لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ برۆكسل خۆپیشاندان كرا

 لە چوارچێوه‌ی ناڕەزایەتیەکان دژ بە هێرشەکەی ٨ی ئه‌یلوولی ٢٠١٨\١٧ی خه‌رمانان-ی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر كه‌مپه‌كانی حدك و حدكا له‌ کۆیە، هه‌روه‌ها لەسێدارەدانی لاوانی كوردی رۆژهەڵات، له‌ برۆكسل گردبوونەوەیه‌ك به‌ڕێوه‌چوو.

ژمارەیەک چالاکی كۆمه‌ڵگه‌ی سیڤیل، ئەندامانی پارت و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند چالاکێکی ئێرانی لە بەردەم باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ برۆكسل-ی پایته‌ختی به‌لجیكا گردبوونەوە. کوردستانییان و دۆستانیان لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێرشە مووشەکییه‌كه‌ی ڕژێمی ئێران بۆ سەر بنكه‌كانی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)یان شه‌رمه‌زار كرد.

کوردستانیان و دۆستانیان، پارت و لایەنەکانی وەک پەژاک (پارتیی ژیانی ئازادی كوردستان)، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدكا) و ژنانی ٨ی مایسی ئێران، لە وتە و درووشمەکانیاندا جەختیان لە یەکڕیزی و یەک دەنگی کوردانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانییەکان کرده‌وە له‌ به‌رانبه‌ر زوڵم و سته‌می ڕژێمی كۆماری ئیسلامی.

ئاماده‌بوان درووشمەکانی «شەهید نامرن، گەلی کورد یەکە»یان گوته‌وه‌ و سروودی ئەی شەهیدانیان چڕی. گردبوونەوەکە لە دوای دوو کاتژمێر کۆتایی هات.

s.m