لە چۆڵەوانییەکدا دوو منداڵ ئەشکەنجە دراون

دوای ئەو چالاکییەی کە لە دژی زرێپۆشەکانی سوپای تورک لە ڕۆژی ٢٤ی تەمموزی /٣ی گەلاوێژ لە یەنیشەهیری ئامەد ئەنجامدرا، باس لەوەدەکرێت کە پۆلیس ٢منداڵی دەستگیر کردووە و لە چۆڵەوانییەکەدا ئەشکەنجەی داون.

وترا دوای ئەو هێرشە بۆ سەر ئۆتۆمبیلە زرێپۆشەکە لە یەنیشەهیر، دوو مێردمنداڵ دەستگیر کران و پۆلیس هەردو مێردمنداڵەکەیان بردوونەکە چۆڵەوانییەک و ئەشکەنجەی داون. یەکێک لەو منداڵانە ناوی (م. ئا)یە، دایکەکەی بەناوی فاتمە ئاککالن، وتی: "ئەوەندەیان لێدابوو ئاگای لەخۆی نەبوو".

 لە ٢٤ی تەمووزدا لە گەڕەکی شەهیدلکی یەنیشەهیری ئامەد، ژمارەیەک کەسی نەناسراو هێرشێکیان کردبوو. دوای هێرشەکە پۆلیسەکان دوو مێردمنداڵیان بە ناوەکانی (م.ئا) تەمەن ١٧ ساڵ، (ئا.هـ) تەمەن ١٧ ساڵ، کە لەبەردەم دووکانێک دانیشتبوون، دەستگیر کرد. ئاشکرا بووە کە پۆلیسەکان هەردوو مێردمداڵەکەیان  بردوەتە سەر ڕێگای فارقین – ئامەد و لە چۆڵەوانییەکدا ئەشکەنجەیان داون. دوای ئەوە هەردووکیان بردونەتە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئامەد و لەوێ جارێکی دیکە ئەشکەنجە دراون.

 لە ٢٥ی تەمووزی ٢٠١٩/ ٤ی پووشپەڕ، ئەمجارە برای (م. ئا)ش کە تەمەنی ١٦ ساڵە دەستبەسەر کرا هەردوو برا و (ئا، هـ) لە بەشی نەوجەوانانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشن. فاتمە ئاککالن، دایکی (م.ئا) ڕایگەیاند کە دوای ئەوەی کە زانیویەتی کوڕەکەی دەستبەسەر کراوە سەردانی بەشی نەوجەوانانی کردووە، بەڵام پۆلیس پێیانوتووە کوڕەکەی لەوێ نییە و وتی: "کاتێک لە بەشی نەوجەوانان هاتمە دەرەوە، هاوڕێی کوڕەکەمم لەناو ئۆتۆمبیلی پۆلیسدا بینی. دەموچاوی شێواو بوو، نەیدەتوانی بڕوات. دەمووچاوی هەمووی برین بوون".

 بردویانەتە دژە تیرۆر

 ئاککالن ئاماژەی بەوە کرد کە دواتر زانیویانە کە کوڕەکەیان براوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆری سەر بە ئاسایشی تورک و وتی: "لە بەشی نەجەوانان بانگ کراون. ئێمە بەوە زانیمان کە لە بەشی دژە تیرۆرن. وتم کوڕەکەم بچووکە، بۆچی بردویانەتە دژە تیرۆر. لەسەر ئەوە چوومە دژە تیرۆر. ئەوانیش سەرەتا ئێمەیان هەڵخەڵەتاند. مەگەر ئەو کاتە کوڕەکەمیان ئەشکەنجە دەدا. نزیکەی کاتژمێر ١:٠٠ بوو کە پارێزەر هات. دوای ئەوەی پارێزەر هات منداڵەکانیان بردنە بەشی منداڵان".

 ئاککالن ئەوەشی وت کە بۆ بینین منداڵەکانی چووەتە بەشی نەوجەوانان و وتی: "خوێن بە دەم و لوتیانەوە بوو. هەرچی کردم نەیانهێشت لە کوڕەکەم نزیک ببمەوە. کاتێک کوڕەکەمم بینی، قاچەکانی بەدوای خۆیدا دەخشاند. ڕۆژی دواتر پارێزەر چوە لای کوڕەکەم. وتی، کوڕەکەت لە دۆخێکی وەها دایە ناتوانێت قسە بکات. دواتر من کوڕەکەمم بینی. کاتێک لەباوەشم گرت، وتی 'دایکە هێواش، هەموو گیانم دێشێت' وەک بڵێی هەموو پەراسووەکانی شکابن. کوڕەکەم وتی. دوای ئەوەی لە شەهیدلیک دەستبەسەر کران، بردویانەتە چۆڵەوانییەک و لەوێ ئەشکەنجەیان داون. لەوێ پۆلیسەکان بە قۆناغە تفەنگ و بە ئاسنێک کە ناوەکەی نازانن لێیان داون. جوێنیان پێداون و هەڕەشەیان لێ کردون و پێیان وتوون کە ئەوە دوا دەرفەتتانە، ئەتانکوژین."

 ڕاپۆڕتەکەیان نەداوە

 ئەککالن ئاماژەی بەوە کرد، هەموو شوێنێکی کوڕەکەم برین بوو و وتی: "سەرەتا کوڕەکەمیان بردوەتە نەخۆشخانەی حکومی، دواتر بردویانەتە نەخۆشخانەی سەربازی. بەڵام ڕاپۆرتی لێدانیان نەداوە. کە لێی درابوو لەهۆش خۆی نەبوو. کوڕەکەمیان پەرێشان کردووە. ئەو کاتەی ڕووداوەکە قەوماوە کوڕەکەم لەبەردەم دوکانەکە بووە، ڤیدیۆکەی هەیە. بەڵام دیسانیش ئازادیان نەکرد. بەردەوام ئەشکەنجەی دەدەن".

 چەکیان خستوەتە سەر سەری منداڵی ٩ی ساڵە

ئاککالن باسی لەوەش کرد کە پێشتریش پۆلیس هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و چەکیان خستوەتە سەر سەری کچە ٩ ساڵانەکەی و وتی: "حاڵەتی دەروونی کچەکەم تێکچوو. لێوەکانی قەڵشیان برد. کاتێک ئۆتۆمبیلێک دێت یان لە دەرگا دەدرێت، دەڵێین ئەوە دیسان پۆلیس هاتن، با ئەو زوڵمە کۆتایی بێت. لە ڕووی یاساییەوە لێپرسینەوە لەوە دەکەین. هەتا دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاش دەچین".

سەرچاوە: ئاژانسی مه‌زۆپۆتامیا

ک-ش