لە ستۆکهۆلم کۆبوونەوەیەک بۆ دادگایکردنی چەتەکانى داعش ئەنجامدرا

پسپۆڕانی ١١ وڵاتی ئەوروپی بە ئامانجی دادگاییکردنی چەتەکانی داعش، کە لە رۆژئاوای کوردستان لە دەستی یەپەگەدان گفتووگۆ دەکەن و بۆ ئەوەش لە ستۆکۆڵمی پایتەختی سوید کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.

 وەزیری کاری ناوخۆی سوید میکایل دامبێرگ لە مانگی رابردوودا بۆ دادگایکردنى چەتەکانی داعش لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسانی وڵاتانی ئەوروپا کۆبوونەوەی ئەنجامدا بوو و پێشنیازی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بۆ ئەو مەبەستە کرد بوو.

کۆبوونەوەکە دوێنێ لە ستۆکۆڵم ئەنجام درا و پسپۆڕانی وڵاتانی نەرویج، فینلەندا، دانیمارک، نەمسا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەلجیکا، هۆڵەندا، سوید و ئبەریتانیا و هەروەها بەڕێوەبەرانی یونەیتدی سەر بە یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەشدار بوون.

دامبێرگ لە کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوانەی لە عێراق و سوریا زوڵمێکی گەورەیان ئەنجام داوە و بۆ ئەوەى ببرێنە بەردەم دادگا هەرچییەکیان لەدەست بێت ئەنجامی دەدەن.

دامبێرگ راشیگەیاند، دەبێت ئەو کەسانەی کە لە شەردا ئەشکەنجە، کوشتن و تاوانی تیرۆر و تاوانی شەڕیان ئەنجام داوە بێتاوان دەرنەچن و وتی: "داعش ژنانی وەک کۆیلەی جنسی بەکارهێناوە، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە نزیکی مرۆڤەکان دەبوویەوە". سەرنجیشی راکێشایە سەر کوشتنی هەزاران کەسی وڵاتانی ئەوروپیش.

دامبێرگ ئەوەشی راگەیاند، بۆ ئەوەی تاوانباران دادگایی بکرێن لە زۆربەی وڵاتان گفتوگۆ بەردەوامە، دواتریش زۆر وڵات لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی دا هاوکارییان لە دژی تیرۆر لە بەرچاو گرتووە.

ئەوەش راگەیاندرا، سوید خۆی گەیاندووەتە شاهیدەکان و بەڵگەى زۆر ئاشکرا و روون و پشتیوانی لە دروستکردنی دادگاییەکی نێونەتەوەیی و میکانیزمێکی دادگایکردن لەو ناوچانەدا دەکات تاوەکو ئەو تاوانبارانە لەو ناوچانەدا،  کە تاوانیان تیادا ئەنجامداوە دادگایى بکرێن.

دامبێرگ لە بەردەوامیى وتەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، سوید نەک تەنها ئەو داعشانە، کە لە عێراق و سوریا تاوانی شەڕیان ئەنجامداوە، بەڵکو دەبێت هەموو لایەنگرانیشی لە دادگایەکی نێونەتەوەیی دادگایی بکرێن. دیسان سەرنجی راکێشایە سەر رژێمی سوریا و کە لە لایەن سەرۆکی دەوڵەتی روسیاوە هاوکاری دەکرێت و بەو هۆیەوە بردنى بۆ بەردەم دادگا ئاسان نابێت.

دامبێرگ ئاماژەى بەوەشکرد، سوید لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە دژی تیرۆریزم رێوشوێنى زۆری گرتووەتەبەر. ئەوانەی بەشداری کاری تیرۆر بوون تەریکراون و سوید ئامادەکاری دەکات بۆ دەرکردنی ٢ یاسای نوێ و لەو بارەیەوە وتی:" یەکەمین ئەوەیە، کە دەکرێت وڵاتی سوید ببێتە وڵاتێک لە دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا، ئیستا ئێمە دەتوانین تاوانباران رادەستی وڵاتانی ئەوروپا و ئەسکەندیناڤیا   بکەین. دووەم ئەوەیە، کە سوید دەتوانیت دەربارەی تاوانباران زانیاری و بەڵگە بدات بە کارەکتەرەکانی دەروەی وڵات".

دامبێرگ ئامژەی بەوەشکرد، سوید بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە چوونەتە ناو داعش، لە دادگایەکی نێونەتەوەیی دا، کار بۆ ئەوە دەکات کە بە میکانیزمێکی یاسایى ئەو کەسانە دادگایى بکرێن و وتیشی: "بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، دەبێت میکانیزمێک  دروست بکەن".

