لە نەرویج کەمپەینى واژۆ کۆکردنەوە بۆ تاشدەمیر دەستیپێکرد

ناڕەزایەتییەکان لە دژى رادەستکردنى گولیزار تاشدەمیر چالاکوانى کورد بە تورکیا بەردەوامیى هەیە. لە دژى حکومەتى ئۆسلۆ بۆ پشتیوانیکردن لە تاشدەمیر تێکۆشانی یاسای و خۆپیشاندانى ناڕەزایەتی و کەمپەینى واژۆ کۆکردنەوە دەستیان پێکردووە.

حکومەتى نەورویج رۆژی ٤ى تەمووزی ٢٠١٨ / ١٣ى پووشپەڕ گولیزار تاشدەمیر چالاکوانى سیاسیى کوردی بە کەلەپچەکراوى رادەستى دەوڵەت تورکیاى کرد. چالاکییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە تاشدەمیر بەردەوامییان هەیە. دواى ئەوەى تاشدەمیر رادەستى تورکیا کرا، لە ئەڵمانیا، بەلجیکا، هۆلندا و فەرەنسا و چەندین وڵاتى تر چالاکیی ناڕەزایەتى و خۆپیشاندان لە بەردەم بالێوزخانەکانى نەرویجدا بۆ ئیدانەکردنى ئەو کارەى دەوڵەتى نەرویج بەڕێوەچوون.

پارێزەرەکانى گولیزار تاشدەمیر لە ئۆسلۆ دەستیان بەکارە یاساییەکان کردووە. ئەو دەستەیەش کە بۆ پشتیوانیکردن لە گولیزار تاشدەمیر دامەزرا، دەستیان بە ئەنجامدانى کەمپەینى کۆکردنەوەى واژۆ بۆ تاشدەمیر کرد.

پارێزەر بیرکلاند: ئابڕوچوونێکى یاساییە

جان بیرکلاند پارێزەری گولیزار تاشدەمیر رایگەیاند، بەرپرسانى نەرویج لە دژى مافەکانى مرۆڤ تاوانیان ئەنجامداوە. راشیگەیاند "سەربارى ئەوەى تورکیا بە دوایدا گەڕا، کەسێکى سیاسیش بوو، کە رادەستى تورکیایان کرد. ئەوە نیشانى دەدات هەموو یاساکانى دەوڵەت و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێلکراون. ئەوە بڕیارێکى ئابڕوبەرانەیە. سەربارى هەموو هەوڵەکانمان، دیسانەوە نەمانتوانى پێش لەو بڕیارە بگرین".

پارێزەر بیرکلاند ئەوەى خستەڕوو، لە نەرویج ٢ سکاڵا و لە دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا (DMME)یش سکاڵایەکیان تۆمار کردووە. لە بەردەوامیى قسەکانیدا ئاماژەى بەوەشکرد "پێش ئەوەى تاشدەمیر رادەست بکرێتەوە لە دادگای بەرایى سکاڵایەکمان تۆمارکرد. لە دادگاى باڵاى ئۆسلۆ و دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپاش سکاڵامان تۆمارکرد. ئێستا ٣ سکاڵامان لەسەر تاشدەمیر تۆمارکردووە و هەر ٣ سکاڵاکەش بەردەوامن".

ئەوە پارێزەرەى گولیزار تاشدەمیر ئەوەشى خستەڕوو "دەمانەوێت ئەو بڕیارەی بۆ دەمیرتاش دەرکراوە هەڵبوەشێنرێتەوە. ئەوە ئاشکرا بووە، کە لە پشت بڕیارەکەوە چى هەبووە و هۆکارى بڕیارەکەى چى بووە. دەبێت گولیزار تاشدەمیر بگەڕێننەوە بۆ نەرویج و مافى پەنابەرێتیى پێ بدرێت. پێویستە گوشار بخرێتە سەر تورکیا، چونکە حکومەتى نەرویج لە ژیانى تاشدەمیر بەرپرسیارە. ئەوەى رێگاى بۆ ئەو کارە کردووەتەوە و لێى بەرپرسیارە، حکومەتى نەرویجە".

کەمپەینى واژۆ کۆکردنەوە بۆ تاشدەمیر

"کەمپەینى پشتیوانیکردن لە گولیزار تاشدەمیر" کە لە شاری ئۆسلۆی پایتەختى نەرویج دامەزراوە، دەستی بە کەمپەینى کۆکردنەوەى واژۆ بۆ تاشدەمیر کرد.

کەمپەینەکە بە ناوی "دادپەروەری بۆ گولیزار تاشدەمیر" بەڕێوەدەچێت و بەرپرسانى دەوڵەتى نەرویج بەهۆی رادەستکردنى تاشدەمیرەوە ئیدانە دەکرێن.

"کەمپەینى پشتیوانیکردن لە گولیزار تاشدەمیر" راگەیاندراوێکى بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە "بەرپرسانى نەرویج لەم دۆخەى تاشدەمیر بەرپرسیارن. ئێمە دەمانەوێت نەرویج گوشار بخاتە سەر تورکیا تاوەکو گولیزار تاشدەمیر ئازاد بکرێت و بیگەڕێننەوە بۆ نەرویج. بۆ ئەوەش دەبێت رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پشتیوانى لە کەمپەینەکەمان بکەن".

ناونیشانى کەمپەینى کۆکردنەوەى واژۆ بۆ گولیزار تاشدەمیر

ر.م