لە بەرلین خۆپیشاندانێکی جەماوەری لەدژی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا بەڕێوە چوو

بە دەسپێشخەری پلاتفۆرمی' ئەردۆغان بەخێرنەهاتی' بانگهێشت کردنی سەرۆک کۆماری تورک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەلایەن دەوڵەتی ئەڵمانیاوە بە خۆپیشاندانێکی جەماوەری شەرمەزارکرا.

چالاکییەکە کە بەزۆری لە هاووڵاتیانی ئەڵمانی پێکهاتبوو و بەهەزاران کەس بەشداری ڕێپێوانەکە بوون، لە خۆپیشانددانەکەدا دروشمی ' تێرۆریست ئەردۆغان' و ' ئەردۆغان بۆ جەهەنەم' شەقامەکانی هەژاند.

سەرۆک کۆماری تورک ڕەجەب تەیەب ئەردۆغان دوێنێ بەرە بەیانی چاوی بە سەرۆک کۆماری ئەڵمانیا فرانک واڵتر کەوت. سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتی هاووڵاتیانی ئەڵمانیا پێشوازی لێکراو چاوی بە ئانگلا مێرکێل سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا کەوت.

لە مەیدانی ' پۆتسدامەر پلاتز' لە نزیک هۆتلی مانەوەی ئەردۆغان ئەم ئێوارەیە بە هەزاران کەس کۆبونەوە و دەستیان بە ڕێپێوانێکی جەماوەری کرد. ڕێپێوانەکە بە دەسپێشخەری پلاتفۆرمی ' بەخێر نەهاتی ئەدۆغان' بەبەشداری هەزاران کەس دەستی پێکرد.

' دەبێت ئەردۆغان بردێتە دادگەی تاوانی شەڕ'

خۆپیشاندانەکە کە ژمارەیەکی زۆرلە کوردستانیان وتورکەکانی وەڵاتی ئەڵمانیا بەشدارییان تێدا کردبوو، دەوڵەتی ئەڵمانیایان کە میوانداری ئەردۆغانی کردووە بە تووندی شەرمەزارکرد.

لە وتارەکانی ناو میتینگەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە ئەردۆغان بەهۆی ئەو جینایەتانەی کە کردوویەتی دەبێت بدرێتە دادگای نێونەتەوەیی تاوانەکانی شەڕ و لەوێدا دادگایی بکرێت.

لە ڕێپێوانەکەدا پارتی چەپی، ژمارەیەک لە بزوتنەوە چەپەکانی ئەڵمانیا، سەندیکا وڕێکخراوەکان بەشداربوبوون، هەوڵەکانی پۆلیسی ئەڵمانیا بۆ ڕێگری کردن لە خۆپیشاندانەکەیان شەرمەزار کرد.

لە ڕیزی پێشەوە ئاڵایەکی گەورەی پەکەکە، ئاڵاکانی یەپەگە/یەپەژە هەڵدران.

ڕێپێوانەکە بە دروشمی ' تێرۆریست ئەردۆغان' ' ئەردۆغان بۆ جەهەنەم' و ' ئێمە تۆمان ناوێت'  کۆتایی پێهات."

ک-ش