لە گرتووخانەی تارسوس چی روودەدات؟

لقی مێریسنی-ی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لەبارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە گرتووخانەی تارسوس راپۆرتێکی ئامادە کرد.

لقی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهادە- IHD)ی مێرسین، راپۆرتێکی لەبارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە گرتووخانەکانی (T1،T2،T3) و گرتووخانەی گرتووخانەی ژنان کە لە کامپووسی گرتووخانەی تارسووسی مێرسینن، بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. راپۆرتەکەی ئیهادە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ دەستگیرکراوان، نامەی دەستگیرکراوان و سەردانی کەسوکاریان پێکدێ لە بینای کۆمەڵەکە لە کۆبوونەوەیەکدا ئاشکرا کرا. نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان و لایەنە سیاسییەکانیش بەشداری کۆبوونەوەکە بوون. هاک دەمیر سەرۆکی لقی مێرسینی کۆمەڵەکە راپۆرتەکەی خوێندەوە.

'مرۆڤ شەرم لە مرۆڤایەتی خۆی دەکات'

دەمیر بۆ دۆخی گرتووخانەکانی تارسووس و ئەوەی لەوێ روودەدات وتی: "مرۆڤ شەرم لە مرۆڤایەتی خۆی دەکات. لەو رۆژەی کە گرتووخانە دروست کراوە هەتا ئێستا، مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن. لەدژی ئەو پێشێلکارییانە بێدەنگ نابین. داوا لە لایەنە سیاسی و رێکخراوە مەدەنییەکان بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بکەن. ژمارەی دەستگیرکراوەکان رۆژ بەرۆژ لە وڵات زیاتر دەبێت و تورکیا بووەتە گرتووخانەیەکی سەر کراوە. رۆژانە سەردانمان دەکرێت و زانیاری تازە لەبارەی دۆخی خراپ و ئەشکەنجە دەدرێتە کۆمەڵەکەمان. ئەو پێشێلکردنەی مافەکان نیشان دەدات کە دیموکراسی تورکیا لە چ ئاستێکدایە".

بانگەوازیان بۆ لێژنەی پەرلەمان کرد

دەمیر پێشلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤی لە گرتووخانەی تارسووس یەک بە یەک خوێندەوە و بانگەوازی بۆ لێژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکیا کرد و داوای کرد بە دەنگیانەوە بێن و سەردانی دەستگیرکراوەکان هەڵبسەنگێنێت.

ز.ش