لە ڤیەنا، مونیخ و کۆمبرا دەوڵەتی تورک شەرمەزارکرا

لە شارەکانی مونیخ، و ماربورگی ئەڵمانیا، ڤیەنای نەمسا و شاری کۆمبرای پورتوگال، کوردستانیان و دۆستەکانیان ڕژانە ناو شەقامەکان و هێرشە قڕکەر و داگیرکەری دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد.

ڤیەنا

دوای کۆمەڵکوژکردنی هاوڵاتیە مەدەنیەکان لە سەڕیکانی کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، لە ڤیەنای پایتەختی ڤیەنا بە ئامانجی شەرمەزارکردنی دەوڵەتی تورک خۆپیشاندانێک ڕێکخرا. زۆر کەس بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا کرد و خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی نەتەوەیی نەمسا کۆبوونەوە. ڕیگەی 'ڕینگ' کە ڕێگەی سەرەکی شاری ڤیەنایا لە هاتوچوو وەستێنرا و چالاکی دانیشتن بەڕێوەبرا. خۆپیشاندەران داوایان لە حکومەتی نەمسا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کرد بە زوترین کات هەڵوێستێ نیشانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بدەن.

مونیخ

هەر وەک شارەکانی دیکەی ئەوروپا، کوردستانی و دۆستەکانیان لە شاری مونیخی ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان ڕێکخست و دەوڵەتی تورک شەرمەزار کرد. جەماوەر کە لە ناویاندا ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئەڵمانیاش هەبوو سەرلەئێوارە لە گۆڕەپانی 'ستاچوسپلاتز' کۆبوونەوە و تا گۆڕەپانی 'ماریەنپلاتز' ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

ماربورگ

بە بەشداری ٣٠٠ کەس لە ماربورگ میتینگ و ڕێپێوانێک سازکرا. لە چالاکیەکەدا بە بەردەوامی درووشمی 'بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا' ، 'ئەردۆغان تیروریست' ، سوپای تورک لە ڕۆژئاوا بچنە دەرەوە' وترانەوە.

کۆمبرا

بە ئامانجی پرۆتەستۆکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەم لە شاری کۆمبرای پورتوگال چالاکیەک ئەنجامدرا. لە چالاکیەکەدا کە لە نێوان شەش بۆ هەشتی ئێوارە ڕێکخرا، پەیامی شەرمەزارکردنی دەوڵەتی تورک و پشتگیری بەرخۆدانی ڕۆژئاوایان پێشکێشکرد.

ف.ق