لە زۆربەی شارەکانی جیهان بۆ رۆژئاوا ڕێپێوان ئەنجامدرا

هەزاران کەس لە بازل-ی سویسرا، برۆکسل-ی بەلجیکا و رێنەس-ی فەرەنسا لە رۆژی جیهانیی پشتیوانی بۆ رۆژئاوا رژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزاییان نیشان دا بەرانبەر هێرشەکانی داگیرکەریی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، هاوکات هێرشەکانیشیان شەرمەزار کرد.

بازل

لە رۆژی جیهانیی پشتیوانی رۆژئاوادا بە پێشەنگایەتی کۆمیتەی رۆژئاوا لە ناوەندی شاری بازل-ی سویسرا رێپێوان و گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

هەزاران کوردستانی و دۆستەکانیان سەرلەبەیانی ئەمرۆ لە بازل تەئتر پلاتزێ کۆ بوونەوە، دروشمەکانی "گەلی جیهان بۆ رۆژئاوا هەستنەسەر پێ"، "تیرۆریست ئەردۆغان" و "هەموو شوێنێک رۆژئاوا، هەموو شوێنێک بەرخۆدان" بەدەنگی بەرز وترانەوە.

لە رێپێوانەکەدا کە هەموو رەنگ و بەشەکانی کۆمەڵگە بەشدار بوون، راگەیاندرا کە دەبێت خاوەنداری لە شۆرشی رۆژئاوا بکرێت. هەروەها بە درێژایی رێپێوانەکە بڵاوکراوە کە باسی هێرشە قڕکەر و داگیرکارییەکانی تورکی بۆ سەر رۆژئاوا تێدابوو، بڵاو کرانەوە.

دوای تەواوبوونی رێپێوانەکە دروشمی "بژی بەرخۆدانی رۆژئاوا" بەرز کرایەوە.

برۆکسل  

لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، رێپێوانێک بەڕێوەچوو.

لە برۆکسل کوردستانیان و دۆستەکانیان، لە رۆژی جیهانی پشتیوانی رۆژئاوا چالاکیان بەڕێوە برد.

چالاکی برۆکسل لە گۆرەپانی فیکتۆر هۆرتای بەڕێوەچوو، تێیدا هەزاران کەس بەشار بوون.

لە چالاکییەکەدا پۆستەرەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان، ئالای یەپەگە و یەپەژە و پانکارت بە نووسراوی "داعش و ئاکەپەی هاوبەشی گەلی کورد قڕ دەکەن"، "تاوانەکانی شەری دەوڵەتی تورک ریسوا دەکەین" بەرز کرانەوە.

هەریەک لە یوکسەل کۆچ، هاوسەرۆکی کەجەدە- ئەوروپا، زیا ڤۆلسۆی بەناوی ئەسەپە و رامان ئەحمەد سەرۆکی فیدراسیۆنی سوریا وتەیان پێشکەش کرد.

رێنه‌س

لە شاری رێنەس-ی فەرەنساشن کوردستانی و دۆستەکانیان لە گۆرەپانی کۆلۆمبیەر هەتا گۆڕەپانی رەپەبلیکوێ رێپێوانیان کرد.

لە رێپێوانەکەدا دروشمەکانی "بکوژ ئەردۆغان"، "بژی بەرخۆدانی رۆژئاوا"، "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز کرانەوە.

هلسنکی

لە شاری هلسنکی پایتەختی فینلەنداش، لە رۆژی جیهانی پشتیوانی رۆژئاوادا، کوردستانیان و دۆستەکانیان، رێپێوانێکیان بەڕێوەبرد و لە رێپێوانەکەدا هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار کران و خاوەنداری لە رۆژئاوا کرا.   

کوردستانی و دۆستەکانیان لە ناوەندی شاری هلسنکی فیندلەندا کۆ بوونەوە، داگیرکەریی تورک و چەتەکانیان شەرمەزار کرد  بانگەوازی خاوەنداریکردینان کرد لە رۆژئاوا.

چالاکییەکە کاتژمێر ١٥:٠٠ دەستیپێکرد و لە رێپێوانەکە دروشمی "بکوژ ئەردۆغان" بەدەنگی بەرز وترایەوە.

