لە رۆما هەزاران کەس بۆ ئازادیى ئۆجالان رێپێوانیان ئەنجامدا

بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و چالاکوانانى تری مانگرتوو، لە رۆمای پایتەختى ئیتالیا هەزاران کەس رژانە سەر شەقامەکان.

چالاکییەکە لەسەر بانگەوازى نووسینگەى ئینفۆرماسیۆنى کوردستان، تۆڕی دۆستایەتیى ئیتالیا – کوردستان و ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد رێکخرا و ژمارەیەکى زۆر لە حیزبەکان، سەندیکا، رێکخراوەکان، شارەوانییەکان و بە گشتى نزیکەى ١٥ رێکخراو پشتیوانییان لە چالاکییەکە کرد.

چالاکییەکە لە گۆڕەپانی دیلیسکویولینۆی شاری رۆما دەستیپێکرد. لە چالاکییەکەدا لافیتەیەک کە لەسەر نووسرابوو "گۆشەگیرى تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین" و پۆستەرەکانى ئۆجالان، ئاڵاکانى کەجەکە و پەکەکە بەرزکرابوونەوە. جەماوەری گەل بە رێپێوان چوون بۆ گۆڕەپانی پیزا ڤینیزیا لە ناوەندی شاری رۆما.

کەجەکە: ئافراندنى جیهانێکى تر ئەستەم نییە

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پەیامێکى بۆ چالاکییەکەى رۆما ناردبوو و پەیامەکە لە چالاکییەکەدا خوێندرایەوە و تیایدا هاتبوو، سەرباری ئەوەى لەگەڵ شۆڕشگێڕاندا لە دژی فاشیزم لە بەرەنگاری و بەرخوداندان، بەڵام بەو هێزەى لە لەیلا گیوڤەن و چالاکوانە مانگرتووەکانى ترەوە وەریدەگرین، ئەوە دەسەلمێنرێت کە 'ئافراندن و هێنانەدیى جیهانێکى تر ئەستەم نییە'.

لە پەیامەکەى کەجەکەدا ئەوەش هاتووە "وەک هەموو ساڵێک، ئێوە ئەمساڵیش هاوار بۆ ئازادیى سەرۆک ئاپۆ دەکەن. پێداگری و بڕیارمەندیى ئێوە روونە، هەڵوێستتان کراوە و ئاشکرایە و پێداگری و بەردەوامیتان مانادارە".

لە پەیامەکەدا باسی ئەوەشکراوە، سەرکەوتنى ئێوە بۆ سۆسیالیزم، بۆ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، سەرکەوتنى شۆڕشگێڕانى دژ بە فاشیزم، کە بە بەهێزییەوە بەرەنگاری دەکەن، سەرکەوتنی بەرخودانى لەیلا گیوڤەن و بەرخودێرانى تری مانگرتووە.

لە پەیامەکەى کەجەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "لەسەر ئەو بنەمایە، ئێمە سڵاو و رێز بۆ رێپێوانەکەى ئێوە، پێداگری و دڵسۆزیتان بۆ شۆڕش، دیموکراسی و ئازادی دەنێرین، کە بە هۆشیاریى 'هێنانەدیى جیهانێکى تر' دەجوڵێنەوە".

"ئۆجالان ماندێلای کوردە"

خەتیب دیجلە سیاسەتمەداری کورد لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەى رۆمادا وتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند، گۆشەگیرکردنى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، کە گەلی کوردیشی پێوە گۆشەگیر کراوە، ئیدانە دەکەم.

دیجلە راشیگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، دەستکەوتەکانى گەلی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ئافراندووە، کە رۆژئاوا نمونەکەیەتى و هاوکاتیش ماندێلای گەلی کوردە.

خەتیب دیجلە ئەوەشی وت "کاتى ئەوە هاتووە، هەموو سۆسیالیست و دیموکراتییەکانى ئەوروپا هاوکاریى هێزى دیموکراسیى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بکەن، کە کورد پێشەنگایەتیى بۆ دەکات. ئێمە ئەو داوایە لە هەموو دەوڵەتان، دۆستانمان لە ئەورپا دەکەین".

رێپێوانەکە و میتینگەکە تاوەکو ئێوارە بەردەوامیى هەبوو و بە وتنەوەى چەندین دروشم کۆتایى پێهات.

ر.م