لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵمەتی "ئیدی بەسە" ڕاگەیەندرا

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (دەستپێشخەری گەل) هەڵمەتی "ئیدی بەسە"ی ڕاگەیاند و ئاشکرای کردووە: "لە هەر شوێنێک ستەم هەیە، بەرخۆدان و تێکۆشانیش هەیە و دەبێت هەمووان بۆ ژیانێکی ئازاد، بڕژێنە نێو شەقامەکان و بەرخۆدان بکەن.

ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سکرتاریەتی (دەستپێشخەری گەل) بە ڕاگەیەندراوێک لە ژێر ناوی "لە هەر شوێنێک ستەم هەیە، بەرخۆدان و تێکۆشانیش هەیە" لەسەر لاپەڕەی فەیسبوکی خۆیان بەناوی "دیگر بس است - ئیدی بەسە" هەڵمەتێکی سەرتاسەری لەو بەشەی وڵات بە ناوی "ئیدی بەسە" ڕاگەیاند.

لە ڕاگەندراوەکەی دەستپێشخەریەکەدا باس لە کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد لە سەدەی رابردووەو تا ئێستا و تێکۆشان و بەرخۆدانی گەلی کورد لە بەرامبەریدا کراوە. هاوکات تێیدا داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە تا هاوشانی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکە بۆ ژیانێکی ئازاد یەکسان و مرۆڤانە، دەست بە بەرخۆدان و تێکۆشان بکەن و بڕژێنە نێو کوچە و کۆڵان شەقامەکان.

تەواوی دەقی ڕاگەیەندراوەکە سکرتاریەتی (دەستپێشخەری گەل) بەمشێوەیە یە:

لە هەر شوێنێک ستم هەیە، بەرخۆدان و تێکۆشانیش هەیە

بۆ گەلی قارەمان

سەدەی ٢٠ سەدەی نکۆڵی و تواندنەوەی گەلی کورد بوو، ئەنفال، کیمیاباران، کۆمەڵکۆژیی، تیرۆر، سێدارە و ئەشکەنجە، سەدەیەک پڕاوپڕ لە تۆندوتیژیی و هەڵئاواردن و نابەرابەری بۆ گەلی کورد تۆمارکرد، گەلی ئێمەش دەستیان داوەتە تێکۆشانێکی بێوچان و قارەمانانە لە هەر چوار بەشی کوردستان و لەم ڕێگایەدا بە هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە گیانی خۆیانیان لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا فیدا کردووە و هێشتاش ئەم تێکۆشان و قارەمانەتییە بە ڕێبەرایەتی 'ڕێبەر ئاپۆ' بەردەوامە.

ئێمە ڕۆڵە و قوتابی کەسانێکین کە بە درێژایی چەندین سەدە بە بەخشینی گیانی خۆیان ئێمەیان فێر کرد، کە چۆن دەستمان بە ژیانێکی ئازاد و سەبەرزانە بگات، هەروەها نیشانیاندا کە 'تاکە ڕێگای ئازادی بەرخۆدانە و بەرخۆدان ژیانە'، ئێمەش وەک پێشەنگەکانمان ژیانی کۆیلایەتی، بێ بەرابەری، بێ سەربەرزیی و بێ ئازادی، قبوڵ ناکەین و بانگەوازی لە خەڵکی قارەمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، کە لەگەڵ گەلەکەمان لە سێ بەشەکەی دیکەی کوردستان بۆ ژیانێکی ئازاد، بەرابەر و مرۆڤانە دەست بە بەرخۆدان و خۆپێشاندان بکەن و بۆ داواکارییە ڕەوا و مرۆییەکانی خۆیان بە شێوەی گردبوونەوەی جەماوەری بڕژێنە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بەو مەبەستەش سکرتارییەتی "دەستپێشخەری گەل" دامەزراوە و لێدوان و بانگەوازییەکانی لە ناونیشانە ئەنترنتیەکانی تایبەتی خۆی بڵاوو دەکاتەوە.

 

هـ.هـ