بەبیریشی هێنایەوە لەو ۷ خاڵەی لە یەکەمین دیداردا باسی لێوەکردوون، ئاماژەی بە ڕێککەوتن (پەیمان)ی دیموکراتییش کردووە".

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان کورد و تورک وەک جارەکانی ڕابردوو ڕێزدار ئۆجالان ئەم جارەش جەختی لەسەر کردەوە و وتی: "پەیوەندی نێوان کورد و تورک بەرامبەر بە یەکە، کورد نەبوایە تورک بوونی نەبوو، ئەوەی کە لە مەلازگر-وە دەروازەکانی ئاناتۆلیای بۆ تورک کردەوە کورد بوو. بۆ عوسمانیەکانیش بە هەمان شێوەیە و لە چاڵدران و مەرجیدابک بە ڕێکەوتن و هاوپەیمانی لەگەڵ کورد پێشڕەویان کرد. وتیشی؛ ڕەوشەکە تاکلایەنە نییە، بۆ کوردیش وەهایە. بە گوێرەی بەڕێز ئۆجالان دەبێت لێپرسینەوە بکرێت و ئاشکرا بکرێت ئەو ڕێککەوتن و پەیمانەی نێوان کورد و تورک لە کەیەوە، چۆن و کێ کۆتایی پێهێناوە و کامە لا و هێز هۆکاری ئەوە بوون؟ جەختیکردەو؛ لە پاش ئەوەی ئەو ڕێککەوتن و پەیمانە هەڵوەشایەوە ئیتر ڕاپەڕین-گەلێکی زۆر لە کوردستان ڕوویاندا، قڕکردنی مەزن ئەنجام دران. دەستنیشایشی کرد؛ ڕێبازی خۆی جودایە، وێڕای ئەو ڕووداوانەی کە لە ٤۰ ساڵی ڕابردوودا کەوتنەوە، بەردەوام کۆمەڵکوژی مەزنتری ئاستەنگ کردووە و ئەوەش هەموو کەس باش دەیزانێت".

"ئۆجالان سەبارەت بە دید و بۆچوونی لە بارەی ڕێبازەکانی خۆی بۆ سیاسەت ڕایگەیاند؛ تا بە ئەمڕۆ بە فکر و ئافڕێنەری هەوڵی داوە سیاسەت بکات و کێشەکان چارەسەر بکات. بۆ ئەوەش سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو هەرازان کەسەی پەیوەستن پێوەی، بەتایبەتی ئەوانەی بەشداری مانگرتن لە خواردن و ڕۆژی مردن دژ بە گۆشەگیرکردنی بوون و وتی؛ وێڕای ئەوەش ناڕازیم و قبوڵ ناکەم هێشتا ئەوەندە کاروبار و کێشەی کۆمەڵایەتی هەن چارەسەر نەکراون. ئاشکرای کرد، هەموو ئەو کاروبار و کێشانە خرانەتە سەرشانی ئەو. جەختی کردووە، تەنها فیدارکاری بەس نییە. بە ئەقڵ، ئافڕێنەری و سیاسەت هەر کەس دەتوانێت هەندێک شت بکات و بەشێک لە کێشە کەڵەکەبووەکان چارەسەر بکات. وتیشی؛  بەپەرۆشە بۆ شارەداری دیموکراتیی، تا ببینێت تا چەندە پێش دەکەوێت و کێشەکانی کۆمەڵگە چارەسەر دەکات".

"بەڕێز ئۆجالان مژاری سوریاشی لە دۆخێکدا کە ئیمکان هەیە گرنگ بینی وتی: پێویستە کورد بە ئاواکردنی پەیوەندی سیاسی لەگەڵ عەرەب و گەلانی دیکە، دەوڵەتی سوریا ڕازی بە چارەسەری لە ڕێ دەستوری بنەڕەتییەوە بکات. ئەوەش لە بەرامبەر ڕوخاند و لەناوبردن تاکە ڕێگای چارەسەرییە".

