لە بەرامبەر هەر کتێبێکى کوردیدا داواى هەزار لیرەى تورکی لە زیندانیان دەکرێت

رۆژنامەنووسانی زیندانیکراو محەمەد گیولەش و ئیدریس یلماز بۆ ئەوەى کتێبی کوردییان لە زینداندا بە دەست بگات، داواى پارەى وەرگێڕ بۆ کتێبەکانیان لێکراوە.

محەمەد گیولەش و ئیدریس یلماز رۆژنامەنووسانى زیندانیکراو، کە لە گرتوخانەى ژمارە یەکى ئەمنیى باڵاى خارپێت زیندانیکراون رایانگەیاند، گوشارى دەروونیان لەسەر زیاتر کراوە و رێگایان پێنادرێت نامە بنووس و ئەو نامانەى کە بۆیان دەڕوات پێیان نادەن و کاتێکش داواى کتێبى کوردى دەکەن، داواى پارەیان لێدەکەن.

"پاسەوانان و بەرپرسانى زیندانەکە سرودى نەژادپەرستانە دەڵێنەوە"

زەلال پەلین دۆغان رۆژی ٢٥ى تەمووزی ٢٠١٨ لە بەشی ماف و یاساى کۆمەڵەى کاروباری مافەکانى میدیا (MLSA) سەردانى گیولەش و یلمازى کرد و رایگەیاند، ئەو نامە و فاکسانەى بۆیان نێردراوە، پێیان نەدراوە. گوشارى دەروونیشیان لەسەر دروستکراوە و ئەو گوشارەش روو لە زیادبوون دەکات و پاسەوان و بەڕێوەبەرانى زیندان بە شەودا دەیکەنە هاتوهاوار و زیندانییەکان لە خەو هەڵدەستێنن و سرودى نەژادپەرستانە دەڵێنەوە.

دۆغان ئەوەشى وت "رێگایان پێنادرێت لەگەڵ زیندانییەکانى تر دانیشن و قسەیان لەگەڵ بکەن. کاتێک دەیانبەن بۆ شوێنێک و دەیانگوێزنەوە رێگایان پێنادەن سڵاو لە زیندانییەکانى تر بکەن".

زەلال پەلین دۆغان وتیشی، یلماز پێى وتوە، کاتێک زیندانییەکان داواى کتێبى کوردى دەکەن، بۆ وەرگێڕ داواى هەزار ١٠٠٠ لیرەى تورکی لەو زیندانییە دەکەن، کە داواى کتێبەکەى کردووە.

ر.م