لە عێراق چی ڕوودەدات، کێ کۆگه‌ی دەنگەکانی سووتاند؟
پاش ئەوەی بڕیاردرا ته‌واوی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به ده‌ست بژمێردرێنه‌وه، ئێوارەی دوێنێ لە کۆگه‌یه‌كی سندووقی دەنگەکان له شاری به‌غدا ئاگر کەوتەوە.
پاش ئەوەی بڕیاردرا ته‌واوی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به ده‌ست بژمێردرێنه‌وه، ئێوارەی دوێنێ لە کۆگه‌یه‌كی سندووقی دەنگەکان له شاری به‌غدا ئاگر کەوتەوە.
ڕۆژی ١٢ی ئایاری ئەمساڵ، عێراقییه‌كان بۆ هەڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق چوونه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگی خۆیان دا. ئه‌و لایه‌نه‌ی کە لەو هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، لیستی سائیروونی شیعه‌كان به سه‌رۆكایه‌تی موقتەدا سەدر و کۆمۆنیستەکان بوو.
بەهۆی ئەوەی ڕه‌خنه‌ی زۆر دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان كرا و ده‌ركه‌وت كه ساخته‌كاری زۆر كراوه، بڕیار درا کە كۆی ده‌نگه‌كان سەرلەنوێ بە دەست بژمێردرێنەوە. هەروەها ده‌نگی چه‌ند ناوچه‌یه‌كیش پووچەڵکرانەوە.
له كاتێكدا كه حکوومەت لە ئامادەکاریدا بوو بۆئەوەی ده‌ست به ژماردنه‌وه‌ی دەنگەکان بكات، ئێواره‌ی دوێنێ ئاگر لە کۆگه‌یه‌كی سندووقی ده‌نگه‌كان له به‌غدا کەوتەوە. ڕاگەیەندرا کە ئاگرکەوتنەوەکە کاریگەری لە کاغەزی دەنگەکان نەکردووە، بە گوتەی بەرپرسان سندوقی دەنگەکان لە هۆڵێکی دیكه‌دا بووە.
عەبادی: ئه‌مه پیلانگێڕییەکە لە دژی دیموکراتی
سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، ئێوارەی دوێنێ له لێدوانێکدا ئاگرکەوتنەوەکەی وەک «پیلانگێڕییەک بۆ لەناوبردنی نەتەوە و دیموکراتی» لە قەڵەمدا. گوتیشی: «هەموو ڕێوشوێنێک دەگرینە بەر بۆ ئەوەی لەو کەسانە بدەین کە ئاسایشی نەتەوەیی و هاوڵاتیان ده‌خه‌نه مەترسییەوە.»
عەبادی دەستنیشانیشی کرد کە ئەو ڕۆژەی کۆگه‌ی دەنگەکان سووتێندرا، ساڵیادی داگیرکردنی شاری موسڵ بوو لە لایەن چەتەکانی داعش، دەبێ باش بزانرێت کە ئەمه هێرشێکە لە دژی یەکپارچەیی وه‌ڵات.
ئاگرەکە لە گەورەترین بازنه‌ی هەڵبژاردنەکان کەوتۆتەوە
ئاگر لە کۆگه‌ی ڕه‌سافه لە بازنه‌ی هەڵبژاردنی ڕۆژهەڵاتی بەغداد كه‌وتووه‌ته‌وه. ئەم ناوچه‌یه، گەورەترین بازنه‌ی هەڵبژاردنە. ٦٠ له سه‌دی ٢ ملیۆن ده‌نگده‌ری به‌غدای پایته‌خت له ڕه‌سافه ده‌نگیان داوه.
سندووقەکانی دەنگدان نەسووتاون
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی ره‌سافه عیماد جەمیل به ئاژانسی هەواڵیی فەرەنسای ڕاگه‌یاند: ئاگر لەو هۆڵە کەوتووه‌تەوە کە ئامێری ده‌نگدان و کەلوپەلی دیكه‌ی پێویست بۆ پڕۆسه‌ی هەڵبژاردنەکانی تێدا بووه. ناوبراو گوتیشی: سندووقەکانی دەنگدان لە هۆڵێکی دیكه‌دا بوون و نەسووتاون، بۆیە هیچ مه‌ترسییه‌ك لەسه‌ر دووبارەژماردنەوەی دەنگەکان نییه.
لەلایەکی دیكه‌وه گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ سەعد معان بۆ ڕۆژنامەوانان دوا و دەستنیشانی کرد کە تەنها ئامێر و پێداویستیەکانی هەڵبژاردن سووتاون.
سەدر: دەیانەوێت شەڕی ناوخۆیی هەڵگیرسێنن
موقتەدا سەدر كه لیسته‌كه‌ی له هەڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه، له دوای ڕووداوه‌كه هۆشداری دا ده‌رباره‌ی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ. سەدر گوتی: بۆ ئەوەی لە عێراق شەڕی ناوخۆیی هەڵگیرسێنن، عێراقییه‌كانیان فرۆشت. ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان دژ بەو یارییانە ده‌وه‌ستنه‌وه.
موقتەدا سەدر ڕاشیگه‌یاند: «عێراق بریندارە، وڵاتێکه كه پڕ لە کێشەیە. هەموو شتێک بەسەر عێراقدا هات. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە ئێمە لە به‌رانبه‌ر داگیرکاری و تیرۆر بوه‌ستینه‌وه. دەبێت ئێمە کەموکورتی ناوخۆمان لەناوبەرین و هەموومان پێکەوە سەرلەنوێ عێراق بونیاد بنێینەوە.»
s.m