"لە بابەتی کەسایەتی و مێژووی کورددا ڕێزدار ئۆجالان ڕایگەیاند؛ وێڕای ئەوەی ٤۰۰ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتاش سایەی مەم و زین بە سەر جزیرەوەیە. کاتێک کلتور، جوگرافیا و مێژووی جزیری هەڵدەسەنگاند سەرنجی خستەسەر کچە کوردی ئێزیدی بێریڤان کە لە مێژووی جزیردا کەسایەتییەکی گرنگە و لە بارەی ئێزیدیەکانەوە قسەی کرد و پاشان وتی؛ کلتوری کورد بە شێوازێکی ڕاست و دورست فێر ناکرێت و ناگەیەندرێت، ڕەوشێکی ترسناکە کە هێشتا کورد زمانی کوردی فێری منداڵەکانیان ناکەن.

لەگەڵ ڕێزمان
بیرۆی حقوقی سەدە/ ۲۱/۰٦/۲۰۱۹

دەقی پەیامی نووسراوی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان

بۆ ڕای گشتی

لە چوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییه‌ کەسییەی خۆمدا کە بەبۆنەی کۆتایی هێنان بە ڕۆژووی مردن و مانگرتن لە خواردن بەکارم هێنا، بەگوێرەی بارودۆخ و ڕووداوی مومكین، به‌ پێویستم زانی ئەم په‌یامه‌ ئاڕاستەی ڕای گشتی بکەم.

من باسم لە هەڵوێستێكی قووڵتر و كراوه‌ كرد ده‌رباره‌ی پڕۆسه‌ی چارەسەری. بەگوێرەی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ سه‌یری دۆخه‌كه‌م كرد. ئه‌و شێوازه‌ی کە مۆری خۆی لە قۆناغی پاش پڕۆسه‌ی چارەسەری دا، ئەوەی کە درێژه بە نەریتی دووڵی لە تورکیا دەدات و هەمیشە ڕێ بۆ شەڕ و ناكۆكی دەکاتەوە، کێشەی کورد و هەموو کێشە کۆمەڵایه‌تییه‌كانی دژوارتر کردووە. لە دژی ئەم حه‌قیقه‌ته‌ی کە له‌ هاوپەیمانه‌تیی جمهوور و میلله‌ت ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌، بژارده‌ی هاوپه‌یمانه‌تیی دیموکراتی کە لە  هەدەپەدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ و دانوستانی دیموکراتی، چارەسەری بۆ خۆی بەبنەما دەگرێت.

پێویسته‌ ببینرێت كه‌ لە داهاتوودا كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناوخۆ‌، كێشه‌ هه‌رێمی و جیهانییه‌كان زیاتر ته‌شه‌نه‌ ده‌كه‌ن. بۆیە زۆر گرنگ و واتاداره‌ كه‌ ئه‌م هه‌ڵوێستی هێڵی سێیه‌مینه‌ بپارێزرێت. لەم چوارچێوەیەدا نابێت ده‌رفه‌تی هاوپه‌یمانه‌تیی دیموکراتی کە لە هەدەپەدا چەکەرەی کردووە، ببێتە بابه‌تێك بۆ گفتوگۆی ڕۆژانەی هەڵبژاردن. وه‌ك ئه‌وه‌ی تا ئێستا كردوویه‌تی، پێویسته‌ به‌رده‌وام بێت و گرنگیی هاوپه‌یمانه‌تیی دیموکراتی و واتا مێژووییه‌كه‌ی تێكه‌ڵی ناكۆكییه‌كانی ئێستا نه‌كات. دەبێت لە هەڵبژاردنیشدا پارێزگاری لەوە بکرێت و لەسەر هێڵی بێلایەنیی خۆی بمێنێته‌وه‌.

ئەو هێڵه‌ی لەسه‌ر سێ بنەمای؛ ڕێککەوتنی دیموکراتی، سیاسەتی ئازاد و حقووقی گەردوونی پێکدێت، ڕاسترین پلاتفۆرمی سیاسی و ئافراندنی ئەنجامە. بانگی هەموو هێزە پەیوەندیدارەکان دەکەم كه‌ لەم چوارچێوەیەدا وریا و ئاگادار بن.

زیندانی داخراوی ئیمڕاڵی - ١٨ی حوزه‌یرانی ٢٠١٩
عه‌بدوڵا ئۆجالان


هـ. هـ"