لە عوسمانیە بە چەک هێرش کرایە سەر بنکەى بانگەشەی هەڵبژاردنی هەدەپە

لە عوسمانیە بە چەک هێرشکرایە سەر بنکەى بانگەشەی هەڵبژاردنی هەدەپە. زیانی ماددی بە ناوەندەکە گەیشتووە. هەدەپەش هێرشەکەی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند "ئەو هێرشە، هێرشی تێکدەرانەیە".

لە گەڕەکی کارابۆیونی عوسمانیە، چەند کەسێک بە چەک هێرشیان کردە سەر ناوەندی هەڵبژاردنی هەدەپە لەو شارە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چەند کەسێک کە هێشتا ناسنامەکانیان ئاشکرا نەبووە، بە چەک هێرشیان کردە سەر ناوەندی هەڵبژاردنی هەدەپە.

لە هێرشەکەدا، ١١ گولە نراوە بە ناوەندی هەڵبژاردنی هەدەپەوە و لەئاکامیشدا زیانی ماددی بەر ناوەندەکە کەوتووە. پۆلیس بە هەدەپەیان ڕاگەیاندووە، کاتژمێر ٥ و نیوی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چەند کەسێک کە بەسەر ماتۆڕەوە بوون، گولـلەبارانی ناوەندەکەیان کردووە.

لە بەردەم ناوەندەکەشدا، هاوسەرۆکی هەدەپە لە عوسمانیە عەلی جۆشکون لێدوانێکی دا و وتی "ئێمە ئەم هێرشە شەرمەزار دەکەین. ئێمە دەزانین، کە ئەم هێرشە درێژەپێدەری هێرشەکەی پرسووس-ە. ئێمە دەزانین کە بە نزیکبوونەوەی لە وادەی هەڵبژاردن ئەم هێرشە تێکدەرانەیە زیاتر دەبن، بەڵام دەبێت ئێمە بە هۆشمەندی و وریاییەوە بجوڵێینەوە. باشترین بەرپەرچی ئەو هێرشانە ئەوەیە کە لە ٢٤ی حوزەیراندا لەسەر سندوقەکانی دەنگدان وەڵامیان بدەینەوە".

وتیشی "لە دوایین ڕۆژەکانی پێش هەڵبژاردندا و لە  دواى هەڕەشەکانی ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشەکان لە دژی هەدەپە زیادیان کردووە".

ر.م