لە ستۆکهۆڵم چالاکی بۆ پشتیوانی لە هەدەپە بەڕێوەچوو

پلاتفۆرمی کوردانی ئەنادۆڵی ناوین (PKAN) بە ئامانجی پشتگیریکردن لە هەدەپە و پاڵێوراوی سەرۆک کۆماریی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید چالاکییەکان بەڕێوە برد.

ئەندامانی پلاتفۆرمی کوردانی ئەنادۆڵی ناوین (PKAN) لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید، پۆستەری هەدەپەیان بۆ بانگەشەی  هەڵبژاردنەکان بەرزکردەوە و مێزی زانیاریان دانا. هاوکات برۆشوور و بڵاوکراوەی هەدەپە، کە تایبەت بوون بە هەڵبژاردنەکان بەسەر ڕێبواراندا دابەش دەکرد.

لەو چالاکییەدا کوردستانیان و دۆستانیان لەگەڵ یەکتر کۆبوونەوە. هونەرمەندی کورد گیورسەل دایان بە گۆرانی و مۆسیقا خەڵکی زیاتری لە دەوری چالاکییەکەیان کۆکردەوە و پاشان ئامادەبوان دەستیان بە ئاهەنگ و گۆڤەند کرد.

ئیحسان بایساڵی لەسەر ناوی ئەو پلاتفۆرمە، وتارێکی پێشکەش کرد و بانگی لە دەنگدەران کرد، ئەمڕۆ و سبەینێ، ١٦ و ١٧ ی حوزەیران، بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و دەنگی خۆیان بدەن بە دەمیرتاش و هەدەپە.

ر.م