لە بەرلین قەدەغەى سەر پەکەکە بێ بایەخ کرا و تێکشکێنرا

هەزاران کەس لە بەرلین دژی ٢٥هەمین ساڵیادی قەدەغەى ئەڵمانیا لە دژی پەکەکە رژانە سەر شەقامەکان و هەموو قەدەغەکارییەکانى ئەڵمانیایان تێکشکاند. دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان وتەوە و وێنەکانى ئۆجالان و ئاڵاکانى پەکەکە و یەپەگە و یەپەژەیان بەرزکردەوە.

لەسەر داواى ٧٠ رێکخراوى کۆمەڵی شارستانی، ئەکادیمیسیەن و داکۆکیکارانى مافەکانى مرۆڤ لە بەرلین هەزاران کەس لە گۆڕەپانی ئالێکساندەر پلاتز لە کاتژمێر ١٣:٠٠ دا بە دروشمی "ناکریت داواى ئازادى قەدەغە بکرێت، تێکۆشانی هاوبەش لە دژی یاسای پۆلیس و قەدەغەى سەر پەکەکە و نەژادپەرستی" رێپێوانێک بەڕێوەچوو.

شانبەشانی کوردان، هاووڵاتییانى ئەڵمانی بە شێوەى جەماوەری بەشداریی چالاکیی دژ بە قەدەغەى دەوڵەتى ئەڵمانیا لەسەر پەکەکە بوون و ئەو قەدەغەکارییەیان ئیدانەکرد، کە لە ٢٦ی تشرینى دووەمی ١٩٩٣ / ٥ی سەرماوەزەوە بەسەر پەکەکەدا سەپاندویتى. لە چالاکییەکەدا داوا کرا تەریککردن و گۆشەگیرکردنى سەر چالاکوانانى کورد و دیموکراتە چەپەکان هەڵبوەشێنرێتەوە.

 

چالاکوانەکان بۆ رێپێوانەکە لە بەر بینای رۆتس هاوس و بینای شارەوانیى گەورەی بەرلین کۆبوونەوە و بە بەرزرکردنەوەى پۆستەرێک کە لەسەری نووسرابوو "پەکەکە عایدی ئەڵمانیایە" دەستیان بە رێپێوانەکەیان کرد. "پەکەکە عایدی ئەڵمانیایە" لە ساڵی ٢٠١٤دا مانشێتى رۆژنامەی تاز بوو.

چالاکوانان و خۆپیشاندەران بۆ ئەوەى سەرنجڕاکێشنە سەر قەدەغەکارییەکەى دەوڵەتى ئەڵمانیا لە دژی بزووتنەوەى ئازادیى کورد پۆستەر و لافیتەى "پەکەکە بزووتنەوەیەکە"، "پەکەکە بزووتنەوەى ژنانە" و "پەکەکە دژە فاشیزمە"یان بەرزرکردبووە.

ناڕەزایەتیى توند لە دژی بڕیارەکەى ئەمریکا خرایەڕوو

هەروەها لە خۆپیشاندانەکەدا چالاکوانان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی ٣ پێشەنگی بزووتنەوەى کورد نیشاندا. لە خۆپیشاندانەکەدا بۆ ئیدانەکردنى بڕیارەکەى ئەمریکا پۆستەر و لافیتەکانى "ئێمە هەموومان جەمیل بایکین"، "ئێمە هەموومان موراد قەرەیلانین" و "ئێمە هەموومان دوران کاڵکانین" لەلایەن چالاکوانان و خۆپیشاندەرانەوە بەرزکرایەوە.

 

خۆپیشاندەران رایانگەیاند، لە کەسایەتیى قەرەیلان، بایک و کاڵکان دا خاوەنداری لە بزووتنەوەى ئازادیى کورد دەکەن. راشیانگەیاند، تێکۆشانی ئازادیى کورد رەوایە و تەریک و گۆشەگیر ناکرێت.

