لە ٩ شار و ناوچەی فەرەنسا نەورۆز پیرۆز کرا

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە ٩ شار و ناوچەی فەرەنسا رژانە سەر شەقامەکان و مەشخەڵیان گرت بە دەستیانەوە و نەورۆزیان پیرۆز کرد.

 

ستراسبۆرگ

کوردستانیان بە رۆحی بەرخودانى چالاکیی مانگرتن لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا، کە ماوەی ٩٤ رۆژە بەردەوامە، لە گۆڕەپانی ریپوبلیک (کۆماری) کۆبوونەوە و جەژنى ژیانەوە و بەرخودانی نەورزۆیان پیرۆز کرد. جەماوەری گەل بە ئاڵاکانى پەکەکە، یەپەگە، یەپەژە، وێنەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و بە مەشخەڵ گرتن بە دەستەوە تاوەکو پلاس کلیبر رێپێوانیان ئەنجامدا. جەماوەر بە دەوری ئاگری نەورۆزدا شایی و هەڵپەڕکێ و گۆڤەندیان گێڕا.

بۆردو

لە شاری بۆردوی فەرەنسا بە بەشداریى سەدان کەس رێپێوانێکى بە مەشخەڵ ئەنجامدرا و نەورۆز لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، لەیلا گیوڤةن و هەموو گەلی کورد پیرۆز کرا. داوا کرا هەموان بەشداری ئاهەنگە گەورەکەى نەورۆز لە رۆژی یەکشەمەدا ببن.

 

درانسی

نەورۆز لە درانسی بە رێپێوانێکى بە مەشخەڵەوە پیرۆز کرا. رێپێوانەکە لە بەردەم ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد دەستیپێکرد و تاوەکو بەردەم شارەوانیى درانسی بەردەوام بوو و پیرۆزباییەکەى نەورۆز بە ئاهەنگ و گۆرانی و هەڵپەڕکێ  و گۆڤەند کۆتایى پێهات.

رێن

کوردستانیان لە شاری رێن لە بەردەم میترۆی ئەو شارە کۆبوونەوە و تاوەکو گۆڕەپانى کۆماریى ئەو شارە رێپێوانیان ئەنجامدا و یادی شەهیدانى نەورۆزیان کردەوە و یادیان بەرز راگرتن. لە چالاکییەکەدا سڵاو بۆ چالاکوانانى مانگرتوو رەوانە کرا.

 

ئیڤری

کوردان لە شاری ئێڤری لە بەردەم ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیک تاوەکو بەردەم پۆستەخانەى ئەو شارە رێپێوانێکی بە مەشخەڵیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا پۆستەر و لافیتە بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکییەکانى مانگرتن بەرزکرانەوە.

ڤیلیەل بێل

کوردستانیان لەگەڵ دۆستەکانیان لە بەردەم وێستەگەى سەرەکیى ترەنی ڤیلیەل بێل کۆبوونەوە و رێپێوانێکى بە مەشخەڵانیان تاوەکو بەردەم ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیک ئەنجامدا و جەژنى نەورۆزیان پیرۆز کرد.

 

لیۆن

لە شاری لیۆن نەورۆز بە رێپێوانێکى بە مەشخەڵ پیرۆز کرا. رێکخراوەکانى Assaciation Iséroise des amis des Kurdes, Amitie Kurdes Lyon, Assaciation France Kurdistan, MJCF du Rhône, NPA Rhône  پشتیوانیان لە ئاهەنگى نەورۆز و پیرۆزبایى نەورۆز کرد.

مانتالی ژولی

لە مانتالی ژولیى پاریس بە رێپێوانێک نەورۆز پیرۆز کرا و گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئیدانە کرا و سڵاو بۆ بەرخودێرانى مانگرتوو نێردرا.

 

مارسیلیا

لە شاری مارسیلیا کوردستانیان بۆ پیرۆزکردنى نەورۆز لە گۆڕەپانى کانابێری کۆبوونەوە و تاوەکو ڤیوکس پۆرت رێپێوانێکی بە مەشخەڵ ئەنجامدا و نەورۆزیان پیرۆز کرد.

ر.م