"لە کۆمەڵکوژیی ٣٣ فیشەکدا دەوڵەتی تورک باوکم و دواتر کوڕەکەشمی کوشت"

لە کۆمەڵکوژی ٣٣ فیشەک، باوکی دایە بەدیلە شەهید کرا. بە بیانووی قاچاخچییەتی دەوڵەتی تورک کوڕەکەشی کوشت.

بەدیلە دەمیرباجاکی تەمەن ٨٥ ساڵە، خەڵکی گوندی شەرەفخانەی ناوچەی سارای وانە. باوکی لە کۆمەڵکوژی ٣٣ی فیشەکدا شەهید کرا، کوڕەکەشی لە ساڵی ٢٠٠٦ لە هەمان هەرێمدا بە بیانووی قاچاخچییەتی کوژرا.

بەدیلە دەمیرباجاک کە شاهیدی کۆمەڵکوژیی ٣٣ فیشەکدا باسی بەسەرهاتی خۆی کرد.

'لە دەوڵەت نابوورم'

لە تەمموزی ساڵی ١٩٤٣دا، لە کۆمەڵکوژی ٣٣ فیشەک کە بە فەرمانی ژەنەڕاڵی تورک مستەفا موگلال بەڕێوەچوو، 'مەمی'ی باوکی شەهید کرا.

دەمیرباجاک ماوەیەکی درێژ ئازاری بێ باوکی چەشت و هەرگیز ئەو ڕووداوەی لەبیر نەکرد. لە ساڵی ٢٠٠٦دا بە بیانووی ئەوەی بازرگانی لە سنوور کردووە، کوڕەکەی بەناوی جەمیل لەلایەن سەربازە تورکەکان کوژرا. بەدیلە دەمیرباجاک بەو تەمەنە ٨٥ ساڵییەوە زۆر ئازاری چەشتووە. دەمیرباجاک باسی لەوە کرد، دوای کۆمەڵکوژیی ٣٣ی فیشەک، ئەفسەرێکی تورک بەناوی حەسەن هەڵیکوتایە سەر گوندەکەیان و گریانی لێ قەدەغە کردن و نەیهێشت شینەکەیان بگێڕن. دەمیرباجاک ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورک زوڵمی لێیان کرد، بۆیە لە دەوڵەت نابوورێت.

'دەیبەن هەفتەیە لێی دەدەن'

دەمیر باجاک کە لە کاتی کۆمەڵکوژییەکە تەمەنی ١٠ ساڵ بووە و ئێستا دایکی ٤ منداڵە، وتی: "شەوێک باوکی من و خەڵکی گوندەکەیان بردن. پێشتریش لە گوندەکان زوڵمێکی گەورە هەبوو. باشچاوەش و سەربازەکان بەردەوام هەڵیاندەکوتایە سەر گوندەکان و لەپیاوانی گوندەکەیان دەدا. لەبیرمە، ئەوکاتە دایکم چاوی دەهێشا و دەبوایە بچێتە دکتۆر. من پێم وت 'با باوکم بتباتە دکتۆر' ئەویش پێی وتم 'کچم باشچاوەش دەیانبات و تا بەیانی لێیان دەدا، بۆیە ناتوانێت من بباتە نەخۆشخانە'. ناوی باوکم مەمی بوو. جارێکیان، دوای ئەوەی لە باوکمیان دا هێنایانەوە ماڵەوە ، هەموو گیانی برین بوو. دایکم کە دەیوت چاوی زۆر دێشێت، باشچاوەش قاقایەکی لێدا و وتی: 'هاوسەرەکەت لێرەیە با بتباتە نەخۆشخانە'. دایکم زۆر تووڕە بوو پێی وت: 'تۆ هەفتەیەک هاوسەرەکەمت بردووە و لێت داوە چۆن من بباتە دکتۆر'

لەبیرمە، کە ١٥ -  ٢٠ ڕۆژ ٣٣ کەسیان لە سارا هێشتنەوە، لەوێ خستنیانە ژوورێکی بچوک. کاتێک دەگریاین باوکم دەیگوت، 'مەگرین، دوای ٣ – ٤ ڕۆژێک بەرمان دەدەن'. نەماندەزانی ئەوان دەکوژن. بەردەوام دەچووینە سەردانیان. پەتوو و خواردنمان بۆ دەبردن. جارێکیکان ئێمە ٤٠ ژن و منداڵ ڕوومان لە سارای ناوچەی وان کرد. کاتێک لە سارای نزیک بووینەوە، تیمێکی سەربازی ڕێگەیان لێ گرتین و ویستیان بگەڕێینەوە گوندەکەمان. کاتێک پێمان وتن 'دەمانەوێت خواردن بۆ گیراوەکان ببەین'، پێیان وتین 'ئەوان هەموویان کوژراون'. لە دەوروبەری گۆلی ئێنگز سەربازەکان گەمارۆیان داین. بەردەوام یەکینە سوارەکان تێدەپەڕین و سروودیان دەوتەوە. هەتا ئێوارە سەربازەکان پێیان وتین، 'بڕونەوە گوندەکەتان'. ویستمان تەرمەکانیان وەرگرینەوە، بەڵام وتیان 'قەدەغەیە'. ویستمان بۆ دواجار تەرمەنکانمان ببینین، بەڵام وتیان 'ئەوەش قەدەغەیە'. ئەو ناوچەیەی کە ٧٠ ساڵە تەرمەکانی تێدایە بە تەل گەمارۆ دراوە، ناهێڵن بچینە ئەو ناوچەیە".

بەدیلە دەمیرباجاک ئاماژەی بەوەش کرد دەوڵەت هەم باوکی و هەم کوڕەکەشی کوشتووە و وتی: "دەبێت دەوڵەت داوای لێبوردنمان لێ بکات لە بەرانبەر ئەو کۆمەڵکوژییە"

ک-ش