لە دەیان شار بە گردبوونەوە و ڕێپێوان یادی شەنگال کرایەوە

لە پێنجەمین ساڵیادی هێرشەکانی قڕکردنی سەر شەنگال، لە دەیان شاردا خولەکێک ڕێزگرتن و گردبوونەوە بەڕێوەچوو.

لە پێنجەمین ساڵیادی هێرشەکانی قڕکردنی سەر شەنگال لە شارەکانى هامبورگ، کۆڵن، کاسڵ، ئەسەن، گیسەن، لیگە، سیدنی، لەندەن، پاریس، لە چیای شەنگال، ئێزدییەکانی عەفرین، شارەکانى رۆژئاواى کوردستان، مارسیلیا، بۆردەواخ، مۆنتەرپلەر، نۆرنبێرگ، گیسن، هانۆڤەر، برێمن، فرایبورگ، شتوتگارت، هیلبۆرن، ساربروکن، ڤییەنا، دێنهاگ، لۆزەرین، ئێریڤان، ستۆکهۆلم و وڵاتانی ئەسەکەندەناڤیا، کورد لەگەڵ دۆستەکانى خولەکێک ڕێزگرتن و دواى ئەوەش گردبوونەوە و رێپێوانیان بۆ یادی قوربانیى کۆمەڵکوژیى هاووڵاتییانى ئێزدی، کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن چەتەکانى داعشەوە ئەنجامدرا، بەڕێوەبرد.

مارسیلیا: لە شاری مارسیلیای فەڕەنسا، بە چالاکییەکی بێدەنگ یادی ئێزدییە قڕکراوەکان کرایەوە. لە چالاکییەکەدا بێدەنگبوونی وڵاتە ئەوروپییەکانیش شەرمەزار کرا. کوردستانییەکان دوای خولەکێک ڕێزگرتن، هەزاران بڵاوکراوەیان لەبارەی بابەتەکەوە بڵاو کردەوە.

بۆردەواخ: بە هەمان ئامانج، لە شاری بۆردەواخی فەڕەنسا گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو. چالاکوانان وەبیریان هێنایەوە کە قڕکردن بەبەرچاوی جیهانەوە کراوە و وترا: "ژنانی کورد تۆڵەی شەنگالیان کردەوە".

مۆنتەرپلەر: لە شاری مۆنتەرپلەری فەڕەنساش لە پارکی پەیرۆو پنۆت هەتا گۆڕەپانی جۆمەدە ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو. لە ڕێپێوانەکەدا چەندین بڵاوکراوە بڵاوکرانەوە و دروشمەکانی: "شەنگال بە تەنیا نییە"، "هەموومان ئێزدین"، "هەموو شوێنێک شەنگالە، هەموو شوێنێک بەرخۆدانە"، "هێرش دژی کوردان بەسە"، "بکوژ ئەردۆغان"، "تیرۆریست تورکیا" بە دەنگی بەرز وترانەوە.

نۆرینبێرگ: لە شاری نۆرینبێرگی ئەڵمانیا بە هەمان ئامانج چالاکییەک بەڕێوەچوو. کورد لەگەڵ دۆستەکانیان ڕژانە گۆڕەپانەکان و وێڕای قڕکردنی شەنگال هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیاشیان بۆ سەر باشووری کوردستان، شەرمەزار کرد.

گیسن: چالاکی شاری گیسنی ئەڵمانیا، بە بەشداری سەدان کەس بەڕێوەچوو. یادکردنەوەکە بە ڕێپێوان دەستیپێکرد و ئاڵاکانی یەپەگە، یەپەژە و یەبەشە و یەژەشە بەرز کرانەوە. لە چالاکییەکەدا هێرشەکانی قڕکردن لە دژی ئێزیدییەکان شەرمەزار کران و داوای ستاتۆی شەنگال کرا.

برێمەن: قوربانیانی قڕکردنی شەنگال لە شاری برێمەن لەبەردەم پەرلەمانی کانتۆنەکە یادیان کرایەوە. سەرەتا چادرێک هەڵدرا، دوای خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن، کاتژمێر ١٥:٠٠ لەبەردەم بینای کانتۆنەکە گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو. لە گردبوونەوەکەدا داوا لە هاوڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا کە قڕکردنەکە بە جینۆساید بناسێنن و بۆ دادگاییکردنی چەتەکانی داعش دادگایەکی نێونەتەوەیی دروست بکەن.

هانۆڤەر: لە شاری هانۆڤەر، سەرەتا لە کەنیسەی مارت خولەکێک ڕێزگرتن بەڕێوەچوو، دواتر حەننا کرایزێل- لیبەرمان، قەشەی کەنیسەکە یادی قوربانییەکانی کردەوە. دواتر بۆ یادەوری ئەو ئێزیدیانەی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە قڕکران مۆم هەڵکران. دوای مەراسیمەکە لە ناوەندی شارەوە ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو. پۆلیسی ئەڵمانیا ویستیان نەهێڵن ئاڵای یەپەگە و یەپەژە بەرز بکرێنەوە، بەڵام جەماوەرەکە قبوڵیان نەکرد. چالاکییەکە دوو کاتژمێر درێژەی کێشا، دروشمی دیکەش بۆ پشتگیری پەکەکە و دژی دەوڵەتی تورک بە دەنگی بەرز وترانەوە.

