لە خۆپیشاندانى ئەڵمانیادا ئاڵای یەپەگە هەڵدرا

دەیان هەزار کەس لە شاری میونخ لە ئەڵمانیا لە دژی نەژادپەرستی و رەفتاری توندوتیژانەى پۆلیس رژانە سەر شەقامەکان. لە خۆپیشاندانەکەدا ئاڵایەکى گەورەى یەپەگەش هەڵدرا.

ویلایەتى بایرن لە ئەڵمانیا ١٣ ملیۆن دانیشتووى هەیە و دووەم گەورە ویلایەتى ئەو وڵاتەیە، پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئەو ویلایەتە لە ١٤ تشرینى یەکەمی ٢٠١٨دا، دەیان هەزار کەس رژانە سەر شەقامەکان و لە دژی راستڕەوە توندڕەوەکان و توندوتیژییەکانى پۆلیس لە ویلایەتەکانیدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

خۆپیشاندانەکە بە بۆنەى ساڵیادى یەکگرتنی هەر دوو ئەڵمانیا لە شاری میونخی پایتەخی ویلایەتى بایرن و بە بەشداریى زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس بەڕێوەچوو.

خۆپیشاندەران لە دژی مارکوس سودە سەرۆک وەزیرانى ویلایەتەکەیان و لە دژی پارتی یەکێتیى سۆسیال کریستیان (CSU) و هۆرست سیهۆفەر وەزیرى ناوخۆی ئەڵمانیا دروشمیان وتەوە.

چالاکییەکە لەلایەن گروپى رێکخراوەکانى (نۆپاگ - NoPAG) رێکخرابوو. ئەو رێکخراوانە لە دژی زۆرکردنى ئەرکەکانى پۆلیس لە ویلایەتى باڤاریا دامەزراوە. لە چالاکییەکەدا هێرشی راستڕەوە نەژادپەرستەکان ئیدانەکرا.

 

هونەرمەندی گۆرانیبێژ کونیگ ئاڵاى یەپەگە لە سەر تەختەى بەرامبەر جەماوەر هەڵدا

دواى خۆپیشاندانەکە جەماوەر میتینگیان ئەنجامدا. هونەرمەندی گۆرانیبێر جۆهانێس کونیگ بۆ ئیدانەکردنى سیاسەتى پۆلیس لە بایرن کە ئاڵاى یەپەگەیان قەدەغەکردووە، ئاڵایەکى گەورەى یەپەگەى هەڵدا. کونیگ پێشتر بەهۆی دانانى لینکی هەواڵێک لەسەر ئاڵاى یەپەگە لە ئەکاونتى تایبەتى خۆیدا، لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەى لەگەڵ کرابوو.

کونیگ هەڵوێستى دەستەى ئەمنیى ویلایەتى بایرنی بە توندی ئیدانە کرد و وتى "رێکخستنى پاراستنى دەستووری بنەڕەتى و دەستەى ئەمنیى دەوڵەت، نە داکۆکی لە دەستوور دەکەن و نە داکۆکیش لە دەوڵەت دەکەن، بۆیە پێویستە ئەو رێکخراوانە بە تەواوى هەڵبوەشێنەوە".

پۆلیس خۆى لە بەرامبەر ئاڵاى یەپەگە لەسەر تەختەى جەماوەریى گەلدا پێ رانەگیرا و بە قسەى "ئێمە لێکۆڵینەوە لە رێکخەرانى خۆپیشاندانەکە دەکەین" دەستیان بە هەڕەشەکردن کرد. ئالاکەى یەپەگە بۆ ماوەیەک لەسەر تەختەى جەماوەری گەل بە هەڵدراوی مایەوە و دواتر بەهۆی چەپڵەڕێزانى جەماوەری خرۆشاوی گەلەوە بۆ ئیدانەکردنى پۆلیس ئاڵاکە برایە ناو جەماوەرەکە.

ر.م