لە وان زیندانیان ئەشکەنجە دەکرێن

لە زیندانى ئەمنیى باڵاى وان دەستکراوە بە ئەشکەنجەکردنى ئەو زیندانیانەى کە لە دژی گۆشەگیری مانیان گرتبوو. ئەو زیندانیانەشی کە رێگایان نەدا بە رووتی پشکنینان بۆ بکرێت، ئەشکەنجە کران.

لە زیندانى ئەمنیى باڵاى وان ١٦٥ زیندانی بۆ پشتیوانیکردن لە مانگرتنی سەرتاسەریى زیندانیان بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستیان بە مانگرتن کردبوو. ئێستا بە پاساوی لێپرسینەوەى دیسیپلین دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە لە ١٠٠ زیندانیان.

چیچەک توتوش یەکێک لەو زیندانیانەیە، کە قبوڵی نەکردبوو بە رووتی پشکنینی بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بکرێت، لەلایەن ٤ پاسەوانى زیندانەکەوە دەستکرا بە ئەشکەنجەکردنی. بەڕێوەبەرایەتیى زیندانەکەش بە بەردوامى هەڵدەکوتێتە سەر ژووری زیندانییەکان و دەستدەکەن بە پشکنین و بێڕێزیکردن و لێدانى زیندانیان.

بەپێى زانیارییەکان چیچەک توتوش لە زیندانى تارسوسەوە دوورخراوەتەوە بۆ زیندانى جۆری تیى وان. لەگەڵ دیلەک جەیلان و هولیا دیلەک دەبران بۆ هۆڵی زیندان و بە زۆر داوایان لێکرابوو خۆیان رووت بکەنەوە تاوەکو بە رووتی پشکنینیان بۆ بکرێت. دواى ئەوەى ئەو زیندانیانە ئەو داوایەیان قبوڵ نەکرد لەلایەن ٤ پاسەوانى زیندانەوەى هێرشیان کرایە سەر و دەستیان بە ئەشکەنجەکردنی چیچیەک توتوش کرد.

 چیچەک توتوش نەخۆشیى تەنگیى هەناسەى هەیە و لە دواى ئەوەى بەهۆی ئەشکەنجەکانەوە باری تەندروستیى تێکچوو بەڕێوەبەری زیندانەکە پێی وتوە "بە ئەنقەست وا لە خۆت مەکە" و لەبەر ئەوەش دەرمانی تەنگیى هەناسەیان پێنەداوە، بەڵام لە دواى ئەوەى دۆخی تەندروستیى چیچەک زۆر بەرەو خراپی رۆیشتووە، دەرمانەکەیان پێداوە.

بەشێکى زۆری جەستەى توتوش بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەى پاسەوانەکانى زیندانەوە شین و مۆر بووەتەوە و سەربارى ئەوەش بەڕێوەبەری زیندانەکە سزای ١٠ رۆژ ژووری تاکەکەسیى بەسەردا سەپاندووە.

بەڕێوەبەری ئەو زیندانە چاوی لەسەر ئەو زیندانیانەیە کە بەشداریى مانگرتنەکەیان کردووە و دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵ ١٠٠ زیندانیى سیاسی، کە لەسەر بانگەوازی زیندانییەکان بۆ نەهێشتنى گۆشەگیریى لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئازادکردنى زیندانییە نەخۆشەکان مانیانگرتبوو.

هەروەها بەڕێوەبەری زیندانەکە بە چینکۆ و چەرداخ ئاسمانى قاوەشەکانى زیندانەکەى داپۆشیوە و بەو شێوەیە زیندانیەکانى لە وەرگرتنى هەوای تازە و بینیى ئاسمان و شوێنى کراوە بێبەشکرد.

ر.م