فێستیڤاڵی کولتور و وەرزشی مۆنشن گلادباخی ئەڵمانیا بۆ یادی شەهیدانی مانگی ئایار رێکخرا

بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ لە شاری مۆنشن گلادباخی ئەڵمانیا فیستیڤاڵی کولتور و وەرزش-یان بەڕێوەبرد. لە پێشبڕکێی تۆپی پێ دا تیپی ئازادی ڤوپێرتاڵ سەرکەوت.

بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ لە ئەیالەتی راین ویستفالیای باکوور (NRW)ی ئەڵمانیا بۆ یادی شەهیدانی مانگی ئایار فیستیڤاڵێکی کەلتور و وەرزشیان بەڕێوەبرد. ژمارەیەکى زۆر لە ئینتەرناسیۆنالیستەکانى ئەڵمانیا لەگەڵ سەدان کوردستانی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کرد.

ئاندۆک تۆلهەڵدان بەناوی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ وتەیەکى پێشکەشکرد و بانگی لە هەموو گەنجان کرد بۆ ئازادیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێبکۆشن.

دوای پێشکەشکردنى وتەکان، تیپی منداڵان چوونە سەر تەختەی شانۆ و لە فێستیڤاڵەکەدا هۆزان کاوە، هۆزان لوقمان و هۆزان شەمزین هونەری خۆیان پێشکەشکرد. کوردستانیان و ئەنتەرناسیۆنالیستەکان بە دەم گۆرانییەکانەوە شایی و گۆڤەندیان گێڕا.

لە فێستیڤاڵەکەدا شوێنێکى تایبەت بۆ منداڵان ئامادە کردابوو و منداڵان بە یارییە جۆراجۆر و رەنگاورەنگەکان دڵخۆش بوون.

لە پێشبڕکێیەکەدا تیمەکانی وڵاتی رۆژئاوا، ئازادیی ڤوپێرتاڵ، ئەنزیگ سپۆر ڤێلبێرت، رۆژاوا بۆن، وڵاتی رۆژ مۆنشن گلادباخ، هەڤاڵ سپۆر١ ئاوسکریشن، هەڤاڵ سپۆر ٢ ئاوسکریشن، ئۆزگیور گەنجلیک گیومەرسباخ، میزۆپۆتامیای ئەسن، ئازادی ئاتیندۆرن و ئامەد سپۆر بۆ سەرکەوتن یارییان کرد.

یارییەکانی تۆپی پێ لە دوو گروپ دا بەڕێوەچوون. تیپەکانی میزۆپۆتامیا ئەسن و ئازادی ڤوپێرتاڵ سەرکەوتن و چوونە قۆناغی کۆتایی. لە ئەنجامی دوا یاریدا تیپی ئازادی ڤوپێرتاڵ سەرکەوت و خەڵاتی یاریزانی ئاگرین (Fair Playê) درا بە تیپی ئامەد سپۆر.

ر.م