لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆنفڕانسی ڕۆژئاوا بەردەوامە

لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆنفڕانسی پشتگیری لە ڕۆژئاوا و لەدژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە ڕۆژی دووەمدا بەردەوامە.

بەشی دووەمی کۆنفرانسەکە کە ڕۆژی چوارشەمە دەستیپێکرد، ٠٩:٣٠ دەستیپێکردەوە و داگیرکەری تورک، هۆکاری و ئەنجامەکانی، بۆچی هێزە نێودەوڵەتیەکان ڕێگریان لێنەکرد، هەڵوێستێکی چۆن دەبێت پیشان بدرێت، لەسەر زەمینەی یاسایی چۆن لێپرسینەوە لەگەڵ تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دەکرێت، پڕۆژەی ڕۆژئاوا و ڕێگای دەرچوون لە قەیرانی سوریا چییە، گۆتوبێژ دەکرێن.

نوێنەرانەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، پەرلەمانتارانی ئەوروپا، ئەکادیمیسیەن، نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕۆژنامەنووس و پەیامنێران مافی قسەکردن وەردەگرن.

بەشێک لە کۆنفرانسەکە لەبارەی ڕەوایەتیدانە بە تیرۆریزم  و پشتگیریکردنە لە تیرۆر لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە. ئوسامە سلێمان دامەزرێنەری مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئەم بابەتە قسە دەکات. ناسحەت ئەلهیدی ڕۆژنامەنووسی میسریش باسی هێرشی تورک بۆ سەر جیهانی عەرەبی دەکات.

لە ناو قسەکەراندا پیر ئۆرنیس سەفیری کاری مرۆیی وەزارەتی دەرەوەی سویدیش هەیە. ئۆرنیس بۆچوونی ئەوروپا لەسەر داگیرکەری شیدەکاتەوە.

پیتەر گالبرایز دیپلۆماتی پێشوو و ڕاوێژکاری سیاسی ئەمریکیش باسی ئەوەدەکات، لە چوارچێوەی یاساییدا تورکیا دەتوانیت چۆن وڵام بداتەوە.

پرۆفیسۆر دکتور دێڤید گرابیر باسی ڕاستی کۆمەڵگای مەدەنی دەکات، ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی دیموکراتیکی سوریا لەسەر پرسی "پێویستە چارەسەریەکی چۆن بۆ شەڕی سوریا بدۆزرێتەوە" قسە دەکات.

یەکەمین رۆژی کۆنفڕانسەکەی پەرلەمانی ئەورۆپا تایبەت بوو بە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و پاکتاوی نەژادی و پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەل تیرۆرستان و هەروەها هەلوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر بەو پرسە، کە لە لایەن فراکسیۆنی سەوز و بەرێوەبەرایەتی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و رێکەوتنی پاراستنی ئازادی و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییەوە ساز کرابوو. ئەم دانیشتنەی پەرلەمانی ئەورۆپا پێشوازییەکی بێوێنەی لێکراو هۆڵی کۆنفڕانسەکەی پڕ کرد و جێی دانیشتنی تێدا نەما.

لە کۆنفڕانسەکەدا لەسەر ناوی فراکسیۆنی رێکەوتنی ئازادی-ی پارتی سەوز فرانچۆیس ئالفۆنسی کە لە هەمان کاتدا ئەندام پەرلەمانی یەکێتی ئەورۆپایە رایگەیاند ئەوان دڵخۆشن کە ئەم کۆنفڕانسە لە لایەن فراکسیۆنی سەوزەوە رێکخراوە. ناوبراو، هەڤرین خەلەف ژنە سیاسەتمەداری کوردی بەبیر هێنایەوە کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژراو وتی:" پێویستە ئەمڕۆ ئەویش لێرە بوایا. بە شێویەیەکی سیمبۆلیک شوێنێکمان بۆ ئەو دیاری کردووە. دەوڵەتی تورک پێویستە بە هۆی تاوانی شەڕەوە دادگایی بکرێت."

گاولاوم تۆرنییە سەرۆکی رێکەوتنی پاراستنی ئازادی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی کە یەکێکی دیکە بوو لە رێکخەرانی کۆنفڕانسەکە قسەی کردو وتی:" داوایەکی ئاشکرا ئاڕاستەی ئەورۆپا دەکەین کە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە. رێکەوتنی پاراستنی ئازادی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بانگ لە ئەورۆپا دەکات، لە بەرامبەر پاراستنی هاوڵاتی و رێکخراوەکانی، بەپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات. ئەمە تەنها ئەرکێک نییە، بەڵکو ئاستێکی ژیانکردنە. پێویستە مافەکانی مرۆڤ جێبەجێ بکرێن. پێویستە یەکسانی جێبەجێ بکرێت. پێویستە ئەورۆپا بێدەنگ نەبێت لەو رووداوانەی ئەمڕۆ لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا روودەدەن."

بێرنارد کۆشنەر وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا و هاوسەرۆکی رێکخراوی پزیشکانی بێسنۆر سەرەتا لە سیمینارەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند، ئەو بە ناوی رێکخراوەکەیان و دۆستایەتی نێوان ئەو و کوردەکان قسە دەکات و وتی:" ئەو رووداوانەی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا روو دەدەن جگە لە دڕندەیی هیچ شتێکی دیکە نییە. پشتیوانی من بۆ گەلی کورد هەمیشە هەبووە و بەردەوامیش دەبم لەو پشتیوانییەدا."

کۆشنەر هەروەها باسی لە بێدەنگی رێکخراو و هێزە نێودەوڵەتییەکان لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک کرد و بەم شێویە دوا:" هۆکاری ئەم بێدەنگییە روون و ئاشکرایە. کورد خاوەنی وڵاتی خۆیان نین. گەلێکە، بە داگیرکردن پارچەکراون. گەلی کورد گەلێک نییە تەنها وەکو پارچەکراو تەماشا بکرێت، ئەو نرخانەی کورد دەیانپارێزێت، نرخی هەموو ئەورۆپاشن."

سولەیمان ئانساری رۆژنامەنووسی خەڵکی عەرەبستانی سعودی، کە پسپۆری بواری ناسینی تیرۆریزمە لە بارەی ستراتیجی داگیرکەری و پاکتاوی نەژادیی دەوڵەتی تورک قسەی کرد و تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەردۆغان لە دژی ئەرمەنییەکان کۆمەڵکوژی ئەنجامداوەو وتی:"ئەردۆغان هەڕەشەیەک دروست دەکات کەوا لە سەرتاسەری جیهان بڵاو دەبێتەوە. دیکتاتۆریی ئەردۆغان لە شێوازی دیکتاتۆریی هیتلەر و مۆسۆلینی دەچێت."

ئانساری هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەردۆغان پشتیوانی لە ئیخوان مسلمینەکانی ئەورۆپاش دەکات و وتی:" لە هەمان کاتدا ئەردۆغان پشتیوانی لە گروپە تیرۆرستییەکەی داعش دەکات. ئێمەش لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک، لەگەڵ ئێوەداین."

ف.ق