چالاکییەکە کاتژمێر ١٧:٠٠ کۆتایی پێهات

ستراسبۆرگ

لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنساش، وەکو ۆزربەی شارەکانی جیهان، بۆ رۆژی جیهانیی پشتیوانیکردنی رۆژئاوا، رێپێوان بەڕێوەچوو. جەماوەر لە بەردەم گارا ستراسبۆرگ کۆبوونەوە و چالاکییەکە بە وەستانی خولەکێک بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد، لە چالاکییەکەدا سەدان کوردستانی و دۆستەکانیان بەشداریان کرد. هاوکات دروشمەکانی "بۆ رۆژئاوا بێدەنگ مەبن"، "بکوژ ئەردۆغان" بە دەنگی بەرز وترانەوە. جگە لەوەش گربدوونەوەیەک کرا و تێیدا ئاماژە بەوە کرا کە دەوڵەتی تورک لە رۆژئاوا هێرش دەکاتە سەر شۆڕشێکی یەکسان و ئازاد بۆ هەموو گەلان.

تۆولۆسه‌

هەروەها لە شاری تۆولۆسەی فەرەنساش، بە هەمان شێوەی شارەکانی دیکەی فەڕەنسا و ئەوروپا، کوردستانیان و دۆستەکانیان رێپێوانێکیان رێکخست و تێیدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەرمەزار کران و بانگەوازی بۆ پشتوانی رۆژئاوا کرا.

ئۆسلۆ

لە شاری ئۆسلۆ-ی پایتەختی نەرویج، سەدان کوردستانی چوارپارچەی کوردستان و دۆستەکانیان، بۆ پشتیوانیکردنی رۆژئاوا رژانە سەر شەقامەکان، جەماوەری بەشداربوو لە ئالای ڕەنگاوڕەنگ و بە بەرزکردنەوەی پانکارت کە لەسەری نووسرابوو "رۆژئاوا بپارێزە" و "کۆمەڵکوژی بوەستێنە" داگیرکەریی و دڕندەیی دەوڵەتی تورک لەدژی رۆژئاوای کوردستان شەرمەزار کرا.

دوای رێپێوانێکی شکۆمەند گردبوونەوەیەک کرا، لە گردبوونەوەکەدا چەندین وتە پێشکەش کران، لە وتەکاندا سەرنج راکێشرایە سەر هێرشە قڕکارییەکانی دەوڵەتی تورک و تاوانەکانی شەڕ کە سوپای تورک و چەتەکانی ئەنجامیان داوە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.

لە میانەی وتەکاندا، بژۆرنار مۆکسنەس سەرۆکی پارتی سوور و پەرلەمانتار لە پەرلەمانی نەرویج لە قسەکانی خۆیدا وتی: "داوا لە حکومەتی نەرویج دەکەین هەموو پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ توکریا کۆتایی پێ بهێنێت".

ترۆندهه‌یم

لە شاری ترۆندهەیم-ی نەرویج-یش هەزاران کەس لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی رژانە سەر شەقامەکان و هێرشەکانیان شەرمەزار کرد.

ستۆکهۆڵم

لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێدیش، هەزاران کەس لە گۆڕەپانی بەناوبانگی 'سێرگیڵ تۆڕی' کۆبوونەوە، هاوکات ژمارەیەک سیاسەتمەداری سوێدیش لەناویاندا هەبوون، لە گردبوونەوەکەدا چەند کەسێک وتەیان پێشکەش کرد، لە ناو وتاربێژاندا سکرتێری نووسیگەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی پارتی سۆسیالدێموکرات و ژمارەیەک کەسایەتیی تری سیاسی و فەرهەنگی بەشدار بوون، هەروەها بەشداریی هاوولاتیانی سوێدی بە شێوەیەکی بەرچاو، ئەرمەنییەکان، کەمەنەتەوەی "سامە"ی سوێد بەرچاو بوو.

بێجگە لەوەش ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسی و فەرهەنگییەکنی سەرانسەری کوردستان بەشدار بوون و رێپێوانەکە لە گۆرەپانی کۆبوونەوەکە تا گۆڕەپانی 'مێدبۆریارپلاتسێن' رۆیشتن و لەوێش بە بەشداریی ژمارەیەک هونەرمەندی کورد و بیانی بەرنامەکان بەردەوام بوون.

ژمارەی بەشداران بە هەزاران کەس قەبلێندرا و ئاڵاکانی یەپەگە، یەپەژە، پەکەکە، باڵی چەپی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، ئاڵای باشووری کوردستان و ژمارەیەک لە نەتەوەکانی ئەمریکای لاتین و سامەکانی سوێد بۆ پشتیوانی رۆژئاوا بەرز کرانەوە.

ک-ش