لە کۆپنهاگ و هامبورگ و بەرلین چالاکى بۆ "ئازادیى ئۆجالان" ئەنجامدران

لە ئەوروپا ئەنجامدانی چالاکییەکان بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەردەوامییان هەیە.

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شارى کۆپنهاگی پایتەختى دانیمارک، لە بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا و شاری هامبورگ چالاکییان بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجامدا و سەرنجەکانیشیان راکێشایە سەر گۆشەگیریى قورس لەسەر ئۆجالان.

کۆپنهاگ - دانیمارک

لە شاری کۆپنهاگی پایتەختى دانیمارک چالاکییەک بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد ئەنجامدرا. چالاکییەکە لە کاتژمێر ١٧:٠٠ دەستیپێکرد و چادرا هەڵدرا. لە چالاکییەکەدا راگەیاندراو بڵاوکرایەوە و لافیتەى "ئازادیى بۆ ئۆجالان" و وێنەکانى ئۆجالان بەرزکرانەوە.

چالاکییەکە بە وتنەوەى دروشمەکانى "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ئازادی بۆ ئۆجالان" کۆتایى پێهات.

هامبورگ – ئەڵمانیا

لە چوارچێوەى کەمپەینى "ئازادى بۆ ئۆجالان" لە شارى هامبورگی ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەکى جەماوەرى رێکخرا و خۆپیشاندان ئەنجامدرا. هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکەدا لە وێستگەى ناوەندیى شەمەندەفەری کۆپنهاگ، بارانێکى زۆر دەستیپێکرد و بەهۆى بارینى بارانى زۆرەوە خۆپیشاندەران گەڕانەوە بۆ شوێنى کۆبوونەوە جەماوەرییەکە.

لە چالاکییەکدا ژمارەیەکى زۆر لە کوردستانیان بەشدارییان کرد. هەروەها بە نوێنەرایەتیى ئەنجوومەنى ژنانەوە رۆژبین ئانژا فلاج و بورهان کۆجامان بە نوێنەرایەتى هەدەکە لە هامبورگ وتەیان پێشکەش کرد.

لە وتەکاندا سەرنج خرایە سەر پرۆژەى کۆنفیدراڵیزمى دیموکراتیکى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد، کە لەم ساڵانەى دوایدا لە رۆژئاوا و بە تایبەتى لە باکووری سوریا چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە. لە وتەکاندا ئەوەش راگەیاندرا، دەیانەوێت بە گۆشەگیریى سەر ئیمراڵى لەمپەر بۆ فەلسەفەى ئازادیى ئۆجالان بگرن، کە پێشیخستووە بۆ ئازادیى کوردستان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

لە چالاکییەکەدا راگەیاندراو بە زمانى ئەڵمانى بڵاوکرایەوە و بە وتنەوەى دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" چالاکییەکە کۆتایى پێهات.

بەرلین – ئەڵمانیا

لە شارى بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر ئۆجالان چالاکییەک ئەنجامدرا.

لە چالاکییەکەدا راگەیاندراو بە کوردی و ئەڵمانى بڵاوکرانەوە و وتە پێشکەش کران و لە وتەکاندا ئەو خرایەڕوو "دەبێت بۆ شکاندن و نەهێشتنى ئەو گۆشەگیرییە، ئێمەى کوردستانی بە تایبەتى و هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە گشتی بکەونە جموجوڵ و تێکۆشان. تاوەکو گۆشەگیریى تێکنەشکێنرێت نە کوردستان ئازاد دەبێت و نە فاشیزمیش لە تورکیا کۆتایى پێدێت. بۆیە تاوەکو ئازادیى ئۆجالان چالاکییەکانمان بەردەوامییان دەبێت".

نوێنەرانى رێکخراو و دامەزراوە کوردییەکان باسیان لەوە کرد، چالاکییەکانیان بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد بەردەوامییان دەبێت.

ر.م