لە کوردستان و تورکیا گەل ڕژایە ناو شەقامەکان: ئاکەپە کودەتاچییە!

کودەتای ناو پەرلەمانی تورکیا لە زۆر شار شەرمەزارکرا. لە چالاکیەکاندا ئاماژە بەوەدرا کە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە کودەتاچییە و پەیامی بەرخۆدان بڵاوکرانەوە.

مافی پارێزبەندی لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپەی جۆلەمێرگ، مووسا فارسئۆغوللاری پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد و ئەنیس بەربەریئۆغلۆ پەرلەمانتاری جەهەپەی ئەستەنبوڵ دوێنی لێیان سەندرایەوە و لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا هەرسێ پەرلەمانتارەکە دەستگیرکران. لێسەندنەوەی مافی پارێزبەندی پەرلەمانتاران و دەستگیرکردنیان لە زۆر شاری باکووری و تورکیا شەرمەزارکرا.

مێردین

ڕێکخستنی هەدەپەی مێردین بە ئامانجی شەرمەزارکردنی لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری ٣ پەرلەمانتارەکە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا. بەڵام پۆلیسی تورک ڕێگەی نەدا و دەرگای بالەخانەی هەدەپەیان گەماڕۆدا. ئەندامانی هەدەپە دواتر دەستیان بە وتنەوەی دروشمی 'فشارەکان تێکمانناشکێنن' کرد. ساڵح کودای هاوسەرۆکی هەدەپەی میردین، ڕایگەیاند کە ئەو سێ پەرلەمانتارە بە دەنگی گەل هەڵبژێردراون و بەم شێوەیە ناڕەزایی دەربڕی: "ئێمە دەمانەوێت مافی دیموکراتی خۆمان بەکاربهێنن و لێدوان بدەین،" بەڵام هێزەکانی پۆلیس ڕێگەیان نەدا ئەندامانی هەدەپە ڕاگەیەنراوەکەیان بخوێننەوە.

ڕێکخستنی هەدەپەی نسێبینیش لە باڵەخانەی پارتەکە ڕاگەیەنراوێکی خوێندنەوە، ئەندامانی هەدەپە، ناڕەزاییان بەرانبەر دەستگیرکردن و لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری، پەرلەمانتاران دەربڕی و شەرمەزاریان کرد.

شڕنەخ

لە شڕنەخیش بەهەمان ئامانج لەبەردەم باڵەخانەی هەدەپە ڕاگەیەنراوێک بڵاوکرایەوە. لە چالاکیەکەدا پانکارتی 'ئێمە خۆمان ڕادەستی کودەتاچیەکان ناکەین' بەرزکرایەوە. حەسەن ئوزگونەش و نوران ئیمیر پەرلەمانتارانی هەدەپەی شڕنەخ، هاوسەرۆکی شارەوانیەکان، چالاکوانانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد و زۆر کەسی تر بەشداریان لە چالاکیەکەدا کرد.

ئوزگونەش قسەی کرد و رایگەیاند، "بە لێسەندنەوەی مافی پارێزبەندی هەڤاڵانمان، کودەتا ئەنجامدرا. ئێمە لەدژی کودەتاچیەکان دەنگمان بەرزدەکەینەوە. تێکۆشانمان تا گەیشتن بە ئامانج بەردەوام دەبێت. هیچ کاتێک سەرمان دانەنەواند و ئەژنوومان نەخستە سەر عەرز و هیچ کاتێکیش سەرمان دانانەوێنین."

دواتر دروشمی ' بەرخۆدان ژیانە' و 'لەیلا گیوڤەن ئابڕۆمانە' وترانەوە.

ئەدەنە

ڕێکخستنی هەدەپەی ئەدەنەش لە پارکی عابدین دینۆ چالاکی ئەنجامدا و دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی شەرمەزار کرد. هێزەکانی رەنج و دیموکراسی پشتگیریان لە چالاکیەکە کرد. محەمەد کاراکش هاوسەرۆکی هەدەپەی ئەدەنە لە چالاکیەکەدا قسەی کرد و ئاماژەی بە لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری پەرلەمانتاران کرد و وتی،"بە شێوەیەکی نایاسایی مافی پارێزبەندی ٣ پەرلەمانتاریان لێسەندەوە. ئێدی فاشیزم لە بەرزترین ئاستدایە. ئەوان هەرچییەک بکەن، شکستیان نزیک بووەتەوە.

ڕێکخستنی هەدەپەی جەیهانیش، بەهەمان شێوە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی شەرمەزار کرد.

مێرسین

پلاتفۆرمی رەنج و سیموکراسیی مێرسینیش، لە لقی گەنەل ئیشی میرسین کۆنفڕانسی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلیان شەرمەزار کرد.

ئەسکەندەرون

هەدەپەی ئەسکەندەرونیش لە باڵەخانەی پارتەکەیان کۆنفڕانسی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و لێسەندنەوەی مافی پارێزبەندی پەرلەمانتارانی شەرمەزار کرد. هولیا ئاتەش هاوسەرۆکی هەدەپەی ئەسکەندەرون قسەی کرد و وتی،"ئێمە لەدژی ئەم دەستبەسەرداگرتنە بیدەنگ نابین. بە بەرەی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە دەڵێین، لەیلا گیوڤەن و مووسا فارسئۆغوللاری ئێمەین و بە دەنگی گەل هەڵبژێردراون. تێکۆشانیان تێکۆشانی ئێمەیە.

ئەنتاڵیا

ڕێکخستنی هەدەپەی ئەنتاڵیا لە بالەخانەکەی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و لێسەندنەوەی مافی پاریزبەندی پەرلەمانتارانی شەرمەزار کرد. موحسین تاشان هاوسەرۆکی رێکخستنی هەدەپەی ئەنتاڵیا ڕایگەیاند کە ئەوان لەدژی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەل بەردەوامی بە تێکۆشانیان دەدەن.

لە شارەکانی روحا، دیلۆک، سەمسوور، مانیسا، موغلا، ئایدن، ئێلح، ئەستەنبوڵ، چاناکالە و سێرتیش چالاکی ئەنجامدران و ناڕەزایی و تووڕەیی لەبەرانبەر لێسەندنەوەی مافی پارێزبەندی پەرلەمانتاران فراوان دەبێت.

ف.ق