لە ٧ گەورە شاری ئەوروپا گۆشەگیریى سەر ئۆجالان ئیدانە کرا

لە شارەکانی ئامستردام، مارسیلیا، مونپیلیە، پافۆس، پاریس، ڤییەنا و گراتز گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و بڕیارەکەى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا ئیدانە کران.

کوردستانیان و دۆستەکانیان، چالاکوان و کەسایەتی و نوێنەرانى حیزبە چەپەکان و چالاکوانانى ژنان لە ژمارەیەک لە گەورە شارەکانى وڵاتانى فەرەنسا، نەمسا، قوبرس و هۆڵاند بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و هەروەها بۆ شەرمەزارکردنى بڕیاری دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا، رایگەیاندبوو لە ئیمراڵی ئەشکەنجە بوونی نییە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى و چالاکى بەڕێوەچوون.

  ئامستردام

لە شاری ئامستردامی پایتەختی هۆڵاند گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و بڕیارەکەى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا ئیدانە کرا. بە زمانی هۆڵندی راگەیاندراو لەسەر دۆخی ئۆجالان و سیستمی ئەشکەنجەى ئیمراڵی بڵاوکرایەوە. سەردانى ئەردۆغانیش بۆ ئەڵمانیا ئیدانە کرا.

پاریس

لەسەر داواى بزووتنەوەى ژنانى کورد لە فەرەنسا (TJK-F) و کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە فەرەنسا (CDK-F) خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو و تیایدا ژنان پۆستەرەکانی 'ژیانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە مەترسیدایە، بەرپرسەکانیش پیلانگێڕەکان و ئەوانەن دەستگیریان کردووە'. بە دەنگى بەرزیش دروشمەکانى "ئازادی بۆ ئۆجالان"، "بێ سەرۆک ژیان نابێت" و "دیکتاتۆر ئەردۆغان" دەوترانەوە.

مارسیلیا

لە شاری مارسیلیای فەرەنسا بۆ ئیدانەکردنی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو. خۆپیشاندانەکە بە پێشەنگایەتیى ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە مارسیلیا رێکخرابوو. لە خۆپیشاندانەکەدا دروشمەکانى "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ئازادی بۆ ئۆجالان" دەوترانەوە. راگەیاندراویش لەبارەى دۆخی ئۆجالان و ئەشکەنجەى ئیمراڵی بڵاوکرایەوە. بڕیارەکەى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا و سەردانى ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیاش ئیدانەکرا.

مونپیلیە

لە شاری مونپیلیەى فەرەنسا لەلایەن ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد خۆپیشاندانێک بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رێکخرا. لە خۆپیشاندانەکەدا دروشمەکانى "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "ئێمە هەموومان پەکەکەین"، "پێگە بۆ کوردستان و ئازادی بۆ ئۆجالان"، "بێ سەرۆک ژیان نابێت" و "بکوژ ئەردۆغان" دەوترانەوە.

لە خۆپیشاندانەکەدا بڕیارەکەى دادگاى مافی مرۆڤى ئەروپاش ئیدانەکرا، چونکە ئەو دادگایە رایگەیاندبوو، لە ئیمراڵی ئەشکەنجە بوونی نییە.

پافۆس

لە شاری پافۆسی قوبرس بۆ ئیدانەکردى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد چالاکییەک ئەنجامدرا. لە چالاکییەکەدا داوا لە رێکخراوی جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرا بەرامبەر بە گۆشەگیری و سیستمی ئەشکەنجەى ئیمراڵی بێدەنگ نەبن. لە چالاکییەکەدا سەدان راگەیاندراویش لەسەر دۆخی ئۆجالان و ئەشکەنجەى ئیمراڵی بڵاوکرایەوە.

ڤییەنا

لە شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لەلایەن ناوەندی دیموکراتیکى کۆمەڵگەى کورد لە ڤییەنا خۆپیشاندانێک رێکخرا. لە خۆپیشاندانەکەدا پۆستەری "ئازادی بۆ ئۆجالان و ئاشتی بۆ کوردستان" بەرزکرابوویەوە.

لە چالاکییەکەدا رێز لە ئومێد ئاجار و هەموو شەهیدانى ئازادی گیرا. هاوکاریى حکومەتى ئەڵمانیا بۆ تورکیا ئیدانەکرا.

نورجان گیولەرزی هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى گەلی دیموکراتیک لە ڤییەنا رایگەیاند "ماوەى ٢٠ ساڵە رێبەرایەتی لە زیندانى تاکە کەسیى ئیمراڵی راگیراوە. ماوەی ٧ ساڵە رێگا بە پارێزەرەکانى نادرێت سەردانى بکەن و ماوەى نزیکەى ٢ ساڵیشە رێگا بە بنەماڵەکەى نەدراوە چاویان پێى بکەوێت، بۆیە هەموو ئەوانە نیگەرانیى قوڵی لەسەر دۆخ، ژیان و ئاسایشی رێبەرایەتی بۆ دروستکردوین".

گراتز

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شاری گراتزی نەمسا و لەسەر داواى ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد چالاکییەکیان بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان بەرێوەبرد.

لە چالاکییەکەدا پۆستەری "ئازادی بۆ ئۆجالان" بەرزکرابوویەوە. ژمارەیەکى زۆر راگەیاندراویش لەسەر دۆخی ئۆجالان و سیستمى ئەشکەنجەى ئیمراڵی لە شوێنى چالاکییەکەدا بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکرا.

ر.م