فێربۆرگ: شارێکی دیکەی ئەڵمانیا کە چالاکی ئەو یادەوەرییەی تێدا بەڕێوەچوو، فێربۆرگ بوو. چالاکییەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد و یادی قوربانییەکان کرایەوە.

شتوتگارت: کوردانی شاری شتوتگارد لەگەڵ دۆستەکانیان لە گۆڕەپانی ڕێدبۆل گرد بوونەوە و یادی ئەو ئێزدیانەیان کردەوە کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کۆمەڵکوژ کران.

هێلبۆرن: لە شاری هێلبۆرنی ئەڵمانیاش، کوردستانیان گرد بوونەوە و یادی ئەو کەسانەیان کردەوە کە لە شەنگال قڕ کران.

ساربروکن: لە شاری ساربروکن دوای خولەکێک ڕێزگرتن، بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی 'تاژێ' گردبوونەوەیەک ڕێکخرا. زەرۆ ئالی بەناوی تاژێ بە گردبوونەوەکە قسەی کرد، ئەوەی بەبیر هێنایەوە کە تێکۆشانی هەرەبەهێز لەدژی داعش لە لای کوردەوە بەڕێوەبراوە و داوای لە دەوڵەتی ئەڵمانیا کرد واز لە کردەوە زۆرەملێکانی بێنێت.

ڤیەننا: لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، بە هەمان ئامانج گردبوونەوە بەڕێوەچوو. سەرەتا خولەکێک ڕێزگرتن بەڕێوەچوو و پاشان گردبوونەوە دەستیپێکرد، لە گردبوونەوەکەدا بانگەواز بۆ بەشداریکردنی ڕێپێوانی ١٠ی ئاب کرا لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

پێرت: لە شاری پێرتی ئوسترالیا، بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن، یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی شەنگال کرایەوە. هیزا قیرانی، فەرماندەیەکی یەپەژە لە ڕێگەی سکایپەوە بەشداری ئەو یادکردنەوەیە بوو.

دێنهاگ: لە شاری دانهاخی هۆڵەندا، بۆ یادکردنەوەی قرکردنی شەنگال، لەبەردەم وەزارەتی کاروباری دەرەوە، بە خولەکێک ڕێزگرتن چالاکییەکە دەستیپێکرد، پاشان لە چالاکییەکەدا قڕکردنی ئێزدییەکانی شەرمەزار کرا و داوا لە وەزارەتی کاروباری دەرەوەش کرا کە قڕکردنەکە بە فەرمی بناسێت. دوای نیوەڕۆش کورد لەگەڵ دۆستەکانیان گردبوونەوەکیان بەڕێوە برد.

لوزێرن: قڕکردنی شەنگال لە شاری لوزێرنی سویسرا بە ڕێپێوانێکی و گردبوونەوەیەک شەرمەزار کرا. دوای ڕێپێوانەکە بە دوو کاتژمێر چەندین بڵاوکراوە لەبارەی بابەتەکەوە بڵاو کرانەوە، لەبەردەم بینای پەرلەمان گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو. لە گربوونەوەکەدا بێدەنگیی دەوڵەتە ئەوروپییەکان لە بەرانبەر داگیرکەریی دەوڵەتی تورک شەرمەزار کرا.

ئەریڤان: نوێنەرانی دامەزاروە کوردییەکان لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمەنستان لەبەردەم پەیکەری قڕکردنی شەنگال کۆ بوونەوە و خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە. نوێنەری زۆر ڕێکخراو دامەزاروەی کوردی بەشداری چالاکییەکەیان کرد. قسەکەرەکان سەرنجیان ڕاکێشایە سەر دڕندایەتی داعش، تێکۆشانی کورد لەدژی ئەو دڕندایەتییە، ئەو کۆمەڵکوژیانەی لە مێژوودا لەدژی ئێزدیانە کراون و هەڵوێستی هێزە نێونەتەوەییەکان لە بەرانبەر هێرشەکان لەدژی کورد.

لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا کە لە گۆڕەپانی چالاکییەکەدا خوێندرایەوە وتیان: "بەناوی ئێزدییەکانی ئەرمەنستان، دەمانەوێت ستاتۆی شەنگال کە بۆ ئێمە جێگەیەکی تایبەتە بناسرێت، هێزی خۆپاراستن و ئیرادەی خۆبەڕێوەبردنی گەلی شەنگال قبوڵ بکرێت. بانگەوازیی بۆ گەلی ئێزدی دەکەین کە لەو خاکە پیرۆزەوە کۆچیان کردووە، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان".

***

****

****

****

****

***

****

****

****

****

 

 

ژ.ت