چالاکوانێکى بەریتانی بەشداریى لە ماراسۆنێکدا بۆ ئازادیی ئۆجالان کرد

کەمپەینى "ئازادى بۆ ئۆجالان" کە لەلایەن سەندیکاکانى بەریتانیاوە بەڕێوەدەچێت بەردەوامە لە کار و چالاکییەکانى. چالاکوانێکى سەندیکایى لە بەریتانیا بۆ پشتیوانیکردن لە ئازادیى ئۆجالان بەشداریى ماراسۆنێکى لە وڵاتەکەیدا کرد.


 ماراسۆنێکی ١٦ کیلۆمەتری لەشاری پۆرتسمسی بەریتانیا رێکخرا. چالاکوانێکى سەندیکایى گەنج لە بەریتانیا بە ناوی بێن نۆرمێن بە لەبەرکردنى تیشێرتێک، کە لەسەر نووسرابوو "ئازادی بۆ ئۆجالان" بەشداریى لە ماراسۆنەکەدا کرد.

ماراسۆنەکە ماوەى کاتژمێرێک و ٤٩ خولەکى خایاند. نۆرمێن لە دواى ماراسۆنەکە رایگەیاند، ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد بۆ هاتنەدیى ئاشتى زۆر گرنگە.

بێن نۆرمێن راشیگەیاند، ئۆجالان ئافرێنەری شۆڕشى رۆژئاوایە و بەبێ ئۆجالان سیستمێکى دیموکراتیک و یەکسان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دروست نابێت.

نۆرمێن داواى لە بزووتنەوە سیاسییەکان و رێکخستن و رێکخراوە پێشکەوتوخوازەکانى بەریتانیا کرد، پشتیوانى لە کەمپەینى "ئازادی بۆ ئۆجالان" بکەن.

ئەرجان ئاکبار هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى گەلی کورد لە بەریتانیا لەبارەى ئەو چالاکییەوە رایگەیاند، کەمپەینى "ئازادی بۆ ئۆجالان" بەرفراوانتر دەکرێت و لە رێگەى ئەنجامدانى چالاکیى نوێ و جیاوازەوە کەمپەینەکە دەکەنە رۆژەڤى بەریتانیا.

ر.م