قەدەغەى دەوڵەت و هۆشدارییەکانى پۆلیس بێسوود بوون!

خۆپیشاندانەکە بە بەشداریى زیاتر لە ٥ هەزار کەس بەڕێوەچوو، کە جگە لە کوردستانیان هاووڵاتییانى تورکیا، ئەڵمانیا و چەندین دەستەى جەماوەریى گەلە جۆراجۆرەکان بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد.

 

بە درێژایى رێپێوانەکە ئەو دروشمانە وترانەوە کە لەلایەن دەوڵەتى ئەڵمانیاوە لە گەلی کورد قەدەغەکرابوون. ئیدی گوشارەکانى دەوڵەتى ئەڵمانیا و گەمارۆکانى و هەوڵەکانى تەریککردن و دژە دیموکراتیکییانەى، کە رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر دەبن، بێسوود و بێکاریگەر کران. بە وتنەوەى دروشمە جۆراجۆرەکان و بەرزکردنەوەى وێنە و ئاڵا جۆراجۆرەکان بە ئاشکرا بێسوودبوونی سیاسەتەکانى ئەڵمانیای لە دژی بزووتنەوەى ئازادیى کورد سەلمێنرا.

چالاکوانان و خۆپیشاندەران بە بەردەوامی دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان دەوتەوە. پۆلیسیش بە پاساوى ئەوەى ئەو دروشمە ساڵی رابردوو لەلایەن بەڕێوەبەریى ئەیالەتى بەرلینەوە قەدەغە کراوە هەوڵیدا رێگری لە خۆپیشاندانەکە بکەن و خۆپیشاندانەکە رابوەستێنن. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەبوو پۆلیسی ئەڵمانیا بە تورکی هۆشدارییان بە خۆپیشاندەران دەدا و بە تورکی دەیانوت "ئەگەر ئەو دروشمە بوترێتەوە، رێگا بە خۆپیشاندانەکە نادەین".

ئاڵایەکى گەورەى پەکەکە هەڵکرا

بە درێژایى رێپێوانەکە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" لە شەقامەکانى بەرلیندا دەنگی دەدایەوە. پۆستەر و وێنەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەرزکرابوونەوە. لە مەراسیمى کۆتایى هێنان بە رێپێوانەکە ئاڵایەکى گەورەى پەکەکە هەڵدرا. سەرباری پێداگرییەکانى پۆلیسی ئەڵمانیا بۆ لابردنى ئاڵاکەى پەکەکە، بەڵام لەلایەن گەلی کورد و دۆستەکانییەوە ئەو قەدەغەکارییە هیچ  بایەخێکی نەمابوو. پۆلیس خۆی پێڕانەگیرا و دەستەیەکى گەورە لە هێزەکانى پۆلیس دەستیان بە هێرشکردن کرد، بەڵام بەرخودانى جەماوەری خۆپیشاندەرا رێگریى لە هەوڵەکەى پۆلیس کرد و ئەو خۆڕاگرییە بەردەوام بوو تاوەکو ئاڵاکە گەیەنرایە ناوجەرگەی گۆڕەپانى بەڕێوەچوونى میتینگەکە.

سەرباری ئەوەى پۆلیس لە هەندێک شوێن هێرشی قورسیشی کردە سەر خۆپیشاندەران، بەڵام خۆپیشاندەران بە پێداگری و خۆڕاگری و سەبرێکى زۆرەوە خۆیان راگرت و نەچوونە ناو یاریى تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەى پۆلیس.

دواى رێپێوانەکە چالاکوانان و خۆپیشاندەران میتینگێکیان رێکخست و دواى میتینگەکە کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا. لە میتینگەکەدا راگەیاندرا، دەبێت حکومەتى مێرکل هاوکارییەکانى بۆ رژێمى ئەردۆغان کۆتایى پێ بهێنێت و ئیتر چەک بە تورکیا نەفرۆشێت.

ر.م

 

.................

 

......................