لە بەغدا ٤ کارمەندی هاوکاری مەسیحی ڕفێنران

ڕێکخراوێکی فەڕەنسی ئاشکرایدەکات، چوار ئەندامیان کە سێ کەسیان فەڕەنسی و ئەوەی دیکەیان عێراقییە، چەند ڕۆژێکە لە شاری بەغدای پایتەخت بێسەروشوێن بوون.

ڕێکخراوی "ئێس - ئۆ - ئێس کریستیان دەوریان"ی ناحکومی فەڕەنسی کە لەلایەن کۆمەڵەی مەسیحی کاسۆلیکییەوە بەڕێوەدەبرێت ڕایگەیاند، چوار ئەندامیان کە سیانیان فەڕەنسی بوون، لە نزیک کونسوڵخانەی فەڕەنسا لە بەغدا بێسەروشوێن بوون.

بنیامین بلانشار، بەرپرسی ڕێکخراوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوەوە ئەو ئەندامانەیان لە بەغدا بێسەروشوێنن و نازانن لە لایەن چ کەس و لایەنێکەوە بێسەروشوێنکراون هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێکە کاروبارەکانیان بە ئاشکراو بە چاودێری دەسەڵاتدارانی عێراقی ئەنجامداوە و مۆڵەتی فەرمییان هەبووە.

ڕێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠١٤وە لە عێراق کاردەکات و بە شێوەیەکی سەرەکی کاروبارەکانی لە هەولێر بەڕێوەدەبات، هاوکاری بەو مەسیحیانە دەگەیەنێت کە زەرەرمەندی شەڕو قوربانی داعش بوون.