لە برێمن خۆپیشاندان لە دژی فاشیزم بەڕێوەچوو

لە شاری برێمنی ئەڵمانیا خۆپیشاندان لە دژی فاشیزم رێکخرا.

خۆپیشاندانەکە لە ٤ قۆڵەوە دەستیپێکرد و بە بەشداریى ٥ هەزار کەس بەڕێوەچوو. کوردستانیانی برێمن بە بەهێزی و چالاکانە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد.

نوێنەری کۆمیتەى ئامادەکاری خۆپیشاندانەکە لە وتەکانیدا رایگەیاند، هەڵبژاردنى خۆجێى ئەیالەتى برێمن نزیک بووەتەوە و راشیگەیاند، هەر دوو حیزبی راستڕەوی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD) و توڕەیى هاووڵاتییان (BIW) هەڕەشەن بۆ سەر کۆمەڵگە.

دیلان کۆچ بە ناوی کوردستانیانەوە وتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند "کورد باش دەزانێت فاشیزم بە چ مانایەک دێت، چونکە بە هۆی ئەو عەقڵییەتە (عەقڵییەتى فاشیزم)ەوە سەدان کورد کوژراون".

کۆچ سەرنجی خستە سەر بەرخودانى مانگرتن و رۆژووی مردن و ئاماژەى بەوەکرد، ئەوان لە فاشیزم ناترسن و ئەو بەرخودانە بۆ گەشەدانە بە تێکۆشانی بەرخودان.

کۆچ ئاماژەى بەوەشکرد "بەڕێز ئۆجالان سیمبولی ئازادییە، بەڵام گۆشەگیریى بەسەردا سەپێنراوە".

ئەوەشی راگەیاند، بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری دەبێت فاشیزم تێکبشکێنرێت و بۆ هەڵبژاردنى ئەمڕۆش بانگەوازی کرد، دەنگ بەو حیزبانە نەدرێت کە عەقڵییەتى فاشیزمیان هەیە.

ر.م