لە سیمیناری ناوەندی ئۆلۆف پاڵمە: سیستمێکی ئیستیبدایى ملهوڕ لە تورکیادا هەیە

لە ناوەندی ئۆلۆف پاڵمە لە شاری ستۆکهۆلم-ی پایتەختى سوید سیمینارێک رێکخراو تیایدا راگەیەندرا، لە تورکیا ماف و ئازادی نەماوە و تورکیا لە تاریکترین سەردەمی خۆیدایەتی.

لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختى سوید سیمینارێک بە ناوی "هەڕەشە، مەترسی و ئومێد لە تورکیا بۆ داکۆکیکارانى مافەکانى مرۆڤ" لە ناوەندی رێکخراوی نێونەتەوەیى ئۆلۆف پاڵمە رێکخرا.

ئەدیل ئەسەر بەڕێوەبەری پێشووی رێکخراوى لێبوردنى نێونەتەوەیى (ئەمنستى ئینتەرناشناڵ) لە تورکیا و پاول. ت. لەوین بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکانى زانکۆی ئیستەنبول لە تورکیا بەشداریى ئەو سیمنیارەیان کرد و وتەیان پێشکەشکرد.

لەوین: بە کۆتایهاتنى پرۆسەى ئاشتی کۆتایش بە ماف و ئازادییەکان هێنرا

لەوین لە وتەکانیدا سەرنجی خستەسەر چالاکییەکانى گەزی لە ئیستەنبول لە ساڵی ٢٠١٣ دا، کە بە سەرتاسەری تورکیادا بڵاوبوویەوە و وتى، ئەردۆغان هەوڵی داوە ئەو چالاکییانە تەریک و پەرتەوازە بکات.

لەوین وتیشی، دواى ئەوەى پرۆسەى ئاشتیى نێوان پەکەکە و دەوڵەتى تورک لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە کۆتایی پێهێنرا و دواى کودەتاکەش هێرشێکى قورس کرایە سەر مافە دیموکراتیک و ئازادییەکان.

لەوین ئەوەشی وت "تورکیا بە خێرایى بەرەوە سیستمى ئۆتۆریتەر و و ئیستیبدادیی ملهوڕ دەڕوات و ئەوەش لەلایەن تاکە کەسێکەوە بەڕێوەدەچێت. میدیای تورک لە کۆنترۆڵی ئەردۆغان و ئاکەپەدایە. زۆرینەى میدیا و چاپەمەنی و رێکخراو و دامەزراوەکانى ئۆپۆزسیۆن قەدەغەکراون. سەدان هەزار کەسیان لەسەر کارەکانیان دەرکرد و هەزاران کەسی تریشیان زیندانیکرد".

لەوین سەرنجی خستە سەر گوشارەکانى سەر کەسایەتییە ئەکادیمییەکان و خوێندکارانى زانکۆکان و رایگەیاند "دۆخەکە زۆر ئاڵۆز و نالەبارە. ئەوانەى باسی کوردستان و پاکتاوکردن و سڕینەوە دەکەن دادگایى دەکرێن و سزاییان بەسەردا دەسەپێنرێت".

ئەسەر: تورکیا لە سەردەمی تاریکى خۆیدایەتی

ئەدیل ئەسەر بەڕێوەبەری رێکخراوى لێبوردنی نێونەتەوەیى لە تورکیا وتى، تورکیا لە تاریکترین سەردەمی خۆیدایەتى. گوشاری قورس لەسەر ئۆپۆزسیۆن و پارێزەرانى مافەکانى مرۆڤ هەیە و تەنانەت هەوڵ دەدرێت ناڕەزایەتییەکى بچووکیش بە توندترین شێوە سەرکوت بکرێت.

ئەسەر وتیشی "ئەردۆغان هەموو دەسەڵاتەکانى لە دەستى خۆیدا کۆکردووەتەوە و کۆنترۆڵی کردوون. داکۆکیکارانى مافەکانى مرۆڤ ناتوانن دەنگ هەڵبڕن و دەنگی خۆیان بگەیەنن. میدیاى ئازاد لە ناوبراوە. تەنها چەند رۆژنامەیەک بە تیراژی کەم و چەند ماڵپەڕێکی هەواڵی ماون".

ئەسەر ئەوەشی وت "لە زیندانەکاندا گوشارێکى زۆر خراوەتە سەر زیندانییەکان و گۆشەگیر دەکرێن. سیستمى زیندانەکانى تورکیا تەنانەت بۆ پاسەوان و بەڕێوەبەرانى زیندانەکانیش زۆر نالەبار و خراپە. لە هەموو شوێنێکى زیندانەکان کامێرا دانراون و بە بەردەوامی زیندانییەکان چاودێری دەکرێن".

ر.م