لە بەلجیکا دژی داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان چالاکی ئەنجام دەدرێت

بەرەی نیشتیمانیی دژ بە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان، سبەینێ، لە بەلجیکا کۆڕێک دژ بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بارودۆخی باشووری کوردستان ساز دەدات.

بەرەی نیشتیمانی دژە بە داگیرکەرییەکانى تورکیا بۆ سەر باشوورى کوردستان رایگەیاندووە، ڕۆژی هەینی ٢٠/٧/٢٠١٨ کاتژمێر ٦ی ئێوارە، لە ماڵی کلتوری کوردی لە شاری لیوڤن کۆڕێک بۆ د. کامەران بەراوری مامۆستای زانکۆی دهۆک و جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسی بەڕێوەدەبات.

لە کۆڕەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هێرشە داگیرکەرییەکانی سوپای تورکیا لە دژی باشووری کوردستان و بارودۆخی باشووری کوردستان بە بەشداریى ئامادەبوان بەڕێوەدەچێت.

هاوکات لە باشوورى کوردستان چالاکیى قەڵغانى زیندوو لە دژى داگیرکەرییەکانى سوپاى تورکیا بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا چەندین چالاکى بۆ ئیدانەکردنى ئەو داگیرکارییانەى تورکیا بەڕێوەچوون.

هەروەها کوردانى ئەوروپا و دۆستەکانیان چەندین چالاکى و هەوڵى جۆراجۆریان لە دژى ئەو داگیرکەرییەى سوپاى تورکیا ئەنجامداوە و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ ئیدانەکردنى داگیرکارییەکانى تورکیا.

سوپاى تورکیاى داگیرکەر لە کۆتایى ساڵی ٢٠١٧ەوە هێرشەکانى بۆ سەر باشووری کوردستان دەستپێکردووە. لە مانگى نیسانی ٢٠١٨ەوە هێرشەکانی لە پەنا بێدەنگیى حکومەتى هەرێم  و حکومەتى عێراق و هەروەها پارتى دیموکراتى کوردستان فەرمانڕەواى ئەو ناوچانەیە، کە بەر داگیرکەرییەکە کەوتوون، هێرشە داگیرکەرییەکانى فراونتر کردووە.

ر.م