لەم هەفتەیەدا ١٥هەمین کۆنفرانسى کورد لە پەرلەمانى ئەوروپا بەڕێوەدەچێت

لە رۆژانی ٥ و ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / ١٤ و ١٥ی سەرماوەز، ١٥هەمین کۆنفرانسی کورد لە پەرلەمانى ئەوروپا بەڕێوەدەچێت.

کۆنفرانسەکە هەموو ساڵێک بە هاوبەشی لەلایەن کۆمسیۆنى وڵاتانى یەکێتیى ئەوروپا و تورکیا (EUTCC)، کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە - KNK)، ئەنستیتۆی کورد لە بروکسل و تۆڕی ئاکادیمیسییەنانی کورد (کورد ئاکاد - KURD-AKAD)ەوە  رێکدەخرێت.

 چەندین دامەزاروە و رێکخراو و حیزب و هێزى سیاسی و کۆمەڵایەتى پشتیوانى لەو کۆنفرانسەکە دەکەن. یەکێتیى چەپ / سەوزی یەکێتیى چەپی ئەوروپای باکوور (GUE/NGL)، هاوپەیمانیى پێشکەوتوخوازی سۆسیالیست – دیموکراتیک (S&D)ەوە پشیتوانى لە کۆنفرانسەکە دەکرێت.

ئەو کەسایەتییە نێودەوڵەتییانەى کە پشتیوانى لە کۆنفرانسەکە دەکەن بریتین لە: دێسمۆند توتو براوەی خەڵاتى نۆبڵی ئاشتی و خەڵکى ئەفریقای باشوور، شیرین عێبادی براوەى خەڵاتى نۆبڵی ئاشتی و خەڵکی ئێران، بیانکا جاگر باڵیۆزی نیازپاکیى ئەنجوومەنى ئەوروپا و سەرۆکی ئەنجوومەنى مافی مرۆڤی بەریتانیا و خەڵکى نیکاراگوا، نوام چۆمسکی نووسەر و پرۆفیسۆری ئەمریکی، لەیلا زانا براوەى خەڵاتى ساخارۆڤ لە پەرلەمانى یەکێتیى ئەوروپا.

کۆنفرانسەکە وەک ساڵانى پێشتر بۆ ماوەى ٢ رۆژ بەردەوام دەبێت. ١٥هەمین کۆنفرانسى کورد لە پەرلەمانى ئەوروپا بە ناونیشانی "یەکێتیى ئەوروپا، تورکیا، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و کورد" رێکدەخرێت و تیایدا بە زۆری گفتوگۆ لە چوارچێوەى بەشی "فاکتۆری کورد لە ناو سیاسەتى جیهانی، قەیران، کێشە و چارەسەری" دا دەکریت.

ژمارەیەکى زۆر لە مافناسان، سیاسەتمەداران و نوێنەرانى رێکخراوەکانى کۆمەڵى شارستانى لە تورکیا، کوردستان و ناوچە جیاجیاکانى جیهانەوە بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن و بابەت پێشکەش دەکەن.

ر.م