لە ستۆکهۆڵم کۆنفڕانسی هەورامانناسی ئەنجام دەدرێت

ئەمڕۆ لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید یەکەمین کۆنفڕانسی هەورامانناسی لە دەروەی وڵات ئەنجام دەدرێت و ژمارەیەک کەسی پسپۆڕ وەک ئاخێوەر تێیدا بەشداری دەبن.

ئەمڕۆ شەممە لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، بە سەرپەرشتی پلاتفۆرمی هەورام یەکەمین کۆنفڕانسی هەورامانناسی لە دەرەوەی وڵات بە دروشمی"پێکەوە ژیان و کۆمەڵگەیەکی فرە ڕەنگ" ئەنجام دەدرێت و ژمارەیەک کەسی پسپۆڕ لە بورارە جۆراوجۆرەکانی وابەستە بە هەرێمی هەورامان وەک ئاخێوەر بەشداری دەبن.

لەو بارەوە ئاریا بەزموونە ئەندامی بەڕێوەبەری پلاتفۆرمی هەورام بە ئاژانسەکەمان فوڕات نیوزی ڕاگەیاند: " کۆنفەڕانسی هەورامانناسی یەک ڕۆژ دەخایەنێت و بەشێوەیەکی کراوە بەڕێوەدەچێت واتە هەمووان دەتوانن بەشداری تێدا بکەن و دەبێتە تریبوونێکی ئازاد بۆ بەشداربووەکانی هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی".

 بەزموونە ئاشکرای کرد: " لە کۆنفڕانسەکەدا کەسانی پسپۆڕ و هەورامانناس لە بواری جیاوازدا بەشدارن و بابەتیان لە سەر «ئایین و باوەڕی، کلتور و زمان، مێژوو و سیاسەت، سرووشت و ژینگە، ژن و هونەر» لە هەرێمی هەوراماندا دەبێت، ئەوانیش بریتین لە: " دکتۆر حوسەین خەلیقی نوسەر و سیاسەتمەدار، ئەهوەن چیاکۆ، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی ئازاد و دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-(کۆدار)، هەڵاڵه رافع چالاکی ژنان، حاتەم منبەری نوسەر، ئارێز ئەنداریاری نوسەر و لێکۆڵەر، سەعید سەنەندەجی، چالاکی مافی مرۆڤ، ژاڵانە هەورامان هاوسەرۆکی پلاتفۆرمی هەورام".

لە کۆتاییدا ئاریا بەزموونە ڕایگەیاند: "کۆنفڕانسەکەیان لە هۆڵی (Sollentuna Bibliotek ANIARAPLATSEN 2 ) بەڕێوەدەچێت و خوازیارە کوردانی نیشتەجێی ستۆکهۆڵم و دەوروبەری بە تایبەتی و سوید بەگشتی بەشداری تێدا بکەن".

هـ.هـ