لە مارسیلیا و تۆلۆس و دوسلدۆرف گۆشەگیری ئیدانەکرا

گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد لە شارەکانى مارسیلیا و تۆلۆسی فەرەنسا و شارى دوسلدۆرفى ئەڵمانیا ئیدانەکران و بۆ ئیدانەکردنەوەکەش خۆپیشاندان ئەنجامدرا.

گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و هێرشە داگیرکەری و پاکتاوکارانەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر عەفرین و باشووری کوردستان لە شارەکانى مارسیلیا و تۆلۆسی فەرەنسا و شاری دوسلدۆرفی ئەڵمانیا بە ئەنجامدانى چەند خۆپیشاندانێک ئیدانەکران.

خۆپیشاندانەکان بە بەشداریى کوردستانیان و دۆستەکانیان بەڕێوەچوون. خۆپیشاندانەکان لەلایەن رێکخراوە کوردستانییەکان بە تایبەتى ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد (نەجەدەکە - NCDK) رێکخرابوون. خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەى پۆستەرەکانى "ئازادى بۆ ئۆجالان" و "ئازادى بۆ عەفرین"، "بێ سەرۆک ژیان نابێت"، "سەری هلدە – راپەڕە" و "ئازادى بۆ کوردستان" و بە وتنەوەى ئەو دروشمانە، گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و هێرشە داگیرکەرییەکانى تورکیایان بۆ سەر عەفرین و باشووری کوردستان ئیدانەکرد.

هەزاران راگەیاندراو لەبارەى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد و هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر عەفرین و باشوورى کوردستان بەسەر ئامادەبوان و هاووڵاتییانى ئەو شارانەدا دابەشکران.

خۆپیشاندەران رایانگەیاند "بزووتنەوەى کورد لە تورکیا بزووتنەوەیەکى دیموکراتیک و ئەڵتەرناتیڤە". داوای ئەوەیانکرد، گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد هەڵبگیرێت، چونکە کەس لە بەرامبەر ئە گۆشەگیرییەدا سەبری نەماوە. داواشیانکرد، پشتیوانى لە هەڵمەتى رزرگارکردنى عەفرین بکرێت، چونکە بە دڵنیاییەوە عەفرین وەک پارچەیەک لە کوردستان رزگار دەکرێت و کۆتایى بە داگیرکەری و زۆردارى دەهێنرێت.

ر.م