لە ڤیەننا ساڵیادی دامەزراندنی پەیەدە بەرز راگیرا

١٦هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە -PYD) لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا پیرۆز کرا.

دوای خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی تێکۆشانی شۆڕشی ڕۆژئاوا، سینەفزیۆنێک لەبارەی تێکۆشانی پەیەدەوە نیشان درا.

هەریەک لە ڕیڤار دیار دەرار هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) و ئاگری کۆبانێ نوێنەری پەیەدە لە ڤیەننا و ئانتۆن ماندل  سیاسەتمەداری پارتی سۆسیال دیموکراتی نەمسا ئامادەی مەراسیمەکە بوون.

دەرار باسی لەوەکرد، کاتێک لە سوریا شەڕ دەستیپێکرد کورد خۆی ڕێکخست و هەرێمێکی خۆپاراستن و مۆدێلێکی نوێی ژیانیان بونیاد نا.

دەرار ڕاشیگەیاند، گەلانی باکوری سوریا تێڕوانینەکانی ئۆجالانیان جێبەجێکرد و بەو شێوەیە سیستمێکی دیموکراتیکیان بونیاد نا و هەمیشەش لەسەر ڕێبازی ئۆجالان دەمێننەوە.

ئاگری کۆبانێ نوێنەری پەیەدەی ڤیەننا، یادی ئەو سیاسەتمەدارانەشی بەرز ڕاگرت، کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کوژراون.

ئاگری ئەوەشی وت، دوای ئەوەی لە سوریا شەڕ دەستیپێکرد هەندێک حزب بانگەشەی ئەوەیان دەکرد بەناوی کوردەوە سیاسەت دەکەن، بەڵام لەگەڵ چەتەکان هەڵسوکەوتیان دەکرد.

ماندل-یش ئاماژەی بەوە کرد، پشتیوانی لە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیی گەلی کورد دەکەن.

ماندل باسی لەوەشکرد، بەهۆی تێکۆشانەکەیان لەدژی داعش قەرزاری کوردن، هەر بۆیە پشتیوانیی خۆیان بۆ تێکۆشانەکەیان بەردەوام دەکەن.

لە پیرۆزباییەکەدا گرووپی مۆسیقای و هونەریى میدیا، کۆما ڕۆژئاڤا، عەدنان و نەسرین و پەیمان ئارژین چونە سەر تەختەی شانۆ.

پیرۆزباییەکە بە شایى و هەڵپەڕکێ و گۆڤەند کۆتایی هات.

ژ.ت