لە ٣ شاری سوید چالاکی لە دژی پیلانگێڕیى ٩ تشرینى یەکەم ئەنجامدرا

لە ٢٠هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیى نێودەوڵەتی لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شارەکانى ستۆکهۆلم، بۆرلینە و یاڤلەى سوید زنجیرە چالاکییەک ئەنجامدران. لە چالاکییەکاندا گۆشەگیریى سەر ئۆجالان ئیدانە کران و داواى ئازادیى ئۆجالان کرا.

ستۆکهۆلم – سوید

لە شاری  ستۆکهۆلمی پایتەختى سوید چالاکییەک ئەنجامدرا و لە چالاکییەکەدا ژنان پۆستەرێکیان بە دروشمی "ئازادی بۆ ئۆجالان" بەرزکردەوە و سەدان راگەیاندراویان بڵاوکردەوە. چالاکوانەکان لەسەر گۆشەگیریى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد زانیارییان بۆ راى گشتى و هاووڵاتییان بڵاوکردەوە.

شوکران یەشیل یەکێک لە ژنە چالاکوانەکان بە ئاژنسى هەواڵى فورات (ANF)ی راگەیاند "گۆشەگیرکردنى رێبەرەکەمان، کە ملیۆنەها کەس بە ئیرادەی خۆیانى دەزانن، قبوڵ ناکرێت. پیلانگێڕییەکەى ٢٠ ساڵ لەوە پێش، کە بۆ تێکشکاندنی ئیرادەى گەلی کورد و لە دژی ئۆجالان دەستیپێکرد ئێستاش بە شێوەی جۆراجۆر بەردەوامە. تاوەکو ئۆجالان ئازاد نەبێت بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان".

یەشیل داواى لە رێکخراوى جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) کرد، کە دەست بە جوڵە بکات و ئەرکەکانى خۆی جێبەجێ بکات و داواشى لە گەلی کورد و دۆستەکانیى کرد کە بە بەهێزتر خاوەنداری لە تێکۆشان بکەن.

 

بۆرلینە – سوید

چالاکوانان لە شاری بۆرلینە بە پێشەنگایەتیى گەنجانی ئازاد چالاکییەکیان ئەنجامدا. شەفیق ئاگر بە نوێنەرایەتیى ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد وتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند، پیلانگێڕیى ٩ی تشرینى یەکەم بۆ تێکشاندنی ئیرادەى گەلی کورد ئەنجامدرا، بەڵام بە بەرخۆدانى ئۆجالان و گەلی کورد ئەو پیلانگێڕییە پوچەڵکرایەوە.

ئاگر راشیگەیاند، لە ئەنجامى بەرخۆداندا گەلی کورد لە رۆژئاوا و باکووری کوردستان بووە خاوەن دەستکەوتى گرنگ.

ئاگر سوید و یەکێتیى ئەوروپای بەوە تۆمەتبار کرد، کە لە بەرامبەر گۆشەگیریدا بێدەنگ و داواى لە سی پی تی و رێکخراوەکانى تری کۆمەڵی شارستانى کرد، کە لە دژی گۆشەگیریى سەر ئۆجالان بێنە دەنگ و کاردانەوەیان هەبێت.

لە چالاکییەکەدا رێپێوانێکى بە مەشخەڵیش ئەنجامدار و دروشمەکانى "ئازادی بۆ ئۆجالان"، "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بکوژ ئەردۆغان" و "تیرۆریست تورکیا" وترانەوە.

یاڤلە - سوید

لە شاری یاڤلەی سوید لەسەر داواى گەنجانی ئازاد و ژنانى گەنج و ئازاد رێپێوانێکی بە مەشخەڵ رێکخرا و پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى ئیدانە کرا. چالاکوانەکان بۆ ئازادیى ئۆجالان سەدان راگەیاندراویان بە ناو هاووڵاتییاندا بڵاوکردەوە.

ر.م