دامبێرگ ئەوەشی وت، دروستکردن و ئەو دادگاییە بۆ ئەو کەسانە، کە لە عێراق و سوریادا تاوانیان ئەنجام داوە کارێکى باش دەبێت. لە دواى کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆی وڵاتان لە لۆکسمبۆرگ کۆ دەبنەوە و لێکدانەوە بۆ دۆخەکە دەکەن.

دامبێرگ لە بەردەوامیدا وتی، هۆڵندا لە کۆبوونەوەی مانگی ئەیلول لە لوتکەی هاوکاریی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک پێشنیازی کۆنفرانسێک دەکات بۆ ئەوەى گفتوگۆ لەبارەی دادگایی نێونەتەوەیی بکرێت.

لە سوید هەموو پارتە سیاسییەکان و لە ناویشیاندا پارتی چەپ دەخوازن ئەندامانی داعش لە رۆژهەڵاتی ناوین لە دادگایەکی نێونەتەوەیدا دادگایی بکرێن.

پەیوەندیدار بەو بابەتەوە پەرلەمانتاری پارتی لیبراڵ و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە فریدریک مالم لە وەڵامی پرسیارێکی ئێمەدا وتی: "داواکاریی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان ناردنەوەی ئەندامانی داعش بۆ ئەو وڵاتانەیە، کە لێوەی هاتوون، بە تێگەیشتنەوە پێشوازیى لێدەکەین".

مالم لە بەردەوامیدا وتیشی: "من بیردەکەمەوە، ژیرانەترین کار ئەوەیە، ئەو کەسانە بچنە بەردەم دادگا و سزابدرێن. کێشەکە ئەوەیە، کە لە کوێ و لە لایەن کێ-وە دادگایی بکرێن. بۆیە دیارە دروستکردنی دادگایەکی نیونەتوەیی ئەستەمە. مەترسیی ئەوە هەیە کورد  داعش بۆ ماوەیەکی درێژ لە دەستی خۆیدا نەهێڵێتەوە بەرەڵایان بکات. ئەوەی لە سوریا دەمێننەوە دیارە سزا نادرێن و ئەوانەشی رەوانەى عێراق بکرێن زۆربەیان لەسێدارە دەدرێن و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاش نایانەوێت ئەوانە بگرنە خۆیان".

مالم ئەوەشی وت، یاساکانى ئێستای سوید بەشی ئەوە ناکەن، کە سزای ئەو داعشانەی پێ بدرێت و بەمشێوەیە بەردەوامبوو: "بەپێى یاساکانی ئێمە ئەو داعشانەی کە چوون لەوێ شۆفێرییان کردووە یان نانیان دروستکردووە سزا نادرێن. ئەوەش کێشەیەکی گەورەیە. لەلایەکیترەوە منداڵەکانی داعش کێشەن. دەبێت ئەو منداڵانە، کە دایک و باوکیان نییە و ئەوانەی هاووڵاتیی سویدن بیانهێنینەوە بۆ ئێرە لەگەڵ بنەماڵەیەکی پارێزرادا دەست بە ژیان بکەن. ئەو منداڵانەشی دایک و باوکیان ماون دەبێت منداڵەکانیان لێوەربگیرێتەوە و لە رێگەی رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە رادەستى بنەماڵەى شیاو و شایستە بکرێن. ئێمە وەک پارتی لیبراڵ بەو شێوەیە بیردەکەینەوە و لەو باوەڕەدام پارتەکانی تریش بەوشێوەیە بیر دەکەنەوە

مالم  راشیگەیاند، ئەو داعشانەی لە سوریا و عێراق گەڕاونەتەوە بۆ سوید هەڕەشەیەکى گەورەن بۆ کۆمەڵگە ئەوەشی راگەیاند: "لەمدواییانەدا ئێمە چەند نموونەیەکی ئەوەمان بینیوە، ئەوانەى گەڕاونەتەوە تاوان ئەنجام دەدەن. یەکێکیتریان بۆهۆی ئەنجامدانى تاوانی دزی بە چەکەوە گیرابوو. ئەوانە کەسی تاوانباری گەورە و تیرۆریستن و لەو بڕوایەدام، کە پۆلیسی ئاسایشی سوید چاودێریى ئەو کەسانە دەکات".

بەپێی ئاماری پۆلیسی ئاسایشی سوید نزیکەی ٣٠٠ جیهادی بەشداری ریزەکانی داعش بوون. ئەوانەش نیوەیان گەڕاونەتەوە. پێشبینیی ئەوە دەکرێت نزیکەى ٥٠ هاووڵاتیى سویدی، کە ئەندامی داعش بوون، یان خێزان و منداڵی داعشە سویدییەکانن لە  دەستی یەپەگەدا بن.

ر.م