لە سوید و ئەڵمانیا گۆشەگیریی شەرمەزار کرا

لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید و شارەکانی سارابروخەن و مانهایمی ئەڵمانیا، چالاکی ئەنجام دران و تێیاندا داوای ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا.

 

سوید- ستۆکهۆڵم

ئەو چالاکیی چادرهەڵدانەی کە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، ڕۆژی سێشەممەوە دەستیپێکردبوو، لەلایەن کوردستانیانەوە کۆتایی پێهێنرا.

چالاکیەکە ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو، بە هەزاران بڵاوکراوە و برۆشوور لەبارەی گۆشەگیریی سەختی سەر ئۆجالان و باسکردنی فاشیزمی ئاکەپە ومەهەپە، بڵاوکرانەوە.

کوردستانیان، نوێنەری پارتە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، بە سەردانی چادری چالاکیەکە، پشتیوانی خۆیانیان بۆ چالاکوانان و داواکاریەکەیان دووپات کردەوە.

ئەو چالاکیە لە کاتژمێر 6 ی ئێوارە ئەنجام درا، تێیدا لەسەر ناوی ناوەندی کۆمەڵگای دیموکراتی کورد 'نەجەدەکە' و ئەنجومەنی ژنانی کوردی ئامارا کە پێشەنگیی چالاکیەکە دەکەن، وتار پێشکەش کران. لە وتارەکاندا داوا کرا کە دەمودەست گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت و ڕێگەی پێبدرێت کە دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانیدا ئەنجام بدات.

ماوەی دوو ساڵیشە، کۆمیتەی بەرگرتن بە ئەشکەنجەی زیندانیانی ئەوروپا 'سی پی تی' سەردانی ئۆجالانیان نەکردووە و لەو چالاکیەشدا ڕەخنە لەو بێ هەڵوێستییەی کۆمیتەی سی پی تی گیرا. هەروەها بانگەواز لە یەکێتی ئەوروپا و حکومەتی سوید کرا کە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەختی سەر ئۆجالان بکەونە خۆیان دەست بە هەوڵدان بکەن.

لە چالاکیەکەدا، گەنجانی ئازاد و ژنانی گەنجی ئازاد، ڕاگەیەندراوی نووسراویان خوێندەوە و داوا لەو گەنجانەی کورد کرا کە لە سوید دەژین کە ئەو تێکۆشانانە گەشتر و بەهێزتر بکەن کە بۆ ئازادی ئۆجالان ئەنجام دەدرێن و بڕژێنە ناو شەقامەکان.

ئەڵمانیا- مانهایم

لە شاری مانهایمی ئەڵمانیا، بە چالاکی، گۆشەگیریی سەختی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کرا. لەو چالاکیەشدا، داوای ئازادکردنی ئۆجالان کرا و چەندین بڵاوکراوە و برۆشوور بڵاوکرانەوە.

ئەو چالاکیەش بە پێشەنگی ناوەندی کۆمەڵگای دیموکراتی کورد 'نەجەدەکە' ئەنجام درا و کوردستانیانی بەشداربووی چالاکیەکە، لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە، بانگەوازی لە حکومەتی تورکیا کرد.

چالاکیەکە بەدەم وتنەوەی چەندین دروشمی جیاوازەوە کۆتایی هات

ئەڵمانیا- سابروخەن

چالاکی چادرهەڵدانی کوردستانیان لە شاری سابروکەنی ئەڵمانیا، ئەمڕۆش بەردەوامی دەبێت. کوردستانیان لەبەردەم گەلەریی ئەوروپا لەو شارە کۆبوونەوە و بەردەوامیان بە چالاکیەکانی خۆیان دا. لەو چالاکیەدا، دەربارەی گۆشەگیریی سەختی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکراوە و برۆشوور بڵاوکرانەوە و بەو شێوەیەش زانیاری لەبارەی ئەو گۆشەگیریانەوە بە ڕێبواران و هاوڵاتیانی ئەو شارە درا.

چالاکیەکە بە پێشەنگیی نەجەدەکەی شاری سابروکەن ئەنجام درا و تێیدا دەخیل ئیبراهیم لەسەر ناوی نەجەدەکە دوا. لە وتارەکەیدا دەخیل پەیامی ئەوەی دا کە هەتا گۆشەگیریی سەختی سەر ئۆجالان هەڵنەگیرێت، ئەوان بەردەوامیی بە چالاکیەکانیان دەدەن.

ک-ش