لە ڤییەنا و بەرلین و هانۆڤەر چالاکى بۆ عەفرین ئەنجامدران

لە ساڵیادی هێرشی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانى بۆ سەر عەفرین لە شارەکانى ڤییەنا، بەرلین و هانۆڤەر چالاکی بۆ ئیدانەکردنى ئەو هێرش و داگیرکەرییەى دەوڵەتى تورک و چەتەکانى بەڕێوەچوون.

لە ساڵیادى هێرشی دەوڵەتى تورک و گروپە چەتەکانی بۆ داگیرکردنى عەفرین و بۆ ئیدانەکردنى ئەو هێرش و داگیرکەرییانە لە شاری ڤییەناى پایتەختى نەمسا، بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا و شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا زنجیرە چالاکییەک بەڕێوەچوون.

ڤییەنا

کوردستانیان لە وێستبانۆف کریستان باردۆ پلاتز لە شاری ڤییەنای پایتەختى نەمسا کۆبوونەوە و ئاڵاکانى یەپەگە و یەپەژە و پۆستەرەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان بەرز کردەوە.

ئاگری کۆبانێ نوێنەرى پەیەدە لە ڤییەنا لە  چالاکییەکەدا وتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند، تاوەکو نەمان و تێکشکاندنی داگیرکەریى تورکیا لە عەفرین بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان.

جەماوەری گەل دواتر بە وتنەوەى دروشمەکانى "بژی عەفرین"، "بژی رۆژئاوا" رێپێوانێکیان بەرەو میسیومکوارتێر ئەنجامدا.

لە دواى رێپێوانەکە میتینگێکیان ئەنجامدا و گەرهارد ماک سکرتێری گشتیى دەستپێشخەریى سەندیکا کۆمۆنیستییەکان لە میتینگەکەدا رایگەیاند، داگیرکردنى عەفرین ئیدانە دەکەن و بە بەردەوامى پشتیوانى لە تێکۆشانى کوردان دەکەن.

بەرلین

لە ساڵیادى هێرش و داگیرکەریى دەوڵەتى تورک و گروپە چەتەکانى بۆ سەر عەفرین، لە شاری بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیادا چالاکییەکى تر بۆ ئیدانەکردنى ئەو هێرش و داگیرکەرییە ئەنجامدرا.

 

کوردستانیان لەگەڵ نوێنەرانى چەندین رێکخراو و کۆمەڵەى کوردان، تورکەکان و ئەڵمانیا و گەلانى تر لە هەرمانپلاتز کۆبوونەوە و دواى کۆبونەوەیان دەستیان بە رێپێوان کرد.

لە رێپێوانەکەدا پۆستەرەکانى "پاراستنى عەفرین پاراستنى ژیانە"، "ئێمە تورک و چەتەکانیانمان لە وڵاتەکەماندا ناوێت" بەرزکرانەوە.

رێپێوانەکە تاوەکو ئۆرانیپلاتز بەردەوام بوو و بە خوێندنەوەى سرودی "چەرخی شۆڕش" کۆتایى بە رێپێونەکە هێنرا.

هانۆڤەر

لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا و لە بەردەومیى چالاکییەکان بۆ ئیدانەکردنى هێرش و داگیرکەریى دەوڵەتى تورک و چەتەکانى لە عەفرین، رێپێوانێک و میتینگێک ئەنجامدران.

 

باڤێ ئەمر ئەندامى پەیەدە لە هانۆڤەر، جوان چەولیک هاوسەرۆکى ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە هانۆڤەر، یلماز کابا و دەڤریم ئال ئەندامانی بزووتنەوەى ژنانى کورد لە ئەوروپا لە چالاکییەکەدا وتەیان پێشکەشکرد.

لە دواى پێشکەشکردنى وتەکان، جەماوەری گەل بە رێپێوان بەرەو شوێنى دیاریکراو بۆ میتینگەکە بەڕێکەوتن.

لە چالاکییەکەدا راگەیاندرا، گەلی کورد هەرگیز دەستبەرداری عەفرین نابێت و سەرنجیش خرایە سەر گۆشەگیریى قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن بۆ تێکشکاندنى ئەو گۆشەگیرییە.

ر.م