لە تورکیا ئەکادیمیسییەنە ئاشتیخوازەکان لەسەر کارەکانیان دەرکران

١٢ ئەکادیمیسییەنى ئاشتیخواز، کە راگەیاندراوى ئاشتییان واژۆکردبوو، بەپێى بڕیارێکى یاساى بارى نائاسایى لە تورکیا، لەسەر کارەکانیان دەرکران.

بەپێى بڕیارى ژمارە ٧٠١ى بارى نائاسایى تورکیا، کە لە رۆژنامەى فەرمیدا بڵاوکرایەوە، مامۆستایان و بەرپرسان و ئەکادیمیسییەکانى زانکۆی ئیجە و زانکۆی دۆکیوز ئەیلول و ئیزمیر، کە راگەیاندراوى ئاشتییان واژۆکردبوو، لەسەر کارەکانیان لابران.

ئەو کەسە ئەکادیمییانە لە زانکۆی دۆکیز ئەیلول دەرکراون بریتین لە: ١ – پرۆفیسۆر کتۆر موستەفا جەم تەرزی، ٢ – پرۆفیسۆر دکتۆر ئیزگە گیونال، ٣ – پرۆفیسۆر دکتۆر خەلیل رەسمی، ٤ – دکتۆر خالیس ئولاش، ٥ – پرۆفیسۆر دکتۆر یەشیم ئەدیس شاهین، ٦– پرۆفیسۆر دکتۆر ئایشەن ئویسال، ٧ – دکتۆر نوری ئەرکین باشەر، ٨ – لێکۆڵەر ئەحمەد ئایدن ئاری، ٩ – لێکۆڵەر سەراپ ساریتاش، ١٠ – راهێنەر ئەمەل یوڤایاپان، ١١ – لێکۆڵەر دیلەک قەرە بولوت، ١٢ – لێکۆڵەر ئۆزەر یەرسوڤەن.

بە گشتى لە زانکۆکانى دۆکیوز ئەیلول و ئیجە و ئیزمیر ٢٣ ئەکادیمیسییەن لەسەر کارەکانیان دەرکران. بەڕێوەبەری پێشوو عەدنان قاسمان-یش، کە راگەیاندراوى ئاشتیى واژۆکردبوو، لەسەر کارەکەى دەرکرا.

کاتێک سوپاى تورکیا هێرشى کردە سەر شارەکانى باکووری کوردستان و دەستیکرد بە خاپورکردن و تێکدانى شارەکان و کوشتارى هاووڵاتییان، لەلایەن ئەکادیمییەکان، مامۆستایانى زانکۆ و هونەرمەندانەوە راگەیاندراوێک بۆ ئاشتى بڵاوکرایەوە و داوا لە حکومەتى تورکیا هێرشەکانى رابگرێت، بەڵام حکومەتى تورکیا بەشێک لەوکەسانەى دەستگیرکرد کە راگەیاندراوەکەیانى واژۆکردبوو و بەشیکى تریشیانی لەسەر کارەکانیان دەرکرد.

ر.م