لە وان و ئەستەنبۆڵ قڕکردنی سیاسی؛ چەندین کەس دەستگیر کران

لە شاری وان و لە ٨ ناوچەی سەر بە شاری وان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پۆلیس هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵان و ١٧ کەسیان دەستگیر کرد. هاوکات هاوسەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستى بندەستان (ئەسەپە – ESP) شاهین توموکلو-ش لەناو دەستگیرکراوەکاندایە.

لەناوەندی وان و لە ٨ ناوچەی دیکە، ١٧ کەس لە ئەندامانی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک (دەتەکە - DTK) و ئەندامانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە - HDP) دەستگیر کران و بردنیانن بۆ بنکەی ئاسایش.

ئەو کەسانەی دەستگیر کران بریتین لە: "نەسیبە ئاکداغ، فیکرەت دۆغان، محەمەد سەعید کارابیک، فاتیح شاهین، حەسەن گۆڤەن، عەبدوڵڵا کەلەش، وەحیەدین ئۆجا، ئەرتوغڵوڵ کۆرکماز، ئەسرا بابوور، شەفیق ئوماز، دیلان یلدز، بەهادین ئاڤوز، سەید کلچ، بورهان ئاتماجا 'هاوسەرۆکی هەدەپەی ناوچەی قەلقەلێ'، تەحسین ئاکت، وەیسی ئاکت، موحسین ئالاداغ ".

هاوسەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستى بندەستان (ئەسەپە – ESP)یش دەستگیر کرا

هاوکات پۆلیس لە ئیستەنبول هەڵیانکوتایە سەر بەڕێوەبەرانی پارتی سۆسیالیستى بندەستان (ئەسەپە – ESP)، لە هەڵکوتانەکەدا هاوسەرۆکی گشتی پارتەکە شاهین توموکلو، سەرۆکی ڕێکخستنەکانی ئەستەنبۆڵی هەمان پارت بەناوی پنار تورک، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی پارتەکە بەناوەکانی حسێن ئیلدان و ساڤاش باشاک دەستگیر کراون.

ژ.ت