لە رووداوێکى هاتووچۆدا لە ئێران ٢١ کەس گیانیان لەدەستدا

جەواد دروستکار بەرپرسی پۆلیسى ئیسفەهان رایگەیاند، لە بەریەککەوتنى ئۆتۆمبێلێکى نەوت هەڵگر و پاسێکدا ٢١ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٦ کەسى تریش بریندار بوون.

راشیگەیاند، نەوت هەڵگرەکە لە رێگەى تاران – کرمان و لە نزیک شارۆچکەى نەتەنەز خۆى کێشاوە بۆ پاسێکدا و ئاگری تێبەربووە و ئەوەش بووەتە هۆی سوتانی ٢١ کەس لە سەر نشینەکانى پاسەکە و برینداربوونی ٢١ کەسی تر ناو پاسەکە.

ئاماژە بەوەشکراوە، باری تەندروستیى چەند کەس لە بریندارەکانى ئەو رووداوە ناجێگیرە.

نزیکەى ٢ مانگ لەوە پێش رووداوێکى هاوشێوە لە شار سنەی رۆژهەڵاتى کوردستان روویدا و بەو هۆیەوە ١٣ سەرنشینى ناو پاسێک سوتان و گیانیان لە دەستدا.

ساڵانە لە ئێران بەهۆی رووداوەکانى هاتووچۆوە نزیکەى ٢٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستدەدەن و هۆکارەکەشی بۆ کۆنیى ئۆتۆمبێلەکان و خراپیى رێگاوبانەکان و خێرایى دەگەڕێتەوە.

هەروەها ساڵانە لە رۆژهەڵاتى کوردستان نزیکەى ٥ هەزار کەس بەهۆی رووداوى هاتووچۆوە گیان لەدەست دەدەن. ئێستاش بەهۆی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە نەوت هەڵگرەکانی هەرێمی فیدراڵی کوردستانەوە چەندین کارەسات لە ناوچەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان روویانداوە.

ر.م